عێزەدین قەرە محەمەد کێ بوو؟

عێزەدین قەرە محەمەد کێ بوو؟

زۆرن ئەوانەی لە ئازایەتیدا دەگەنە لوتکە و هەر لەو لوتکەیەشەوە بەدەم روانین لە پێدەشتی سەربەخۆیی و ئازادی و بەختەوەری گەلەکەیان گیان دەبەخشن و سەر دەنێنە سەر سەرینی نەمری، یەکێک لەو ئازایانەی کە ئازایەتی پێی سەرسام بوو و لە ئازایەتیشدا گەیشتە لوتکە و لەو لوتکەیەشەوە بەدەم روانین لە پێدەشتی سەربەخۆیی و ئازادی گەلەکەی گیانی بەخشی و سەری کردە سەر سەرینی نەمری، عێزەدین قەرە محەمەد بوو.
عیزەدین قەرە محەمەد لە ساڵی ١٩٤٤و لە گەڕەکی ئیمام قاسمی شاری گڕ و دڵ لە خێزانێکی هەژار و کەم دەرامەت لە دایک بووە، هەر لە منداڵییەوە ئازایەتی و کوردایەتی لە ناوچاویدا بەدی کراوە، بەرە بەرە لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنی بە ئازارەکانی کورد و داگیرکراوی وڵاتەکەی ئاشنا دەبوو، هەر ئەوەش وایکردووە کوردایەتی بە تاکە دەوا و دەرمانی بنبڕکردنی ئەو ئازارە و رزگارکردنی وڵاتەکەیی و گەیشتن بە مافی سەربەخۆیی بزانێ.
لە دوای شۆڕشی ١٤ی تەموز دەچێتە ناو یەکێتی قوتابیانی کوردستان و لەگەڵ دەسپێکی شۆڕشی مەزنی ئەیلول چەکی بەرگری کردن لە کوردستان دەکاتە شانی، لەبەر ئازایەتی بە خێرایی پلەکانی بەپرسیارێتی دەبڕێ تا دەگاتە بەرپرسی بەتالیۆن و لە شەوی ١ی ئەیلولی ساڵی ١٩٧٤ لە داستانێکی کەم وێنەدا لە پشدەر شەهید دەبێ.
شەهید عێزەدین قەرە محەمەد شۆڕشێک بوو لە ئازایەتی و بەرخودان و بڕوا بەخۆبوون، قەڵایەک لە ورە و هێزێک بوو سەرکەوتن بە پیریەوە دەهات، هەر بۆیەش کاتێک باس لە داستان و چالاکییە دوژمن تاسێنەکانی دەکرێ ئاسان نییە قەڵەم لە ئاستیدا نەوەستێ، ئەوەی من لێرەدا مەبەستمە بیڵێم: زۆر منداڵ بووم و لە ساڵی ١٩٦٩ بە ناوی ئەو شەهیدە قارەمانە ئاشنا بووم، ئەویش دوای ئەوەی لە پایزی ئەو ساڵەدا رژێم ویستی هێزی خۆی بەرامبەر بە هێزی پێشمەرگە تاقی بکاتەوە، ئەوەبوو جەیش و جاشێکی زۆر هێرشیان هێنایە سەر بەری مەرگە و تا شارۆچکەی مەرگەشیان داگیر کرد، دوای ئەوە لە هێرشێکی وەڵامدەرەوەی پێشمەرگانەدا بۆ رزگار کردنی ناوچە داگیرکراوەکان، دوژمن زۆر خراپ تێکشکێنرا و هەر ئەو بەزین و تێکشکانە و کە لە زۆر ناوچە و شوێنی تریش تووشی هەمان بەزین و تێکشکان ببوو، وایکرد دوژمن پەنا بۆ ئاشتی بێنێ و بە ناچاری رێککەوتنی ١١ی ئازاری ساڵی ١٩٧٠ واژۆ بکا و بۆ یەکەمجار ددان بە ماف و بوونی کوورددا بنێ.
هێرشی پێشمەرگە بۆ سەر دوچمن لە شەودا دەستی پێکرد و لە بەیانییەکی زوودا جەیش و جاش بە تێکشاوی گەیشتنەوە گوندەکانی قەرەتەپە و دێلیژە و مەمەنداوە، هێزەکانی دوژمن بە شێوەیەک تێکشکێنرا بوون کە رێگای هەڵاتن و خۆ دەربازکردنیان لێ ون ببوو، لەو کاتەدا ئەوەی بە گەرمی باسی ئازایەتی دەکرا شەهید عێزەدین قەرە محەمەد بوو کە دیانگوت: یەکەم پێشمەرگە کە گەیشتۆتە ناو شارۆچکەی بنگرد و تەپڵی سەرکەوتنی لێداوە و وەک نیشانەی سەرکەتن مێزەرەکەی هەڵوەشاندووە، عێزەدین قەرە محەمەد بووە، لەو کاتەوە من ئەو شەهیدەم لێبوو بە رەمزی سەرکەوتن و ئازایەتی و خۆزگەم دەخواست رۆژێک منیش ببم بە پێشمەرگە و بە شانازیشەوە ئەو خۆزگەیەم هێنایەدی.
Top