لە یادەوەریەکانی کۆڵەپشتی پێشمەرگایەتیمدا

لە یادەوەریەکانی کۆڵەپشتی پێشمەرگایەتیمدا

دوای ئەنفالە شووم و بەدناوەکان و سەخت بوونی پەیوەندیەکانی نێوان شاخ و شار، من وەک یەکێک لە کادیرەکانی ئەوکاتی پارتی ئەرکی رێکخستنەوە و بەڕێوە بردنی پەیوەندییەکانی نێوان شاخ و شار و پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەم گرتە ئەستۆ کە پرۆسەی ئەنفال و زوڵم و ستەمی بەعس خستبوویە نێوان پەیوەندییەکانی شاخ، لە کاتی راپەڕاندنی ئەو ئەرکە پیرۆزە زۆر جاران تووشی بەسەرهاتی خۆش و مەترسیداری مەرگئامێز دەبووم، لێرەدا بە پێویستی دەزانم یەکێک لەو دەیان بەسەرهاتانە کە هەم خۆش و هەم مەتریسدایش بوو لە کۆڵەپشتی پێشمەرگایەتیم دەربێنم.
بەر لە راگواستنی شاری قەڵادزێ بە ئەرکێکی حزبی هاتمە ناوشار، دوای ئەنجامدانی ئەرکەکەم و ئەو رۆژەی دەمویست بۆ شەوەکەی بگەڕێمەوە لە ماڵی رەسوڵی حاجی عەبدوڵای نوورەندینی بووم، پێشمەرگەیەکی ترم لەگەڵ بوو بەناوی عەبدوڵا چۆمخڕکەیی لە ماڵە خزمێکی خۆی بوو، ئێوارە ئاگادارم کرد کە شەو دەردەچین، شەو دەرچووین و پێش نێوەڕۆ گەیشتمەوە بارەگای ناوچەی قەڵادزێ، ئەو شەوە نەخەوتبووم زۆر هیلاک و ماندوو بووم و خەوتم، دوای نێوەڕۆ پێشمەرگەیەک هات هەڵیستاندم و گوتی: کاک مەلا رەمەزان بەپرسی ناوچە ئیشی پێتە، کاتێ چوومە لای گوتی: مەرگەیی خۆت ئامادە بکە بۆ قەڵادزێ و ئیشێکی زەروورمان هەیە، منیش گوتم مامۆستا چەند کاتژێمێرێکە هاتوومەوە و زۆر هیلاک و ماندووم، ئەویش برووسکەیەکی مەکتەبی سیاسی دەرهێناو گوتی: ئەو برووسکەیە بخوێنەوە، دوای خوێندنەوەی برووسکەکە دووبارە لەگەڵ عەبدوڵا چۆمخڕکەیی بەرەو قەڵازێ کەوتینەوە رێ، بۆ شەوی دواتر کاتژمێرێکی شەو مابوو گەیشتمەوە قەڵادزێ و چوومەوە ماڵی رەسوڵی حاجی عەبدوڵای نوورەودینی، کاتێ چوومە ژوورەوە و دانیشتین کاک رەسوڵ پێیوابوو هەر لەناو شار بووم، بۆیە تۆزێ بە دڵگرانی و وردە گلییەوە گوتی: مەرگەیی ئەگەر لێم ئەمین نیت مەیە ماڵم، منیش گوتم: کاکە لێت ئەمینم و دوێنێ شەو چوومەوە ناوچە و ئەمشەویش گەڕاومەوە، سوندی خوارد و گوتی: نەچوویتەوە و هەر لەناو شار بووی، منیش وەڵامی ئەو راپۆرتەم دایە داست کە بۆ ناوچەی نووسیبوو، دوای ئەوەی خوێندنەوەی رووی لە هاوسەری کرد کە ئێستا لە ژیاندا نەماوە و رەحمەت لە گۆڕی، بە پێکەنینەوە گوتی: (سەبری) سوێند لە ئیشی پێشمەرگە ناکەوێ و ئەوانە هەڵگری بیروباوەڕێکن پەرجوو دەخوڵقێنن، ئەگەر پەرجووخوڵقێن نەبن ناتوانن پێشمەرگە و وەڵامدەرەوەی زوڵم و ستەمی رژێمی داگرکارو کوردکوژی بەعس بن.
Top