چۆن مەڕ پێ لە بەرخی خۆی نانێ، عێراقچییەکانیش پێ لە عێراقیبوونی خۆیان نانێن

چۆن مەڕ پێ لە بەرخی خۆی نانێ، عێراقچییەکانیش پێ لە عێراقیبوونی خۆیان نانێن

کورد دەمێکە گوتوویەتی: مەڕ پێ لە بەرخی خۆی نانێ، ئەوە پەندێکی پێشینانە و ئەگەر کەسێک گومانی لە راستی ئەو پەندە کوردییە هەیە، من بە بەڵگەی سیاسی دەیسەلمێنم کە چۆن گوتراوە راستە و هیچ گومانی لەسەر نییە.
عێراقچییەکان دەیانگوت: سیستەمێکی هاوشێوەی سیستەمی (بەغا)مان دەوێ، ئێستا روون و ئاشکرا دەرکەوتووە کە سیستەمی بەغا سیستەمی میلیشیا و مەرجەع و دەست وەردانی هەرێمی و نێودەوڵەتییە، کەچی تەمبێ نەبوون و پێیانوایە سیستەمێکی سەرکەوتووە و دەبێ کوردیش خۆی تەقلیدی ئەو سیستەمە بەغاییە بکات.
عێراقچییەکان دەیانگوت: حکومەتی عێراق لە حکومەتی هەرێم دیموکراتی ترە، خۆپیشاندانەکانی عێراق و فەرهەنگی مەزهەبی و تایەفەگەری سەلماندییان کە بوونی دیموکراتی لە عێراق وەک ئەوەیە بەستە بۆ نەبیست بڵێی و ئەڵماس و زێر پیشانی نابینا بدەی، کەچی هێشتا پێیانوایە عێراق لە دیموکراتی بکەیەوە هیچ مانایەک بۆ دیموکراتی نامێنێ.
عێراقچییەکان دەیانگوت: لە عێراق ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی و شەفافیەت هەیە، کەچی بەغدای پایتەخت و بەسرەی خاوەن نەوت و رێڕەوی بازرگانی سەلماندییان، کە ئەوەی لە رابردوو عێراقچییەکان دەگوت رشتنی رق و کینە بووە بەرامبەر کوردایەتی و هزر و بیری سەربەخۆیی، لەگەڵ ئەوەشدا دەستبەرداری رق و کینە نابن و بەردەوام بەسەر کوردایەتی و هزر و بیری سەربەخۆییدا دەڕشێنەوە.
لە کاتی درووستکردنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دیجلە و هەڕەشەی نوری مالیکی بۆ هاتنەوە هەولێر و سلێمانی و دهۆک و هەڵوێست وەرگرتنی سەرۆک بارزانی بۆ بەرگری کردن لە کورد و دەستکەوتەکانی، عێراقچییەکان بۆ چەواشە کردن و بەلاڕێدا بردنی رای گشتی کوردستانی و خافڵگیرکردنی خەڵکی کوردستان و شاردنەوەی نێت خراپی بەغدا، دەیانگوت: بارزانی کێشەی شەخسی لەگەڵ نوری مالیکی هەیە، ئێستا و دوای ئەو هەموو رووداوانە دەستبەرداری عێراقیبوون نەبوون و بێ گەڕانەوە بۆ کارەساتەکانی مێژوو و چاو هەڵبڕین بۆ داهاتوو، بوونە رێژەی نەگۆڕ و لەسەر هەڵوێستی عێراقیبوونی خۆیان سوورن و پشت لە کوردستان حەسرەت بۆ عێراقیبوون هەڵدەکێشن.
عێراقچییەکان زۆر وێنای تریان لەسەر جوانی عێراق پیشان داین و وایان بانگەشە دەکرد کە چارەسەری پرسی کورد و کۆتایی نەهامەتیەکانی خەڵکی کوردستان، لە عێراقیبوون دایە و بە جیا بوونەوە لە عێراق کورد گۆڕی خۆی هەڵدەکەنێ و هەمووشیان درۆ بوون، کەچی هێشتا تەمبێ نەبوون و دەیانەوێ هەتا سەر بە درۆ و گەوجاندن ململانێ لەگەڵ راستییە مێژووییەکانی دەیان ساڵەی کارەسات و نەهامەتیەکانی عێراقیبوونی کورد بکەن.
ئێستا دەرکەوت کە هیچ گومانێک لەسەر ئەو پەندە کوردییە نەما کە دەڵێ: مەڕ پێ لە بەرخی خۆی نانێ، عێراقچییەکانیش عێراقین و بەرژەوەندییان لە عێراقیبوون دایە و هەرگیز پێ لە عێراق و عێراقیبوون نانێن، بۆیە ئەگەر لە کاتی گوتنی ئەو پەندە کوردییە کورد عێراقی بووایە، هیچ گومانم لەوە نییە کە ئەوکات دەیانگوت: عێراقچییەکان پێ لە عێرقیبوونی خۆیان نانێن.
Top