قەیران و هۆكار، ترسی گەورە.

قەیران و هۆكار، ترسی گەورە.
چەكەرەبوونی هەستی بەرپرسیاریەتی تاك لە كۆمەڵگە وادەكات قەیران و نەهامەتی هەرچەند سەخت و ئازاربەخشبن بە سانای گوزەر بكەن، بێ‌ ئەوەی لێكەوتەی زۆر خراپی هەبێت، بەپێچەوانە ئەگەر تاك هەستكردنی بەرپرسیاریەتی لاواز بوو قەیرانەكان هەرچەند بچوكبن ئاسان گەورە دەكرێن و تەشەنە دەكەن. رۆشەنبیری تاكی ئێمە وادەكات هەروا ئاسان چۆك دانەدات بۆ دەنگۆی قەیران.
بڕوای من وایە سێ‌ هۆكاری سەرەكی هەیە بۆ دروسبوون و گەورەكردنی قەیرانەكان لە هەرێمی كوردستان. یەكەم: زاڵبوونی هەستی حزبایەتی لای خەڵك، ئەمە هۆكارێكە بۆ ئەوەی خەڵك زیاتر باوەڕی بەو لایەنە سیاسیەهەبێت كە لایەنگری دەكات ئەمەش پاڵنەرە بۆ ئەوەی بە خراپ و باشی حزبەكەی باوەڕبكات و راستی و (درۆ) لە یەك جیا نەكاتەوە، هەموو شتێك لە هاتوو هووتی حزبەكەی ببینێت، تەنیا بە چاواشەكاریەكانی حزب باوەڕی هەبێت.
دووەم: راگەیاندن دەتوانێت دەوری كاراببینێت لەو روداو گۆڕانكاریانەی لە وڵات دێنەپێش، بەڵام بەداخەوە بەگشتی راگەیاندنی حزبی دەوری خراپ و نەرێنی دەبینێت لە ئاراستەكردنی ڕای گشتی، لە ئێستادا راگەیاندن لەبڕی خزمەتی گشتی و گەیاندنی هەوڵ و زانیاری گرنگ و سودبەخش بۆ كۆمەڵگە و هۆشیاری كۆمەڵایەتی، سیاسەتی حزب پەیڕەو دەكات و بە ئاوازی حزبی سیاسی جەماوەر ئاراستەدەكات، بەهەوەس خەڵك چەواشەدەكرێت، ئەمەش بۆ زیاتر دژبوونی دامو دەزگاكانی وڵاتە، لە دویایدا بە زیان دەشكێتەوە بۆسەر هاووڵاتیان توشی سەرگەردانی و دڵە راوكێی زۆر دەكرێن، وەك دامودەزگای میدیایی كە بەپێی یاساكاردەكەن، پێویستە پێداچوونەوەیەك بۆ ئەم جۆرە دەزگا میدیاینە بكرێت لە شێوازی كاركردندا،
ئەوەی باسمانكرد سۆشیال میدیای تێدا نەبوو، بەڕاستی لە هەرێمی كوردستان سۆشیال میدیا دەوری خراپ دەگەرێت، لە وروژان و دروستكردنی دڵە راوكێی زۆر لەنێو خەڵكی، حەقە ئەمەش بەپێی رێكاری یاسایی رێكبخرێت، بەهەرحاڵ ئێمە ناتوانین گلەیی زۆر لە سۆشیال میدیا بكەین، چونكە بەكار هێنەرانی بەگشتی رێكخراو نین لە چوارچێوەی دەزگایەك كارناكەن تاكو بەپێی سیاسەتی دەزگا كاربكەن، قسەی سۆشیال میدیا زیاتر تێڕوانیی بەكار هێنەرە ئازادتر دەتوانێت شرۆڤەی بابەتەكان بكات بەپێی تێگەیشتن و ئاستی رۆشەنبیری تاك. زۆرجاریش لەلایەن كەس و حزبی سیاسی بەشێكی كەمی سۆشیال میدیا ئاراستەدەكرێن بۆئەوەی ئاراستەی بیركردنەوەی هاووڵاتیان بگۆڕن لەبەرژەوەندی حزبێكی سیاسی و زیانی حزبێكی تر یان حكومەت بشكێتەوە، بەڵام ئەوە كاریگەری ئەوتۆی نابێت جگە لە هەرای سۆشیال میدیا بەرهەمێكی گەورەی لێ‌ دروێنە ناكرێت.
سێیەم: هۆكارێكی تر كە وادەكات بە ئاسانی دەنگۆی قەیران بڵاو بكرێتەوە خەڵك شڵەژانی بۆ دروست ببێت، بریتیە لە لاوازی متمانەی هاووڵاتیان بەرامبەر حكومەت. چونكە لە ئێستادا هاووڵاتی بێمتمانەیە بەرامبەر حكومەت و دامو دەزگا یاسایەكان. ئەو هۆكارە جێگەی داخە، چونكە لە راستیدا بێ‌ متمانەیی سەرچاوەی قەیرانە، بۆیە بەكەمترین قسەو خەڵك باوڕی دێت و شڵەژانی جەماوەری روودەدات، ئەگەر بێت متامانە هەبێت ئەوا خاڵی یەكە م و دووەم كارێگەری لاوازیان دەبێت و ئامانج ناپێكن.
ئەوەی دەبینین لەو چەند هەفتەیە و بەتایبەتیش شەوی رابردوو گەواهی ئەو راستیەن، خەڵك متمانەی لاوازە، بۆیە پێویستە حكومەت و هاووڵاتیان ئاشتبكرێنەوە و متمانە دروستبكرێت بۆ ئەوەی جەماوەر بەو دەرونە شلۆقەوە ژیان نەكات، ئەوكاتە ترساندنی خەڵك، پروپاگەندەی سیاسی و سۆشیال میدیا كارگەریان لاواز دەبێت.
دروستكردنی متمانە و ئاشتكردنەوەی حكومەت و هاووڵاتی كاری لە پێشینە و ئەركی تاك بەتاكی كۆمەڵگەیە، دەبێت هەنگاوی كرداری بۆ بهاوێژرێت، بەڵام پێویستە سەرەتا حكومەت هەنگاو بهاوێژێت و دەستپێشخەری بكات، بۆ ئەوەی متمانە دروستبكرێت، ئەمەش لە رێگەی دابینكردنی پێداویستیە سەرەتایەكانی هاووڵاتیان، ئەوەی لەسەر خەڵكیش پێویستە ئەنجامی بدات لە بنج و بناوانی راستیەكان بكۆڵێتەوە نوسینێكی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان تەنگی پێ هەڵنەچنێت، باوەڕ بهێنێت بەو لێدوانانەی سەرچاوەی راستیان هەیە، هەروەها باوەڕیان هەبێت بە كابینەی جەنابی كاك مەسرور بارزانی، چونكە كاردەكات لەسەر دروستكردنی سستەمێكی نوێی خزمەتكردن و خزمەتی گشتی، بەكرداری هەنگاو دەنێت بۆ دروستكردنی متمانە.

Top