مانگی ئازار بۆ کورد هەم ئازارە و هەم ئازارشکێن

مانگی ئازار بۆ کورد هەم ئازارە و هەم ئازارشکێن

١ی ئازار بۆ کورد و بزووتنەوەی رزگاریخوازی خەڵکی کوردستان رۆژێکی پڕ ئازارە، چونکە لەو رۆژەدا رابەر و کاریزما و پێشوایەک کوچی دوایی کرد کە رێڕەوی مێژووی بۆ گۆڕین، کە بارزانی نەمر بوو.
٦ی ئازار بۆ کورد رۆژێکی بە ئازارە، لەو رۆژەشدا گەورەترین شۆڕشی کورد کەوتە ناو پیلانێکی هەمەلایەن و فرەجەمسەری هەرێمی و نێودەوڵەتی.
١٦ی ئازاری بۆ کورد رۆژێکی بە ئازارە، چونکە لەو رۆژەشدا شارێک بە چەکی کیمیایی و قەدەغە کراوی نێودەوڵەتی خنکێنرا.

٣١ی ئازار بۆ کورد رۆژێکی بە ئازارە، لەو رؤژەشدا یەکەم سەرۆک کۆماری کورد لە سێدارە درا.
٥ی ئازار رۆژێکی ئازارشکێنە، چونکە لەو رۆژەدا گەل خرۆشا و شاخ و شار باوەشیان بەیەکدا کرد و دەرگا داخراوەکانی بە رووی کورددا کردنەوەی ئەو ئازادیەی ئەمڕۆی بۆ دەستەبەر کردین و خستووینە سەر راستە رێی بەرەو سەربەخۆیی.

١١ی ئازار رۆژێکی ئازارشکێنە، چونکە لەو رۆژەدا بە هێزی گەل و گیانبازی پێشمەرگە و بەرخودانی شۆڕشگێڕان، بۆ یەکەمجار لە مێژوودا دڕندەترین و لە خۆبایی ترین داگیرکار و کوردستان و دوژمنی کورد بە چۆکدا هێنرا و لە باشووری کوردستان ژهراوی نکولی کردنی لە بوونی کورد بە گەروودا کرا.
١٤ی ئازار رۆژێکی ئازارشکێنە، چونکە لەو رۆژەدا بڕیاری کوردستان یان نەمان و گیانی بەرەنگاری و خۆڕاگری و، هزر و بیری کوردبوون و کوردایەتی و لە دایک بوو.
٢١ی ئازار بۆ کورد رۆژێکی ئازارشکێنە چونکە ئەو رۆژە هەم جەژنی نەتەوەییە و هەمیش بۆ یەکەمجار کەرکوکی دڵی کوردستان ئازاد کرا.
Top