لە منی سەربەخۆخوازی باشوورەوە نامەیەکی کراوە بۆ حزبەکانی رۆژهەڵات

لە منی سەربەخۆخوازی باشوورەوە نامەیەکی کراوە بۆ حزبەکانی رۆژهەڵات
پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران و بایکۆت و بەشداری نەکردنی خەڵک لەو هەڵبژاردنەدا هەڵگری دوو پەیام بوو، پەیامی یەکەم بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران و کوردیش وەک پێکهاتەیەکی ئێران پەیامی خۆی بە حزبەکانی رۆژهەڵات دا.
لە پەیامی یەکەمدا خەڵکی ئێران بە هەموو پێکهاتەکانیەوە راشکاوانە بە دەسەڵاتدارانی ئێرانیان گوت: ئێوە سەرچاوەی نەهامەتی و برسێتین بۆ هەموو ئێرانیەکان و چیتر ئێوەمان ناوێ، بەو هەڵوێستە دەردەکەوێ کە خەڵکی ئێران لەوە گەیشتووە کە ئەوەی بەسەریان هاتووە دەرهاویشتەی خەیاڵی فراوانخوازی دەسەڵاتداران و گەیشتنەوەیانە بە دەسەڵاتی ئیپراتۆری سەفەوی و دەرئەنجامی سیاسەتی ئەو چل ساڵەیە کە دەسەڵاتدارانی لە پێخەفی ئەو فراوانخوازیەدا خەواندووە.
لە پەیامی دووەمیشدا کوردانی رۆژهەڵات بە پەیامی یەکڕیزی خۆیان بە حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیان گوت: ئێوە بەو پەرتەوازیەی ئێستا ناتوانن رابەرایەتی ئەو یەکدەنگی و یەکبڕیاریەی ئێمە بکەن، ئێمە خواستی دەسەڵاتدارانی ئێرانمان رەتکردەوە، ئێمە بەو هەڵوێستە یەکگرتووەمان ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتیمانیمان خستە سەر شانی ئێوە، دەی ئێوەش لە پەرتەوازەیی و مینگەمینگی حزبی دوور بکەونەوە و بە یەکگرتن و یەکبڕیاری وەڵامی خواستی ئێمەی یەکگرتوو بدەنەوە.
ئێوەی تا ئێستا خاوەنی دەنگی حزبین و ئێمە خاوەنی دەنگی نەتەوەیی و نیشتیمانین، ئێوە ناتوانن بەو دەنگە حزبییە وەڵامی دەنگی نەتەوەیی و نیشتیمانی ئێمە بدەنەوە، ئایا ئێەوە لە خۆتان پرسیوە کەی دەتوانن وەڵامی خواستی ئێمەی خاوەن خواستی نەتەوەیی و نیشتیمانی بدەنەوە؟ ئایا ئێوە بە خۆتان پرسیەوە کەی دەتوانن ببنە جێگەی ئومێدی ئێمەی ئومێد زەوتکراو؟
راشکاوانە پێتان دەڵێین: ئەوکاتە دەتوانن ببنە جێگەی خواست و ئومێدی ئێمەی خاوەن خواست و ئومێد زەوتکراو، کە بە کۆمەڵ بچنە خزمەت مەزاری بارزانی نەمر و پێی بڵێن: ئێمەی شوێنکەوتووی پێشەوا قازی هاتووین ئەو ئامانەتیەی پێشەوا قازی لە ساڵی ١٩٤٧ بۆ پاراستن پێیدای، بدەیەوە و بیبەینەوە بۆ چوار چرا و بە پێشەوا بڵێین: پێشەوای نەمر ئەوە ئاڵای سەرکۆماری کوردستانە و بارزانی نەمر بە پاراستی خواستی نەتەوەیی و نیشتیمانی تۆی بەدیهێنا و ئەمڕۆش ئەو ئامانەتیە گرنگ و بەهادارەمان بۆ هێناویەوە و لە چوار چرا لە پەیکەری نەمریتی دەهاڵێنین.
Top