تەكنۆكرات دروشمێك بۆ دژنەبوون.

تەكنۆكرات دروشمێك بۆ دژنەبوون.
دوای خۆپیشاندانەكان سەركردەسیاسیەكانی عێڕاق تەنگیان پێهەڵچنرا، هەر یەكەو خەریكی سپی كردنەوەی رووی خۆی بوو لەبەردەم خۆپیشاندەران. ئەمەش وایكرد حكومەتی هەڵبژێردراو ببێتەحكومەتێكی كار بەڕێكەر، دواتر محەمەد تۆفیق عەلاوی دەستنیشانكرا بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ‌ بۆ ماوەیەكی كاتی، تاكو بڕیار لە هەڵبژاردنی پێشوەختە دەدرێت.
عەلاوی لەلایەن سیاسیەكانی عێڕاق هەڵبژێردراوە، بۆ هێور كردنەوەی دۆخی ئاڵۆزی عێڕاق، بەڵام ئەم بژاردەیە بەبێ‌ رەزامەندی خۆپیشاندەران كراوە تەنیا مەرامی چەند هێزێكی سیاسی بوو، لە ژێر پەردەی خۆپیشاندەران توانیان شەقامی عێراقی و كەشی سیاسی ئاڵۆز بكەن، بۆ ئەوەی خۆیان سود ببینن بەناوی خۆپیشاندەرانەوە لە حكومەتی نوێ‌ پشكداری كارابن، بێ‌ ئەوەی خەڵك هەست بكات ئەمانە لە حكومەتن تاكو پێگەی جەماوەری لەدەست نەدەن.
تاكو ئێستاش شەقامەكانی عێڕاق دەنگی نارەزایەتیان لێ‌ بەرز دەبێتەوە دژ بەحكومەتی نوێ‌ و كاندیدی سەرۆك وەزیران. بەڵام ئەم كاندیدە چەند لایەنێكی سیاسی كە بەناوی نوێنەری خۆپیشاندەرانەوە ویستیان لەسەرە شەقامی ناڕازی نەیتوانی رەتی بكاتەوە. بۆیە لە ئێستادا سەرقاڵی پێكهێنانی حكومەتە.
ئەوەی وادەكات شەقام بەرامبەر عەلاوی نەرمی بنوێنێت لە دوو خاڵی سەرەكی خۆی دەبینێتەوە. یەكەمیان ئەوەی تێبینیكرا لەیەكەم دەركەوتنی داوای بەردەوامی خۆپیشاندانەكانی كرد، خاڵی دووەم: جەخت لەسەر خەڵكی بێلایەن و تەكنۆكرات دەكاتەوە، لە پێكهێنانی كابینەكەیدا ئەمەش وادەكات خۆپیشاندەران چاوەڕێبكەن و نەرمی پیشانبدەن. هەموومان لەگەڵ خەڵكی بێلایەنین حكومڕانی بكەن كەسانی تەكنۆكرات بن بۆ برەودان بە خزمەتی گشتی وڵات بوژانەوەی گشت سێكتەرەكان.
بەڵام پرسیار ئەوەیە ئاخۆ مەبەست چیە لە بێلایەنی؟ ئەگەر مەبەست ئەوەبێت خەڵكانێك بێتە حكومەت سەر بەهیچ لایەنێكی سیاسی نەبێت یاخود هیچ حزبێك پشتگیری نەكات؟ كەسی لەم جۆرە دەگمەن دەست دەكەون بۆ پێكهێنانی حكومەت، یاخود مەبەست ئەوەیە ئەوكەسەی لە حكومەتە كاری حزبی نەكات؟ ئەگەر نیاز ئەوەی دووەم بێت ئەمە ئاسانە. بەڵام لە هیچ سیستەمێكی سیاسی هەڵبژاردن نیە كەسانی حكومەت تەواو بێلایەن بێت.
ئەگەر سەیری سیستەمەكانی هەڵبژاردن و حكومڕانی رۆژئاواش بكەین دەبینین ئەو كەسانەی دێنە حكوم خەڵكانێكن حزب پشتگیریان دەكات. بەم رێگەیەوە لە هەڵبژاردن دەنگی زۆرینە بەدەست دێنن. دواتر دەتوانن حكومێكی سەركەوتوو بەڕێوەببەن. بە دڵنیایی بارودۆخی عێڕاق بۆ حكومەتێكی تەواو بێلایەن و هەڵقوڵاوی ناخی جەماوەر گونجاو نیە، وە معجیزەی لەم شێوەیە لەم سەردەمە رونادات سەركەوتوو بێت، بێگومان هەرەس دێنێت ئەمە راستیەكی حاشا هەڵنەگرە.
ئەوە ئاشكرایە حكومڕانی سەركەوتوو لە عێڕاق دەبێت خواستی ئەمریكاو ئێران بۆ كەسایەتی سەرۆك وەزیران و كابینەكەی هەبێت، هێزێكی گەورە شەڕی بۆبكات شكەست و سەركەوتن لەسەر خۆی هەژماربكات، لەسەروی هەموو ئەمانەشەوە مەرجەعی باڵا پشتگیری تەواوی بكات و پەسندكراوی موقتەدا صەدر رێبەری رەوتی صەدر بێت.
هەر سەرۆك وەزیرانێك ئەگەر ئەندامانی كابینەكەی سەر بەحزبێكی دیاری كراوبن یاخود سەربەخۆ، شتێكی ئەوتۆ لە بارودۆخی عێڕاق و شكەست و سەركەوتنی كابینەكەی ناگۆڕێت، ئەوەی دەبێتە مایەی شانازی و سەركەوتن كەسایەتی سەرۆك وەزیران بتوانێت هەموو ئەوانەی باسمان كرد لە مەنجەڵێكدا بكوڵێنێت. بەڵام ئاخۆ كۆككردنی ئەو هەموو لایەنە ناكۆكەو یەكخستنی بەرژەوەندی هەموویان بەیەكسانی كارێكی هەروا سادەو ئاسانە! بێگومان ئەمە سەختە چونكە بەرژەوەندی ئەمریكا و ئێران لە عێڕاقدا جیان، ناكۆكی نێوان رەوت و رێبەركان ئاڵۆزە.
بۆیە ئەو چەكەی عەلاوی گرتویەتیە دەست لاوازە بەراورد بەو دۆخەی هەنوكەی عێڕاق پێیدا گوزەر دەكات، چونكە روونە مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێڕاق لە دەستور و یاسا ئەولاترە، ئەمەش سارێژی زامی خۆپیشاندەران ناكات. راستەعەلاوی گۆرانكاری رواڵەت دەكات، بەڵام حكومەتەكەی لەرووی كرداری درێژە پێدەری حكومەتەكانی پێش خۆیەتی، بۆیە دەیەوێت بەناوی بێلایەنی، تەكنۆكرات بكاتە دروشمێك بۆ دژنەبوونی خۆپیشاندەران بەرامبەر كابینەكەی.


Top