ئەگەر محمد تۆفیق عەلاوی ببوایە سەرۆک وەزیران چی روودەدا؟

ئەگەر محمد تۆفیق عەلاوی ببوایە سەرۆک وەزیران چی روودەدا؟

بارۆدۆخی عێراق لە سەرەتای مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو پێًی نایە قۆناغێکی جیاواز, زۆر لە بووچونەکان بەو ئاراستەیە بوون کە ئەم خوپیشاندانانە کاتین و وەک خوپیشاندانەکانی سالانی پێشتر لە ماوەیەکی کاتی دا کۆتاییان پێ دێت, بەڵام بەردەوامی ئەم خوپیشاندانانە ھەموو ئەو بووچونانەی پووچەلکردەوە و تەنانەت کاریگەرییان گەیشتە ئاستێک کە سەروک وەزیران عادل عبدالمھدییان ناچار بە دەست لە کارکێشانەوە کرد, بەڵام بارودوخەکە بەرەو ئاسایی بونەوە نەچوو چونکە یەکێک لە داواکارییە سەرەکیەکانی خوپیشاندەران دیاریکردنی سەروک وەزیرانێک بوو کە بێلایەن بێت ئەمەش بۆ ولاتێکی وەک عێراق قورسە کەسێک دوور لە ئینتیمای حیزبی و کەسی بتوانێت حوکمڕانی عێراق بکات, ئەگەرچی کەم تا زۆر ئەم داواکارییەی خۆپیشاندەران سەرکردە سیاسیەکانی عێراقی ناچار کرد ملکەچی ئەم داواکارییە بن و ھیچ ھێزێکی سیاسی نێو مالی شیعە بوێری ئەوەی نەبوو ھەول بۆ دیاری کردنی کەسایەتیەک بدەن بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران بۆیە دواجار سەرۆک کۆمار کۆمار محمد توفیق علاوی راسپارد بو پێکھێنانی حکومەت لە ماوەی ٣٠ رۆژدا بەلام دیاریکردنی علاوی ھەلوێست و مەترسی جیاوازی لەلایەن بەشێک لە شیعە و سوونە ھەروەھا کوردیش دروست کرد.
شیعە:
دیاریکردنی محمد توفیق علاوی وەک کاندیدی راسپێردراو لە سەرەتادا وا نیشاندرا کە کەسایەتیەکی سەربەخۆیە بەلام ئەو کەسایەتیەک بوو ماوەیەک لە دەرەوەی عێراق بووە لەسەر داواکاری سەرانی حەشدی شەعبی داوای لێکراوە بگەرێتەوە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە کەواتە ھەر لە بنەرەتەوە محمد توفیق علاوی کەسایەتیەکی سەربەخۆ نەبوو, بەلکو ھەر لە سەرەتاوە بە فەرمان و داواکارییەکانی حەشدی شەعبی و و ئایدولوجیای بەشێک لە ھێزە شیعەکان کە موقتەدا سەدر و ھادی عامری سەروکایەتیان دەکات دەجولایەوە ھەنگاوەکانی مەترسی بوون لەسەر خودی نێو ماڵی شیعە چونکە موقتەدا سەدر لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەل کەنالی شەرقیە ھەڕەشە لە بەشێک لە سەرکردە سیاسیەکانی شیعە دەکات ئاماژە بە دوورخستنەوەیان دەکات لە پڕۆسەی سیاسی دا, لە ئێستادا سەدر بەھۆی ئەوەی ئەو ھێزەی جارانی نەماوە و لە ئاستی شەقامیش دا کەسێکی متمانە پێکراو نیە بۆیە لە دوای کوشتنی قاسم سولەیمانی سەدر دەیەوێت وەک بریاربەدەستێک و شوێنگرەوەی سولەیمانی لە عێراق خۆی نیشان بدات بەلام سەرنەکەوتنی علاوی لە پێکھێنانی حکومەت ئەم ھەنگاوانەشی تا ڕادەیەک پووچەلکردەوە, بویە ھەر لە سەرەتاوە بەشێک لە ھێزە شیعیەکان لەوانەش مالکی ھەستیان بە مەترسی کابینەکەی محمد توفیق علاوی کرد لەو باوەڕەدا بوون ئەگەر ببێتە سەرۆک وەزیران ئەوا بە پێی بەرنامە و ئەجێندای سەدر و عامری دەجولێتەوە و مەترسی لەسەر ئایندەی سیاسی بەشێک لەو سەرکردە شیعیانە دروست دەکات تا ئاستێک کە شەڕی ناوخۆیی شیعەکانیشی لێکەوتابەیەوە.

