لە كوردستان گۆرانی دەگوترێ، چینیش رۆبۆت دروستدەكات.

لە كوردستان گۆرانی دەگوترێ، چینیش رۆبۆت دروستدەكات.
كۆڤید یاخود ڤایرۆسی كۆڕۆنا لە شاری وۆهانی وڵاتی چین سەری هەڵدا، ئەم ڤایرۆسە توشی مەمكدارەكان دەبێت ئێستا یەخەی مرۆڤی گرتووە. بۆماوەیەكی كەم لەبەشێكی زۆری وڵاتانی ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوبویەوە. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ژمارەیەكی زۆری خەڵك توشی ئەم ڤایرۆسە ببێت، بەشێكیشیان گیانیان لەدەستدا. هەرلەسەرەتای سەرهەڵدانی كۆڕۆنا، وڵاتی چین كەوتە دەست و برد گشت رێگەیەكی تەندروستی بەكاردێنێت بۆ خۆپارێزی و كەمكردنەوەی رێژەی توشبوون.
ئەم وڵاتە هەرزوو دەستیكرد بە دروستكردنی نەخۆشخانەیەك لەماوەی 10 رۆژ بەڕووی توشبووانی كۆڕۆنا كرایەوە. دوا بەدوای ئەوەش گشت رێكارە تەندروستیەكان گیراوەتە بەر بۆ كەمكردنەوەی توشبووان و زیانی گیانی هاووڵاتیانی وڵاتەكەیان. لە ئێستادا خەریكی بەرهەمهێنانی جۆرێكی رۆبۆتن بۆ ئەوەی دەرمانی پاككەرەوەی لە شەقام و شوێنەگشتیەكان بڵاوبكاتەوە بۆئەوەی گەشەی میكرۆب و ڤایرۆسەكان بوەستێت.
سەرەڕای ئەوە جگە لەو رێكارنەی حكومەت دەگرێتەبەر هەمیشە لەهەوڵی داهێنانی نوێیە بۆ رزگاربوون لەم ڤایرۆسە، خەڵك بەگشتی بەدوای رێكاری نوێ‌ دەگەڕێن، رێنمایەكانی تەندروستی وڵاتەكەیان جێبەجێ‌ دەكەن و بابەتی نوێ‌ دەخوێننەوە بۆ خۆپارێزی و كەمكردنەوەی زیانەكانی، رۆژانە بیرۆكەی نوێ‌ دەخرێتە بواری جێبەجێكردن.
خۆشبەختانە هەرچەند لە هەرێمی كوردستان تا ئێستا هیچ حالەتێكی توشبوون بە نەخۆشی كۆرۆنا تۆمار نەكراوە، بەڵام حكومەت رێكاری پێویستی گرتۆتەبەر دژی ئەم ڤایرۆسە، ئەمەش جێگەی دەستخۆشیە، حكومەتی هەرێم بەر لە بڵاوبونەوەی ئەو ڤایرۆسەی جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵكردووە و زلهێزەكانی جیهان تەنگیان پێهەڵچنراوە. بەشێوەیەكی سەردەمیانەو خەمخۆرانە ئامادەكاری كردوە بۆ رێگریكردن لەبڵاو بونەوەی.
بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان، لەبڕی گەڕان بەدوای زانیاری گرنگ لەبواری تەندروستی و خۆپارێزی لەم ڤایرۆسە، بەشێوەیەكی هەڕەمەكی و تەنز ئامێز رووبەڕووی دەبنەوە، درێخیكردن لە خۆپارێزی لای بەشێكی هاووڵاتیان بە رادەیەكە گۆرانی بەسەر ڤایرۆسی كۆڕۆنا دەگوترێت، لە راگەیاندن بەشانازیەوە باسی لێوەدەكرێت.
ئەوە لەكاتێكدایە راگەیاندن دەبێت لەم ئانوساتە ناسكەدا دەوری باڵاو كاریگەر ببینێت بۆئەوەی هانی هاووڵاتیان بدات بەدوای بیرۆكەو داهێنانی نوێ‌ بگەڕێن. جێگەی تێڕامانە، بۆچی دەبێت ئێمە هەمیشە مشەخۆربین؟ بۆچی دەبێت چارەسەرو بیرۆكەی خۆپارێزی تەنها لەدەروە هاوردەبكەین؟ بۆچی دەبێت لەچین رۆبۆت دروستبكرێت بۆخۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆڕۆنا، لە هەرێمی كوردستانیش گۆرانی بۆ بگوترێت؟
ئەمانەو چەندین پرسیاری ترهەیە دەبێت تاكی كورد ئاراستەی خۆی بكات. بۆئەوەی زیاتر هەوڵی رۆشەنبیركردنی خۆمان بدەین، تاكو بتوانین هەنگاو بهاوێژین بۆ بەرەو پێشچون و رونكردنی ئایندەمان، لەبڕی گۆرانی گوتن و رێكلام بۆكردنی تەنز بایەخ بدرێت بە كۆكردنەوەی زۆرترین زانیاری تاكو بەشێوەیەكی دروست بتوانین روبەڕوی ئەم ڤایرۆسە ببینەوە.
لەلایەكی ترەوە هەستكردنی بەرپرسیاریەتی تاك دەبێتە هۆكارێك بۆ ئەوەی زیاتر بتوانین بەرامبەر نەهامەتیەكان بوەستین، بەتایبەتی لەسەردەمی ئەم ڤایرۆسە جیهانیەی وڵاتان بەدەستیەوە گیرۆدەن. هاووڵاتیان بۆ دڵنیایی تەندروستیان پشكنین دەكەن تاكو خۆیان و دەوروبەرەكەیان بپارێزن. كەچی لە كوردستان گوێبیستی ئەوەین كۆمەڵێك هاووڵاتی لە سنورەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی ئێران بەڕێگەی نهێنی گەڕاونەتەوە كوردستان دورلە پشكنینە تەندروستەكان. ئەمەش زیان بەتەندروستی خۆیان و هاووڵاتیانی كوردستان دەگەیێنێت بۆیە دەبێت هەموومان بێ‌ جیاوازی هەستی بەرپرسیاریەتیمان هەبێت و كاربكەین لەپێناو تەندروستی گشتی.

Top