مەرجی سەرکەوتن هێزی بڕوا بەخۆبوون و وەستانە لەسەر پێی خۆت

مەرجی سەرکەوتن هێزی بڕوا بەخۆبوون و وەستانە لەسەر پێی خۆت
مەرجی هەموو سەرکەوتن و گەیشتن بە ئامانجی دیاریکراو بڕوا بەخۆبوون و وەستانە لەسەر پێی خۆت، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی خەڵکی کوردستانیش چەندین بەڵگەی حاشا هەڵنەگر هەن کە هیچ گومانێک لەسەر ئەو راستییەی سەرەوە ناهێڵن، بۆیە بە پێویستی دەزانم چەند بەڵگەیەک لەو بەڵگە مێژووییانە بخەمە پێش چاو.
١ــ لە کاتی پیلانەکەی سەر کۆماری کوردستان لە رۆژهەڵات، کورد جگە لە بڕوا بەخۆبوون و وەستان لەسەر پێی خۆی هیچ رێگا چارەیەکی تری لە بەردەمدا نەمابوو, ئەوەبوو بارزانی نەمر وەک سەرکردە و رابەرێکی بڕوا بەخۆ و هێزەکەی دەوروبەری بڕیاری دا لەسەر پێی خۆی بوەستێ و خۆی نەداتە دەست قەدەری پیلانگێڕییەکە، ئەوەبوو بە پێنج سەدە پێشمەرگە لە هێزی بارزانیەکان هەرسێ وڵاتە داگیرکارەکەی تورک و فارس و عەرەبی بە چۆکدا هێنان و لە نێوەی رێگا پیلانەکەشی پەک خست، چونکە ئەوە تەنها هێزی بڕوا بەخۆبوون و وەستان لەسەر پێی خۆی بوو کە وایکرد بارزانی نەمر بگاتە یەکێتی سۆڤیەتی حاران، بەو سەرکەوتنەش بە هەموو جیهانی گوت: کێشەی کورد کێشەی نەتەوەیەکی ژێردەستەیە و تا نەگات بو سەربەخۆیی هیچ هێز و پیلانگێڕییەک ناتوانێ بیوەستێنێ.
٢ــ لە ساڵی ١٩٧٥و لە کاتی پیلانە نێودەوڵەتیەکەی سەر شۆڕشی مەزنی ئەیلول، دووبارە هێزی بڕوا بەخۆبوون و وەستان لەسەر پێی خۆمان بوو کە وایکرد سەرهەڵدانەوەی شۆڕشی گوڵان بکرێتە وەڵامی ئەو پیلانە، هەر ئەوەش نا، بەڵکو هێزی بڕوا بەخۆبوون و وەستان لەسەر پێی خۆمان بوو کە پیلانگێرانی خسەتە ناو پیلانەکەی خۆیان و شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێرانی لێ کەوتەوە و، سەرئەنجام راپەڕین و پەرلەمان و دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە، هەموو ئەوانە و دەستکەوتەکانی ئێستاش بەری رەنجی ئەو بڕوابەخۆبوون و وەستانە بوو لەسەر پێی خۆمان.
٣ــ دوای ریفراندۆم و پیلانە هەمەلایەنەکەی ١٦ ئۆکتۆبەر دابڕانێک بەسەر حکومەتی هەرێم هات، دابڕانەکە بە شێوەیەک بوو زۆر لە لایەنە کوردستانیەکانیش دەستیان لە کراسی ئومێد دەرهێنا و، حکومەتی هەرێمیان بەجێهێشت و دەستبەرداری کۆی دەستەکەوتەکانیش بوون و هەوڵەکانیان لەسەر ئەوە چڕ کردنەوە چۆن بەرژەوەندییە کەسی و حزبییەکانیان بپارێزن، بۆ ئەو مەبەستە و بەدەستهێنانی متمانەی داگیرکارانی کوردستان کەوتنە بەرگری کردن لە یەکپارچەیی خاکی عێراق و، سەربەخۆخوازانیان وەک تاوانبار و خیانەت کردن لە عێراق دەناساندن و داوای دادگایی کردنیان دەکردن، لە بەرامبەردا بڕوا بەخۆبووان لەسەر پێی خۆیان وەستان و بڕیاریاندا شان بدەنە بەر بەرپرسیارێتی، بەوەش نەک هەر پیلانەکەیان پووچەڵ کردەوە، بەڵکو شکۆی کوردبوون و حکومەتی هەرێمیان پاراست و وەک بینیمان پیلانگێڕانیشیان بە چۆکدا هێنان, ئەوەیە بەرهەمی هێزی بڕوا بەخۆبوون و لەسەر پێی خۆت وەستان.
Top