با ئەو هەڵەیەش راست بکەینەوە

با ئەو هەڵەیەش راست بکەینەوە

هەموومان کوردین و هەمووشمان لەبەر کوردبوون دەکوژرێین و هەر لەبەر کوردبوونیش دەربەدەر دەکرێین و وڵاتمان کاول دەکرێ. کەچی بەبێ ئەوەی ئیشمان پێبێ پاشگرێک بە کوردبوونەکەوە دەلکێنین و بەر لەوەی شانازی بە کوردبوونەکە بکەین، شانازی بە پاشگرەکەوە دەکەین، جا هەڵە لەو شێوازە خۆ ناساندنە هەیە و پێویستە ئەو هەڵەیە راست بکەینەوە، دڵنیام دەپرسن: ئەو هەڵەیە چییە و چۆن راست دەکرێتەوە؟
هەڵەکە ئەوەیە کە سۆرانیەکان دەڵێن: کوردی سۆرانین، بادینیەکان دەڵێن: کوردی بادینین، وە هەروەها ئێزیدی و هەورامی و فەیلی و شەبەک و زازایی و لووڕی..هتد، وەک سۆرانیەکان و بادینیەکان پاشگرێکی ئێزیدی و هەورامی و شەبەک و زازایی و لوڕی بە کوردبوونەکە دەخەن، ئەوە هەڵەیەکە و تووشی پەتای زاڵبوونی ناوچەگەرایی و شارچێتی کردووین و باجی زۆری ئەو هەڵەیەشمان داوە، بەڵگەش ئەوەیە سەردەمانێک کەس و دەستەو گرووپی وا هەبوون و ئێستاش هەن کە دەیانگوت و دەڵێن : ئێمە سۆرانین و نابێ بەدوای بادینییەکان بکەوین، ئەی چۆن ئەو هەڵەیە راست بکەینەوە؟
راست کردنەوەی ئەو هەڵەیە زۆر ئاسانە و هیچ دوژمنێکیش ناتوانێ رێگریمان لێبکات، هەڵەکە کاتێک راست دەکرێتەوە کە هەموو پاشگرەکانی سۆرانی بادینی و ئێزیدی و هەورامی و فەیلی و شەبەک و زازایی و لوڕی لابەرین و تەنها کورد و کوردبوونەکە بهێڵینەوە و هەموومان بە کۆڕس بڵێین:ــ
ئەی کوردینە ئەی مەردینە
با دەست لەناو دەست کەین هەموو
بۆ بەرزێتی خاکی وەتەن
کوردین هەموو بچین هەموو
Top