لەکرۆناوە فێری چی زیاتر بوین؟

لەکرۆناوە فێری چی زیاتر بوین؟
هاتنی هەردەردوبەڵایەک بەهەرهۆکارێک بێت گومانی تێدانیە حیکمەت و پەندو وانەشی لەگەڵ خۆیدا دێنێت بۆیە لەهاتنی ڤایرۆسی کرۆناوە چەند وانەیەک بەبیرمان دێنێتەوە کە بۆ ژیانی ڕۆژانەی هەموومان هەر پێویستیە
لەوانە لەکرۆناوە زیاتر فێربوین کە ئەم ڕاگرتنی پاک و خاوێنیە بەم شێوازەی ئێستا خۆ پێش کرۆناو دوای کرۆناش هەر گرنگە با کرۆناش نەبێت فێربوین کە هەمووکاتێک دروست بەم چەشنەی ئێستا پاک و خاوێنی گرنگەو هەمووکاتێک ژیانی ئێمە دەبێت تەندروستانە بەڕێی بکەین حیکمەتێکی تر جۆری خواردنەکانمانە دیارە پێش کرۆنا زۆربەمان جۆرەها خواردنمان لەشوێنی جیاواز دەخوارد کەلەڕاستی دا تەنها بۆ تێربون بوو ،بێ ئەوەی گوێ بەوە بدەین کە لەڕووی تەندروستیەوە ئەم خواردنە سودی چی یەو زیانی چی یە کەنەدەبوو وابێت یان لە شوێنەگشتیەکان لە چێشتخانە و لەسەرعەرەبانەو چا خواردنەوەو پیاڵەی ئەم و ئەو بۆ یەکترو بێ ئەوەی گوێ بەوە بدەین کێ نەخۆشەو کێ ساغە لەشتی یەکتردا شت دەخوراو بەکار دەهێنرا ، ڕەنگە ئێستا پرسیار بکەن خۆجاران کاتی خۆی هەر وابووە هەموان یەک سفرەو قاپ و قاچاخمان هەبووە دەڵێم بەڵێ وابوە بەڵام ئێستا ئەو دەمە نەماوە کۆمەڵگەکان زیاد بوون دانیشتوان زیادبون نەخۆشیش زیاد بووە دنیا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە ،دەبێت خۆمان لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییە نوێیانە بگونجێنین تەنانەت خواردنەکانی ئێستاشمان گۆڕاوە ئیتر چۆن نەخۆشیش خۆی ناگۆڕێت بۆ دۆخی خراپتر‌ ، حیکمەتێکی تر لەم دەردە هەندێک نەریت بوو کە بەڕاستی زیادەڕۆیی تێدا دەکرا لەوانە تەوقەو ماچ کردن ڕۆژی واهەبوو لەنێوان هاوڕێکان لە ڕۆژێکدا بەقەد ژمارەی سڵاوەکان ئەملاولای یەکتریان ماچ دەکرد یاخود بەکارهێنانی کەلوپەلی یەکتر جگەرەی یەکتر جلی یەکتر کڵاوی یەکتر ، بۆیە دەکرێت لەم دەردەوە ئەمانە کەم بکرێتەوە ڕەنگە بۆ سودی گشتی هەموان باش بێت ، وانەیەکی تر لەم دۆخەوە فێربوین ئێمە پێویستە ڕێز لە حکومەتی خۆمان بگرین لە دام و دەزگاو شوێنە خزمەت گوزارییەکان چونکە ئەوانە موڵکی خەڵکن و لەکاتێکی وەک ئەم کاتەدا قەدریان دەزانین و پێوستە هەمووکاتێک گوێڕایەڵی لە ڕێنماییەکانیان بکەین ،
وانەیەکی تر کەفێربوین ئەوەیە چی دی کە پێویست ناکات بۆ نیشاندانی هێزو کاروبارەکانمان هەوڵبدەین زۆرترین قەرەباڵخی بەخەڵک دروست بکەین یان بۆ بۆنەیەکی گشتی یان یادکردنەوەیەک یان شتێکی میللی یان بۆ هەرشتێکی تر خەڵکی بکەینه قوربانی چونکە نەخۆشی و ڤایرۆس هەمووکات هەیە ڕەنگە لەناو بۆنەیەکدا
لەناو هەزار کەسدا یەک کەس نەخۆش بێت دەبینین ئەوانی تریش توش دەکات یانی دەکرێت ڕێگایەکی تر یان پارێزبەندی بدۆزینەوە بۆ تێکەڵاوکردنی خەڵکی لەبۆنەکاندا یان سود لە پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا وەربگرین بۆ گەیاندنی پەیامەکانمان وە دەشگات بێ ئەوەی قەرەباڵخی دروست بکەین و زیان بەکەس بگەیەنین ،
بابەتێکی تر پابەندییە ئاینیەکانمانن کە دەکرێ و کراش لەکاتی پێویست ئەم تێکەڵاوییە کەمتر بکرێتەوە لەپێناو پاراستنی مرۆڤ وەک بینیمان ماڵی خودای گەورەش کەعبە چۆڵکرا کێشەیەکیش دروست نەبوو، بۆیە دەبێت چی لەخزمەتی مرۆڤایەتی دابێت ئێمەی موسڵمان دەست پێشخەربین بۆئەوەی وڵاتمان لەهەموو بەڵایەک بپارێزین ،
وانەیەکی تر ئەوەبوو فێربوین بۆ پاراستنی تەندروستیمان پێویست بەشەرم کردن ناکات بەکارهێنانی دەمامک و دەست کێش هەموو کاتێک شتێکی باشە نەک تەنها ئێستا
پاشان بەکارهێنانی چەتری سەر لەهاویندا بۆ پاراستن لەتیشکی زیادەی خۆر یان زۆر شتی تر کە خەڵکی بەچاوی نامۆ سەیریان دەکات دەکرێت لەم هاتنی ڤایرۆسی کرۆناوە وانەوحیمکەتی لێوەربگرین .

بەهیوای سەلامەتی هەموولایەک .

Top