لەوەشدا پارتی گرەوەکەی بردەوە

لەوەشدا پارتی گرەوەکەی بردەوە

دەیان ساڵە ئەوانەی بەناوی کوردایەتی و خەبات و شۆڕشگێڕی بەشوێن باڵادەستی سیاسی و دەستکەوتی تایبەتیدا دەگەڕان، هێز و وزەیان لە موزایەدەی دژایەتی و رێگری کردن لە بە بنەماڵە کردنی حزب وەردەگرت، تەنانەت لەو پێناوە و بەناوی دژایەتی کردنی حزبی بنەماڵە ئامادە بوون خیانەتیش بکەن و خاکیش بفرۆشن و کردیشیان، بە واتایەکی تر زەلیلی خۆیان و ژێردەستەیی گەلەکەیان قبوڵ بووە، بەڵام وەک خۆیان بانگەشەی موزایەدە ئامێزیان بۆ دەکرد حزبی بنەماڵەیان قبوڵ نەبوو.
ئێستا هەر ئەوانە لە پێناو باڵادەستی سیاسی و پاراستنی بەرژەوەندی و دەستکەوتە کەسی و تایبەتیەکانی خۆیان هەموو ئەو گوتن و موزایەدەی رابردوویان لە بیر کردووە و چەتری بنەماڵەیان هەڵداوە و هەر کەسێک بە ژێر ئەو چەترە رازی نەبێ، بە زستان دەیخەنە ژێر رێژنە باران و کڕێوە و بەفر، بە هاوینیش دەبێ لە ژێر گەرمای تاقەت پڕووکێن ئارەقەی ناوچاوانی بسڕێ، لێرەدا بە پێویستی دەزانم جیاوازی لە نێوان بە بنەماڵە کردنی پارتی و ئەوانە بکەم کە دژی بە بنەماڵە کردنی پارتی بوون و ئێستا حزبەکەی خۆیان بە بنەماڵە کردووە.
هەموو پارتییەکان شانازی بە بنەماڵە کردنی حزبەکەی خۆیانەوە دەکەن، ئەوانیش حزبەکەی خۆیان بە شێوەیەک بە بنەماڵە کردووە هەر کەسێک بڵێ لەل, دەیان تۆمەتی بۆ هەڵدەستن و ژێر بە ژێر هەڕەشەی لێدەکەن، ئەگەر هەر تەمبێش نەبوو، ئەوا ڤیدۆ و وێنەی نەشیاوی بۆ درووست دەکەن، بە پێچەوانەشەوە هەر کەسێک بەو بە بنەماڵە کردنەی حزبەکەیان رازی بێ، ئەگەر ڤیدۆ و وێنەی نەشیاویشی هەبن بۆی دادەپۆشن.
Top