ئەگەر نەتاندیوە بیبینن، ئەگەر نەتانزانیوە بیزانن

ئەگەر نەتاندیوە بیبینن، ئەگەر نەتانزانیوە بیزانن

سەرۆک بارزانی دوای خوێندنەوە بۆ بارودۆخی عێراق و راوێژ لەگەڵ هەموو لایەنە کوردستانیەکان بڕیاری ریفراندۆمی دا، لە سەرەتادا بەشێکی زۆری لایەنەکان بە سیاسەتی ئەگەر گیرام ئەزم، ئەگەر نەگیرام دزم، واتا ئەگەر ریفراندۆم سەرکەوت ئەوا ئێمە خاوەنی ریفراندۆمین، ئەگەر سەریش نەکەوت ئەوا دژی ریفراندۆمین و عێراق وڵاتێکی دیموکراتییە و ئەو دیموکراتییە لە دەست خۆمان نادەین و بەگیان یەکپارچەیی عێراقە دیموکراتەکەمان دەپارێزین.
سەرۆک بارزانی ریفراندۆمی ئەنجامدا و لە %٩٣ی خەڵکی کوردستان گوتیان: بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان، عێراقچییەکانیش بوون بە دوو بەشەوە، بەشی یەکەمیان بوونە جێبەجێکاری پیلانی دوژمنان و پشت لە کورد و کوردستان و روو لە عێراقچێتی و عرووبەوخوازی پێش سوپا داگیرکارەکانی کوردستان کەوتن و بە شانازییەوە دەیانگوت: کەرکوک شارێکی عێراقییە و گەڕایەوە باوەشی نیشتیمان و شکستمان بە پرۆژەی سەربەخۆیی مەسعود بارزانی هێنا، بەشەکەی تریشیان ریفرانۆمیان بە سەقەت و بە خیانەت کردن لە یەکپارچەیی خاکی عێراق دادەنا و کاریان لەسەر ئەوە دەکرد ریفراندۆمچییەکان بخەنە ناو قەفەسی دادگای عرووبەوە.
ئێستا بەغدا بە چاوی دوژمن سەیری هەموویان دەکات و جیاوازی لە نێوان ریفراندۆمچییەکان و ئەوانی عێراقچی ناکات، جیاوازی لە نێوان بەرگریکاران کوردستان و ئەوانە ناکات کە هاوکاریان بوون و پێش سوپاکەیان دەکەوتن و دەیانهێنانەوە کوردستان، ئەوەتا بە رەوای نازانێ ئەوانیش وەزیری خۆیان دیاری بکەن، لە کاتێکدا ئەگەر وەزیرەکانیشیان دیاری بکەن لە کێیان دیاری دەکەن؟ خۆ ناچن خەڵکی کوردپەروەر دیاری بکەن و خەڵکی کوردپەروەریش ئامادە نییە لەسەر پێشنیاری ئەوانی عەرەبپەروەر هیچ پۆستێک وەربگرێ، کەواتە دەبێ هەر لە کەسە عێراقچی و پارێزەرەکانی یەکپارچەیی خاکی عێراق وەزیرکان دیاری بکەن، بۆیە دەڵێم: ئەگەر نەتاندیوە بیبینن و ئەگەر نەتانزانیوە بیزانن، ئەوە دوژمنە و بە یەک چاو سەیری سەربەخۆخوازان و ئێوەی دژە سەربەخۆ و ژێردەستەخواز دەکات، هەر ئەوەندە ئێوەی دەوێ کە ئیشی پێتانە، دوای ئەوەی ئیشی پێتان نەما بەرەڵاتان دەکا و کورد گوتەنی ماڵی قەڵب سەر بە خاوەنیەتی، بۆیە باشترە بە کوردستانیبوون بمرن، نەک بە عێراقچییەکی بەرەڵاکراو بژین.
Top