رۆژ رۆژی کۆدەنگی کورد و کوردایەتی کردنە

رۆژ رۆژی کۆدەنگی کورد و کوردایەتی کردنە

لە ئێستادا تورک و فارس و عەرەبی داگیرکاری کوردستان کەوتوونە ناو چەندین قەیرانی دەرەکی و ناوخۆییەوە، ئەو تورکیا کەوتۆتە ناو داوەکە و بە دڵنیایی ئەردۆغان باجی خەیاڵبازی و دانیشتن لەسەر تەختی خەلافتی عوسمانی دەدات، ئەوە ئێران و بیری فراوانخوازی و زیندوو کردنەوەی ئیمپراتۆری سەفەوی بە دیوە مەزهەبیەکەدا و، کێبڕکێ لەگەڵ وڵاتە زلهێزەکان و جیهانی ئیسلامی سوننە و گەمارۆکانی سەری و دەستپێکی دەربڕینی ناڕەزایی و خۆپیشانەکانی ناوخۆی، ئەوەش عێراق و سوریا کە بە کێشە ناوخۆییەکانیان و بوونی دەیان هێزی میلیشیا گیرۆدە بوون و دەستوەردانە هەرێمی نێودەڵەتیەکانیش سەرباری هەموو گرفت و کێشەکان، هەموو ئەو رووداوانەی ناوخۆی داگیرکارانی کوردستان جیا لەوەی لە بەرژەوەندی کوردی وڵات داگیرکراون، ئاماژەی روونیشن بۆ گۆڕانکاری ریشەیی لەو وڵاتانە و لە ناوچەکەش، وەک دەردەکەوێ داگیرکارانی کوردستان هەر یەکە و بە جۆرێک لە جۆرەکان کەوتوونە ناو چەندین قەیرانی ئاڵۆز، لێردا دەپرسین: ئەو کەوتنە ناو قەیرانەی داگیرکارانی کوردستان چ ئەرک و بەرپرسیارێتییەک دەخاتە سەر شانی حزب و لایەنە سیایەکانی کوردستان و تاکی کورد؟
کێشەی کورد لە هەر چوار بەشەکەی کوردستان کوردبوون و نکولی کردنی داگیرکارانی کوردستانە لە کوردبوون و بەردەوامی دانیانە بە چەوسانەوەی کورد و درێژەدان بە داگیرکردنی وڵاتەکەی، بۆیە گەورەترین ئەرک و پیرۆزتیرن ئەرکی سەرشانی هەموو حزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان، لەم قۆناغە هەستیارەدا گەڕانەوەیە بۆ کوردبوون و دەبێ دوور لە بەرژەوەندی حزبی و پەتای حزبیبوون پێناسەی کوردبوون بکەنەوە، لەژێر رۆشنایی ئەو پیناسە تازەیەدا کوردایەتی پێش حزبایەتی بخەن، بە واتایەکی تر ئەرکێکی نەتەوەیی و ئەخلاقییە کە هەموو حزب و لایەنە سیاسیەکان لە مەداری کوردبوون و کوردایەتیدا بۆ حزبیبوون و حزبایەتی بگەڕێن، خۆ ئەگەر وا نەکەن ئەوا دووبارە بەرژەوەندی کەسی و حزبیبوون و حزبایەتی بەسەر بەرژەوەندی گشتی و کوردبوون و کوردایەتیدا زاڵ دەبنەوە، جا ئەگەر لایەنە سیاسییەکان بە خۆیاندا نەچنەوە و کۆدەنگ و کوردبوون و کوردایەتی نەکەنە شوێنگرەوەی پەرتەوازەیی و حزبیبوون و حزبایەتی، ناتوانن کەڵک لەو لاواز بوونەی داگیرکاران وەربگرن و لە گۆڕانکاریە چاوەڕوان کراوەکانیش کە لە بەرژەوەندی کوردن هیچی دەست ناکەوێ، بەوەش دواڕۆژی کورد دەخرێتەوە ناو دۆزەخی داگیرکارانی تورک و فارس و عەرەب و کارەسات و نەهامەتیەکانی رابردوو دووبارە و چەند بارە دەبنەوە.
Top