قەڵادزێ و شۆڕش.. یان شۆڕش و قەڵادزێ؟

قەڵادزێ و شۆڕش.. یان شۆڕش و قەڵادزێ؟

قەڵادزێ و شۆڕش.. یان شۆڕش و قەڵازێ وایان باوەش بەیەکدا کردبوو، ئەگەر ناوی قەڵادزێت بەبێ شۆڕش هێنابا ئەوا هەستت دەکرد غەدرت لە قەڵادزێ کردووە، بە پێچەوانەشەوە ئەگەر ناوی شۆڕشت بەبێ قەڵادزێ هێنابا، ئەوا واتدەزانی غەدرت لە قەڵازێی مەڵبەندی رابوون و بەرخودان کردووە، چونکە چەندی زوڵم و ستەمی بەعس زیادی کردبا شۆڕش و قەڵازێ توندتر باوەشیان بە یەکتریدا دەکرد.
لە قۆناغی دواناوەندی بۆ خوێندن چوومە قەڵادزێ، ئەوکات بەرپرسی رێکخستنەکانی پارتی بووم لە دەڤەری مەرگە، دوای تێکەڵبوون و ناسیاویم لەگەڵ هەندێ هەڤاڵ، بە روونی هەستم بەوە کرد لەو شارە ململانێ و پێشبڕکێیەکی توند لە ئەنجامدانی چالاکی و، گەیاندنی پەیام و رێنماییەکانی شۆڕش بە خەڵکی ناو شار لە نێوان رێکخستنەکانی پارتی و یەکێتی و سۆشیالیست و حزبی شیوعیدا هەیە، ئەوەش لەو کاتەدا بۆ منی خوێن گەرم و بڕوا بوون بە شۆڕش مایەی دڵخۆشی و جێگای ئومێد بوو.
دوای بوونم بە پێشمەرگە و بە تایبەتیش دوای پرۆسەی ئەنفالی بەدناو و سەخت بوونی رێگاکانی پەیوەندی نێوان شاخ و شار تا ئەوکاتەی قەڵادزێ راگوێزرا، هەموو مانگێک بە ئیشی حزب و گەیاندنی رێنماییەکانی شۆڕش بە رێکخستنەکان دەهاتمە ناو شار.
ئەوەی جێگای سەرنج بوو رێکخستنەکانی ناو شار بە من سەرسام بوون کە مانگانە بەو شەوە نووتەک و رێگا پڕ مەترسییانەدا دێمە ناو شار، منیش چەندین جا بەوان سەرسام بووم کە لەگەڵ ئەو هەموو دڕندەییەی رژێمی بەعس ئەوان ماڵکەنایان بۆ ئێمەی پێشمەرگە کردووە بە پەناگە و بارەگای شاراوە، لێرەدا بۆ بۆمێژوو بە پێویستی دەزانم ئاماژە بەو کەسە دڵسۆز و پارتی پەروەر و لە خۆبووردوانە بکەم کە ماڵەکانیان بارەگای شاراوە و شوێنی حەوانەوەی پێشمەرگە بوون.
ماڵی شەهید سوارە چۆمخڕکەیی، ماڵی شەهید ئەحمەد مریەم، ماڵی عەبدوڵا وەستا رەسوڵ، ماڵی مامۆستا عومەر هەمزە، ماڵی رەسوڵی حاجی عەدوڵای نوورەدینی، ماڵی عەباسی حاجی حەمەڕەشی مەمەنداوەیی، ماڵی ئەبوبەکری مەلا حەسەن ناسراو بە (عەبوی مەلای)، ماڵی عەلی سووری دەشتێوێ، ماڵی حوسێنی حاجی سلێمانی، ماڵی محەمەد قادری دەشتێوێ، ماڵی دکتۆر خدری.
خاڵێکی تر کە دەمەوێ ئاماژەی بۆ بکەم و ئەوکاتە و ئێستاش پێی سەرسامم، پەیوەندی چەند لاوێکی تازە پێگەیشتوو بوو کە تەمەنیان لە خوار بیست ساڵان بوو، لەوانەش:ــ
شەهید نەوزادی برای شەهید بارزانی حاجی عەبدوڵا، حەمید قەڵادزەیی، ئەبوبەکر مەلا حەسەن ناسراو بە (عەبوی مەلای)،ئازادی شەهید ئەحمەد مریەم و خالید و غەریبی برای کە زۆر منداڵ بوون، عەبدوڵای حەسەن قەیسی، ئیسماعیلی حاجی وسووی.
ئەوەی جێگای سەرنجە ئەو پۆلە گەنجە تازە پێگەیشتووانە بە گەیشتنم بەناو شار شەو و رۆژ لێم کۆدەبوونەوە و لە ورە و لەخۆبووردوویان سەرکەوتنم دەبینی، ئەوەندە تامەزرۆ بوون بەردەوام پرسیاریان دەکرد و بە تاسەوە گوێیان لە وەڵامەکان دەگرت.
Top