رۆژی خیانەتی نیشتیمانی
March 3, 2020
وتار و بیروڕا
ئەگەر داوام لێبکرێ رۆژی خیانەتی نیشتیمانی دیاری بکەم، بەڕاستی نازانم رۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەر بە رۆژی خیانەتی نیشتیمانی دیاری بکەم، یان ئەو رۆژەی لە گەرمەی شەڕی داعش و بەرگری پێشمەرگە لە کوردستان، کە هەندێ لایەن وەک پاڵپشتی لە داعش و شکست پێهێنانی پێشمەرگە لە شەقام ئاژاوەیان دەنایەوە و رابەرایەتی بایکۆتیان دەکرد، یان ئەو رۆژەی پەرلەمانتاری کورد لە بەغدای عرووبە بۆ کورد کوشتن حەشدی شەعبییان بە یاسایی دەکرد، یان ئەو رۆژەی عێراقچییەکان کۆمەڵ کۆمەڵ بەرەو بەغدا رایان دەکرد و داوای هەڵوەشانەوەی حکومەتی هەرێم و پێکهێنانی حکومەتی (ئینقاز)یان دەکرد.
چونکە هەموو ئەو خیانەتانە زنجیرەیەک خیانەتی نیشتیمانی بوون و هەریەکە و ئەوی دوای خۆی تەواو دەکرد. ئاژاوەگێڕیەکەی شەقام و هەوڵدان بۆ لێسەندنەوەی شەرعیەت لە حکومەتی هەرێم و کۆتایی هێنان بە دەستکەوتەکان، رێگای بۆ بە بەیاسایی کردنی حەشدی شەعبی خۆش کرد.
خیانەتی بە یاسایی کردنی حەشدی شەعبی زەمینە خۆشکردن بوو بۆ خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر، راکردن بۆ بەغدا و هەوڵدان بۆ کۆتایی هێنان بە حکومەتی هەرێم و داوا کردنی حکومەتی (ئینقاز)یش دوا قۆناغی خیانەتی ١٦ی ئۆکتربەر بوو، کەواتە هەر رۆژێک لەو رۆژانە بە رۆژی خیانەتی نیشتیمانی دیاری بکرێن غەدر کردنە لە رۆژەکانی تر.