سووننە:
لە بەرامبەر شیعەکان دا سووننە لە ھەلوێستەکانی محمد توفیق علاوی نیگەران بون چونکە کاندیدی ڕاسپێردراو دەیویست لەسەر بنەمای مەرکەزی وەزیرەکان دیاری بکات و ڕۆلی لایەنە سوونەکان پەراوێز بخات ئەم خالە کوردیشی نیگەران کردبوو. سوونەکان جگە لەم خالە نیگەران بوون لە ئایندەی ئەو ناوچانەی کە لە دوای شەڕی داعش بە وێرانی ماونەتەوە, لە دوای ھەلبژاردنەکانی ٢٠١٨ ھیچ بەرنامەیەکی جدی لە بەرامبەر ئاوەدان کردنەوەی ئەو ناوچانە بەدینەکراوە, لە کابینەکەی دا علاوی قوربانیەکی زۆری بە سووننەکان دەدا تا ئاستێک کە بەشێوەیەکی توندتر سووننەی لە پڕۆسەی سیاس دا دووردەخستەوە.
ھەرێمی کوردستان:
ھەرێمی کوردستان لە بەرامبەر محمد توفیق علاوی جیاواز لە جاران دەرکەوت یەکڕیزییەکەی بەھێز لە نێوان ھێز و لایەنە سیاسیەکانی ھەرێمی کوردستان بەدیکرا, ئەو میکانیزمەی کە لە سەرەتادا علاوی ویستی پەیڕەو بکات میکانیزمێکی گونجاو نەبوو سەرچاوەی سەرەکی پەیڕەوکردنی ئەم میکانیزمەش بۆ ترسێکی جدی علاوی دەگەرایەوە بەرامبەر خۆپیشاندەران چونکە ئەگەر بە ھەمان شێوەی حکومەتەکانی پێشووتر علاوی حکومەتی پێکھێنابا ئەوا ھەمان چارەنووسی عادل عبدالمھدی دەبوو, نیگەرانییەکانی شاندی ھەرێمی کوردستانیش لەوەوە سەرچاوەی گرت کە ھەمیشە لە کابینەکانی پێشووتریش ھەرێمی کوردستان خوی وەزیرەکانی دیاریکردووە خاوەن تایبەتمەندی خۆی بووە, ھەربۆیە سەرۆک بارزانی رایگەیاند "ئەگەر علاوی توانی بێ کورد و سووننە حکومەت پێکبھێنێت پیرۆزی بێت". چونکە ناکرێت ئەمرۆ سەرۆک وەزیرێک لە بەغدا بە شێوەی مەرکەزی بریار لەسەر پێکھێنانی حکومەتەکەی بدات کە ئەگەرێکی نزیک بوو ببێتە ھەرەشە لەسەر قەوارەی ھەرێمی کوردستان, بۆ ھەر بریارێک کە پەیوەست بووایە بە ھەرێمی کوردستان بە بێ گەرانەوە بۆ کورد بریاری دەدا, بۆیە ئەگەر بەم شێوەیە حکومەتی علاوی تێپەریبا ئەوا دواجار علاوی بەھێز و ھەرێمی کوردستان بێ ھێز دەردەکەوت.
بۆیە بە شێوەیەکی گشتی ئەگەر علاوی ببوایە بە سەرۆک وەزیران بەبێ کورد و سووننە تەنانەت بەشێک لە شیعەکانیش ئەوا حکومەتەکەی دەبووە حکومەتێکی تائیفی و لەسەر ئاستی نێودەولەتیش جێی رەزامەندی نەدەبوو, ھەروەھا ھەڕەشەیەکی جددی دەبوو لەسەر ئاسایشی نیشتیمانی و کۆمەلایەتی عێراق, بارۆدۆخێک لە عێراق و بە تایبەتیش ناو مالی شیعە دەھاتە کایەوە کە ئەو دوو بەرەکیەی کە تا ئێستاش ھەیە قولتر ببوایەوە, چونکە لە دوای دەستپێکردنی خوپیشاندانەکان سەرکردە سیاسیەکانی شیعە بەردەوام مەترسی لەسەر ئایندەی سیاسی خۆیان ھەبووە و تا ئێستاش ئەو مەترسیە لە لای شیعە ھەیە, بۆیە ئەگەر ئەم سەرۆک وەزیرەی کە بریارە لە ماوەی داھاتوودا دەست نیشان بکرێت نەتوانرێت لە ئاست داواکاری خوپیشاندەران لە لایەک و ھێز و لایەنە سیاسیەکانی عێراق لایەکی تر دا بێت بارۆدوخی عێراق چاوەروانی ئایندەیەکی نادیار دەکات لەوانەیە لە ئەنجامی ئەو ململانێیانەدا سووننە داوای فیدرالی و کوردیش کونفیدرالی بکات.
Top