ئەرکی پارتی وەک حزب و لەناو حکومەت لە ئێستادا

ئەرکی پارتی وەک حزب و لەناو حکومەت لە ئێستادا

پارتی هەر لە سەرتای دامەزراندن و دەستپێکی کاری سیاسی و رێکخراوەیی و پێشمەرگانەی وەک حزبێکی کوردستانی و خاوەن ئەجێندای سیاسی تایبەت بە خۆی دەرکەوت، لە سەرەتای ئەو دەرکەوتنەوە تا ئێستاش بە گژداچوونەوەی ژێردەستەیی و خەبات لە پێناو بەدەستهێنانەوەی ماف و ئازادیە زەوتکراوە نەتەوەییەکان و سەربەخۆیی کوردستانی وەک ستراتیج لەو کارنامە سیاسییەدا جێ کردەوە، ئەوەش بەلای داگیرکارانی کوردستانەوە بەزاندنی ئەو هێڵە سوورە بوو کە پێیانوابوو نابێ ببەزێندرێ، ئیتر لەو کاتەوە خەباتی پارتی بۆ بەدەستهێناەوەی ماف و ئازادیە نەتەوەییەکان و ئامانجی سەربەخۆیی کوردستان و دژایەتی کردنی سیاسەتی داگیرکاری داگیرکاران و دوژمنان و درێژەدان بەو داگیرکارییە بوونە کار و کاردانەوەی نێوان ئەوان و پارتی، هەر لەو کاتەوە تا ئێستاشی لەگەڵدابێ یەکێک لەو رێگایانەی داگیرکارانی کوردستان هەم وەک کار و هەم وەک کاردانەوە گرتیانە بەر، بێ بەها کردنی خاک و بە سووک سەیرکردنی رەمز و پیرۆزیە نەتەوەیەەکان بوو، چونکە دەیانزانی بەهای خاک لای پارتییە و پارتیش لە پێناو بەرگری و پارێزگاری لە رەمز و پیرۆزییە نەتەوەییەکان دامەزراوە، جا دوژمنان پییانوابوو چەندی بتوانن خاک بێ بەها و رەمزو پیرۆزییە نەتەوەییەکان سووک بکەن، ئەوەندە متمانەی نێوان پارتی و جەماوەریان لاواز کردووە، ئەو ئەرکەشیان بەو کەس و دەستە و گرووپانە سپارد کە بوون و دەستکەوتی تایبەتی خۆیان پێش بوون و دەستکەوتی کورد دەخست، لەوەشدا تا ئاستێکی باش ئامانجیان پێکاوە، ئەوەش لە کاتێکدا ئەمە پێچەوانەکەی راستە.
ئەگەر دوور لە لایەنداری حزبی و سیاسی ئەو راستییەی سەرەوە لەگەڵ کارنامەی سیاسی ئەمڕۆی ئەو کەس و دەستە و گرووپانە لەبەریەک رانێین، لە هەر شوێن و لە هەر بۆنەیەکدا باسی بەها و خۆشەویستی خاک و رەمز و پیرۆزیە نەتەوەییەکان بکرێ، وەک تاوان دەیدەنە پاڵ پارتی و بە دوژمنی خۆیانی دەزانن و دەیدەنە بەر رێژنەی پەلاماری ئیرهابی فکیری، خۆیشیان وەک فریادڕەسی کورد و پارێزەری کوردستان ناودەبەن و پارتیش بە تاوانبار و خیانەتکار، لەوەشدا مەبەستیان نەهێشتنی متمانەیە لە نێوان پارتی جەماوەر، چونکە تەنها لەو رێگەیەوە دەتوانن بوون و مانەوەی خۆیان مسۆگەر بکەن.
لێرەوە ئەرکی پارتی وەک حزب و لەناو حکومەتیش ئەوەیە چۆن رێگە لەو هەوڵەی ئەوان و پێش بەو ئیرهابە فکری و چەواشەکاریە بگرێ، کە لە پێناو رشتنی کۆنەقین و بەدستهێنانی دەستکەوتی تایبەتی و جوانکاری حزبی و جێبەجێ کردنی ئەوەی دوژمنانی کورد پێیان دەسپێرن، ئامادەن خۆشەویستی خاک بێ بەها بکەن وەک کردوویانە و پەلاماری هەموو رەمز و پیرۆزیە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانیش بدەن وەک داویانە.
Top