لە یادەوەریەکانی کۆڵەپشتی پێشمەرگایەتیمدا

لە یادەوەریەکانی کۆڵەپشتی پێشمەرگایەتیمدا

بەشی چوارەم
هەر لەدوای ئەنفالە شووم و بەدناوەکان بۆ ئەنجامدانی ئەرکێکی حزبی هاتمە ناو شاری قەڵادزێ و چەند رۆژێک مامەوە، یەکێک لەو رۆژانە لە ماڵی حوسێنی حاجی سلێمانی بووم، پێش بانگی نێوەڕۆ لە دەرگا درا و کاک حوسێن چووە دەرەوە و هاتەوە گوتی: (کوێخا خدری گرد ئێستری)یەو زۆر دۆستی باوکمە خۆ ناتناسێ، منیش گوتم: نەخێر نەمدەوە و نامناسێ، کاک حوسێن گوتی: کەوایە هەموومان بەیەکەوە دادەنیشین، دیارە کوێخا خدر ئامر سریەی فەوجە خەفیفە بوو، دوو کوڕی خۆی لەگەڵ بوون و هەرسێکیان چەکیان پێبوو، دوای هاتنە ژوورەوە و بەخێرهێنان بەیەکەوە دانیشتین و دەستمان کرد بە گفتوگۆ، کوێخا خدر رووی لە من کرد و گوتی: خزم خەڵکی کوێی؟ منیش گوتم: خەڵکی بەری مەرگەم، گوتی: چ کارەی؟ منیش گوتم: لای کاک ئاکۆی عەباس ئاغا ئامر سریەم.
ئیتر لەگەڵ کوێخا خدر کەوتینە قسە و باس و لە درێژەی قسە و باسەکەماندا پێمگوت: مام کوێخا منیش وەک جەنابت ئامر سریەم، بەڵام جاشایەتی ئیشی پیاوان نییە و دەستم کرد بەو جۆرە قسانە و دەرخستنی ماهییەتی جاشایەتی، مام کوێخاش هەموو جارێک دەیگوت: ئەشهەدوبیلا راست دەکەی، هەر بۆ خۆشی دەستێ تاوڵەم لەگەڵ یەکێک لە کوڕەکانی کرد و تاوڵەکەشم لێبردەوە.
دوای ئەوەی جارێکیتر هاتمەوە ناو شار حوسێنی حاجی سلێمانی گوتی: کوێخا خدرم بینییەوە و پێمگوت: مام کوێخا ئەو چەکدارەی ئەوجارەی لە ماڵی ئێمە بوو دەزانی چ کارە بوو؟ گوتی: ناوەڵا بەس گوتی ئامیر سریەم، منیش گوتم: ئامیر سریە نەبوو، ئەوە کادیری پارتی بوو، ئەویش بە پێکەنینەوە گوتی: کوڕێکی زیرەک و زۆر وریا دیار بوو، زۆری جنێو دان، من وامزانی جنێوەکان بەر خۆشی دەکەن، بەڵام دیارە ئەو هەتیوە جنێوەکانی بەس بە من داون.
ماویەتی...
Top