پەیامێک بۆ پەیامەکەی بارەگای بارزانی

پەیامێک بۆ پەیامەکەی بارەگای بارزانی

بارەگای بارزانی بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بۆ سەلامەتی خەڵک داوا دەکات ئەمساڵ بە بۆنەی وەفات و لە دایکبوونی بارزانی نەمر رێوڕەسمی جەماوەری بۆ سەر مەزاری نەمران ساز نەکرێ.
دیارە رۆژی لە دایکبوونی بارزانی نەمر لە ١٤ی ئازاری ساڵی ١٩٠٣و وەفاتی لە ١ی ئازاری ساڵی ١٩٧٩ دەکەونە مانگی ئازارەوە، ئەو مانگە بۆ کورد و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد هەم ئازارە و هەم ئازارشکێن، ١٤ی ئازار.. ئازارشکێنە کە رۆژی لەدایکبوونی هزر و بیری نەتەوەیی و هەڵوێستی شۆڕشگێڕی و بەرگری لە کوردستان و رەتکردنەوەی ژێردەستەیی بوو، چونکە بەر لەو لە دایکبوونە کورد پەرتەوازە و بێ رابەر بوو، بەو لە دایکبوونە کورد توانی بکەوێتەوە سەر رێڕەوەی کوردایەتی کە تا ئەوکات دوژمنان توانیبوویان بە لاڕێیدا بەرن.
رۆژی وەفاتیشی رۆژێکی بە ئازارە، چونکە لەو رۆژەدا گەورەترین رابەر و پێشەوای کوردایەتی ماڵئاوایی لە چیا و لە سەنگەرەکانی بەرگری لە کورد و لە تەواوی شۆڕشگێڕان و سەربەخۆخوازانی کوردستان کرد، ئەو وەفاتە لە کاتێکدا بوو کورد نەک هەر لە باشوور، بەڵکو لە بەشەکانی تریش پێویستییان بە رابەر و پێشەوایەکی ئەزمووندیدەی وەک بارزانی نەمر بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا رێباز و کەلتوورێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی وای بۆ جێهێشتووین کە پابەندبوون پێیەوە وەک ئەوە وایە بارزانی نەمر لە ژیاندابێ و وەفاتی نەکردبێ.
وەک لە پەیامەکەی بارەگای بارزانیدا هاتووە لەم بارودۆخەی ئێستادا ئەنجام نەدانی رێوڕەسم بۆ سەر مەزاری نەمران ئامانج لێی سەلامەتی گیانی هاووڵاتیانە، ئەوەی منیش دەمەوێ لە پەیامەکەمدا بیڵێم: چوون و نەچوون بۆ سەر مەزاری نەمران وەک یەکە، ئەوەی گرنگە هەر کوردپەروەرێک لە رۆژی وەفات و رۆژی لە دایکبوونی پەیامی تایبەتی خۆی هەیە و پەیامەکەش پابەندبوونە بە رێبازەکەیەوە، وەک پێشتر گوتم رۆژی لە دایکبوونی بارزانی نەمر رۆژی لە دایکبوونی کوردایەتی و شۆڕشگێڕی و هەڵوێستی نەتەوەیی و نیشتیمانییە، گرنگە لەو رۆژەدا هەر یەکە و لە شوێنی خۆمانەوە بەڵێنی کوردایەتی بدەین و سووربین لەسەر هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان و بەدیهێنانی سەربەخۆیی کە ئامانجی بارزانی نەمر بوو، رۆژی وەفاتیشی بەڵێندان و پابەندبوونمانە بە رێبازە پیرۆزەکەی، گرنگە ئەو بەڵێنە بەرینە سەر و پابەند بین بەو رێبازەوە کە هەموو هیوا و ئاواتەکانی کوردی لە خۆیدا کۆ کردوونەوە.
Top