عێراق وڵاتی تاقیگەی سیاسی

عێراق وڵاتی تاقیگەی سیاسی

لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق و رووخانی رژێمی بەعس عێراق بۆتە تاقیگەیەکی سیاسی و هەر بابایە و خۆی لێ تاقی دەکاتەوە، ئەوە ئەیاد عەلاوی، ئەوە ئیبراهیم جەعفەری، ئەوە نووری مالیکی، ئەوەش حەیدەر عەبادی و عادل عەبدولمەهدی، هۆکاری شکستی ئەوانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە نەیاتوانیوە هاوسەنگی لە نێوان چەندین رەوت و بەرژەوەندی دژ و پێچەوانە رابگرن و رازییان بکەن، ئەوە بەرژەوەندی دژ بە یەکی ئێران و ئەمەریکا، ئەوە رازی کردن و پاراستنی بەرژەوەندی چەندین کوتلە و میلیشیای جۆربەجۆر و دژ بەیەک، ئەوە ماف و بەرژەوەندی کورد و سوننە و شیعە، ئەوەش دەستوەردانی چەندین وڵاتی هەرێمێ و نێودەوڵەتی، بەریەککەوتنی ئەو هەموو رەوتە دژ و پێچەوانانەی ناو عێراق وایان کردووە تەنها ئەو کەسە خاوەنی حکومەت نەبێ کە دەبێتە سەرۆکی حکومەت.
ئێستا نۆرەی محەمەد تۆفیق عەلاوی بە نیازە لەو تاقیگە سیاسییەی عێراقدا پشکنین بۆ خۆی بکات، بەدبەختی ئەو برادەرە لەوەدایە داواکاری خۆپیشاندەرانیشی هاتۆتە سەر و خواست و داواکاری خۆپیشاندەرانیش دژی بەرژەوەندی هەموو حزب و کوتلە سیاسیەکانی عێراقە و داوای رۆیشتنی هەموویان دەکەن، کەواتە محەمەد تۆفیق عەلاوی باری لە هەموو ئەوانەی پێش خۆی گرانترە، لێردا دەپرسین: محەمەد تۆفیق عەلاوی بە چ پەرجوویەک عێراق لەو دۆخە رزگار دەکات کە هەموو ئەو رەوتە دژانە ئەو وڵاتە لە هەناوی بەرژەوەندپارێزی خۆیاندا دەگوشن؟
ئیبراهیم جەعفەری هاتە شوێنی ئەیاد عەلاوی و ئەوەی پێیکرا بەشە قەرانی خۆی خستە سەر قەیرانەکان و عێراقی بە قەیرانی زیادەوە دایە دەست نوری مالیکی، نوری مالیکی بەشە قەیرانی خۆی خستە سەر قەیرانەکان و فەرمووی حەیدەر عەبادی کرد، ئەویش عێراقی پڕ قەیران کرد و عادل عەبدولمەهدی هێنایە سەر کورسی قەیرانەکان، دوای شکستی هەموو ئەوانە محەمەد تۆفیق عەلاوی پەندی وەرنەگرتووە و رێگای شکستی هەڵبژاردووە، لەگەڵ ئەوەشدا بانگەشەی چاکسازی و بنبڕکردنی قەرانەکان دەکات و پێیوایە دەتوانێ باڵانس لە نێوانە هەموو ئەو دژانە رابگرێ کە شکستیان بەوانەی پێش خۆی هێناوە، بۆیە دەڵێم: شکستی محەمەد تۆفیق عەلاوی لە هەموویان گەورتر دەبێ و عێراق وەک وڵاتێکی یەکپارچە دەگەیەنێتە سەرسوێی هەڵدێران و دەیگەڕێنێتەوە بۆ سرووشتی پێش بە یەکەوە لکاندنی بە زۆرەملێ.
Top