لە یادەوەریەکانی کۆڵەپشتی پێشمەرگایەتیمدا

لە یادەوەریەکانی کۆڵەپشتی پێشمەرگایەتیمدا

بەشی پێنجەم
لە ساڵی ١٩٨٩و بەر لە راگواستنی پشدەر سەباحی شەهید بایز عەبدوڵا کە لە سنووری لیژنەی ناوچەی سلێمانی پێشمەرگە بوو، هات بۆ ناوچەی قلادزێ و داوای کرد بۆ ئەنجامدانی ئەرکێکی حزبی لە گەڵیان بێمە ناو شار، شەو بە دۆڵی زەندان و خڕی دوبێ کە بە رێگای مەرگ ناودەبرا بەرەو قەڵادزێ کەوتینە رێ، کاک سەباح دوو پێشمەرگەی تری لەگەڵ بوون بە ناوەکانی عومەری مەلا عەبدولی مەرگە و محەمەد چاوشین، بەر لەوەی بەڕی بکەوین کاک سەباح گوتی: ئەو برادەرەش پێشمەرگەی یەکێتییە و ناوی (دکتۆر لەتیف)ە ئیشی تایبەتی خۆی هەیە و داوای کردووە کە لەگەڵمان بێت، منیش گوتم: دەیناسی؟ سەباح گوتی: بەڵێ برادەر و ناسیاومە، گوتم: ئاساییە مادام پێشمەرگەیە و ناسیاوە با بێت.
کەوتینەرێ و کە نزیک بووینەوە بەهۆی مەترسی بوونی بۆسەی دوژمن نەمانتوانی بچینە ناو شاری قەڵادزێ، بڕیارماندا بچینە ژاراوە و ماڵی ئەنوەر ئەحمەد ناسراو بە (ئەنوەری ئەحمەد قومبەلە) دیاری کرد، لەگەڵ نزیک بوونەوەمان لە ژاراوە کاک سەباح گوتی: کاک ئەنوەر کێشەی دوژمنداری هەیە و بەو شەوە ناوەختە ناتوانین بچینە ماڵی ئەو، هیچ چار نەما بڕیاماندا بچینە چۆمی برایماوا کە دەکەوێتە خوار ژاراوە، لە کاتی پەڕینەوەمان لە رێگای سەرەکی نەمزانی پێشمان رەبایەی دوژمنە و کاتێکم زانی رەبایەی دوژمن بە دووری دووسەد مەترێک لە پێشم دەرکەوت، خۆم مات کرد و ئیشارەتی برادەرانیشم کرد خۆیان مات بکەن، زیاتر لە پەنجا مەتر لەسەر زگ رۆیشتم تا لە رەبایەکە ون بوومەوە و چووینە چۆمی برایماوا.
بۆ بەیانیەکەی لەگەڵ دنیا رووناک بوو بە محەمەد چاوشینمان گوت: چەکەکەت دانێ و بەبێ چەک بچۆ ماڵی کاک ئەنوەر و با بەدواماندا بێت، دوای ماوەیەک کاک ئەنوەر بە سەیارە گەیشتە لامان و بە قاچاغە رێیەدا بردنیە ناو ژارەوە و ماڵی خۆی، ئەو رۆژە لە ماڵی کاک ئەنوەر ماینەوە، بۆ شەوەکەی بە کاک ئەنوەرم گوت: لە قەڵادزێ هەندێ ئیشی حزبیم هەیە و من دەچم بۆ قەڵادزێ و با برادەرانیش ئیشی خۆیان تەواو بکەن تا دەگەڕێمەوە، کاک ئەنوەر گوتی: بەیانی بە سەریارە دەتبەم بۆ قەڵادزێ، منیش گوتم، ئەی سەیتەرە؟ گوتی: رژێم لێبووردنی گشتی دەرکردووە و ئەوانەی خۆیان تەسلیم کردۆتەوە مۆڵەتی مانگێکیان پێدراوە و مۆڵەتنامەکەش بێ رەسمە و تەنها ناوی نووسراوە.
بۆ بەیانیەکەی ناردی بە دوای کاک ئەبوبەکر شێخەدا کە خۆی تەسلیم کردببوو، مۆڵەتنامەکەی لێوەرگرتوو گوتی: ئەوە مۆڵتەکە و تۆ ناوت سوورە مەرگەیی نییە و ناوت ئەبوبەکر شێخەیە و ناوی سیانی تازەت لەبیر نەچێ، ئیتر چووینە قەڵادزێ و لەبەر دەرگای ماڵی عەباس حاجی حەمەڕەش کە سەر بە رێکخستنەکانی خۆمان بوو دابەزیم و گوتم: کاک ئەنوەر دووبەیانی بە دوامدا وەرەوە، لە کاتی خۆیدا بە سەیارە بە دوامدا هاتەوە و لە سەیتەرەی (جۆمی قوڕێ) ئینزاباتێک داوای کرد لەگەڵ خۆمان بیهێنینە ژاراوە، کاک ئەنوەر گوتی سەرکەوە و ئەویشمان لەگەڵ خۆمان هێنا، لە رێگا کاک ئەنوەر گوتی: کاک ئەبوبەکر شێخە حەزناکەی ئەو برادەرە لەگەڵ خۆت بەری بۆ سەرێ، مەبەستی ئینزاباتەکە بوو، لە کۆتاییدا دەمەوێ ئەوەش بڵێم کە ماڵی کاک ئەنوەر ئەحمەد قومبەلە پەناگەیەکی جێگای دڵنیایی بوو بۆ پێشمەرگەی هەموو لایەنەکان بەبێ جیاوازی، هەرچەندە کە خۆی سەر بە رێکخستنەکانی یەکیتی نیشتیمانی بوو.
Top