هەر سەرۆک بارزانی گوتی و ئەوان نەیانبیست

هەر سەرۆک بارزانی گوتی و ئەوان نەیانبیست

لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق و رووخانی رژێمی بەعس زۆر لە چاودێرانی سیاسی پێیانوابوو سەرکردە و نەیارەکانی بەعس کەڵک لەو مێژووە تاڵە وەردەگرن و ژیانێکی شایستە بۆ هەموو پێکهاتەکانی عێراق درووست دەکەن، بەڵام بەشێکی زۆر لەوانەی پێیانوابوو سەددام حوسێن دیکتاتۆر بووە و کورد و شیعەی چەوساندۆتەوە، هەمان رێچکە سەددام حوسێنیان بە دیوە شیعەگەریەکەدا گرتەبەر و دەستیان کرد بە چەوسانەوەی کورد و تۆڵە کردنەوە لە سوننە، سەرۆک بارزانی وەک شۆڕشگێڕێک و سیاسییەکی ئەزمووندیدەی کورد یەکەم کەس بوو هەستی بەو نێتخراپیەی دەسەڵاتی بەغدا کرد و لە زۆر بۆنە و لێدواندا راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ئاماژەی بەو بارودۆخەی پڕ فەوزایەی ئێستای عێراق داوە.
سەرۆک بارزانی لە ساڵی (٢٠١٠)و ساڵانی دواتریش لە زۆر کۆبوونەوە و لێدوان و دیداری رۆژنامەوانی ئاماژەی بەو داڕووخانەی ئێستای عێراق داوە، سەرۆک بارزانی هۆشداری دا لەوەی عێراق بەرەو تاکڕوی و دیکتاتۆری دەچێ و ئەوان نەیانبیست، دەسەڵاتدارانی بەغدا بە شێوەیەک سەرمەستی پاوانکاری ببوون هۆشداریە یەک لە دوای یەکەکانی (سەرۆک بارزانی)یان نەدەبیست، سەرۆک بارزانی هۆشداری دا لەوەی پێشێلکردنی دەستوور عێراق بەرەو کارەسات دەبات، دەسەڵاتدارانی بەغدا نەیانبیست و هێزی دەستووریان وەلانا و هەوڵیاندەدا بە دەستووری هێز عێراق بەڕێوە بەرن.
سەرۆک بارزانی لە رۆژی ٢٤ــ٦ــ٢٠١٠ لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ئاژانسی فرانس ٢٤ پێیگوتن: (ئێمە لەگەڵ ئەزموونی یەک حزب و یەک تایەفە و تاکە کەس ژیاوین و لە ئەنجامی ئەو سیاسەتە عێراق بووە وڵاتێکی وێرانە، بۆیە ناکرێ سیاسەتێکی وا دووبارە بکەینەوە کە ئەزموون شکستهێنانی سەلماندووە) ئەوان نەیانبست و سوور بوون لەسەر دووبارە کردنەوەی دەسەڵاتی یەک تایەفە و تاکە کەسی.
سەرۆک بارزانی لە رۆژی ١٩ــ١٢ــ٢٠١١ لە پەیامێکدا بە هەموو هێزە عێراقیەکانی گوت: (زۆر بە داخەوە رەوشەکە بەرەو تەنگژەبوونی توند دەچێت و شەراکەت لە حوکمدا لەبەردەم هەڕەشەدایە، بۆیە داوا لە هەموو هێز و لایەنەکان دەکەم هەنگاو بەرەو نیازپاکی و لێبووردەیی بنێن و چاو بە هەڵوێستە توندەکاندا بخشێننەوە و، بۆ ئەو رێککەوتننامانە بگەڕێنەوە کە دەستپێشخەرییەکەی پارساڵمان لەسەر بنیات نابوو، لە سەرووی هەموویانەوە شەراکەت) ئەوان نەیانبیست و نەیانویست کەڵک لەو ئامۆژگاریە بە نرخەی سەرۆک بارزانی وەربگرن و عێراقیان بەو دەردە برد کە ئێستا پێوەی دەناڵێنێ.
سەرۆک بارزانی لە رۆژی ٥ــ١ــ٢٠١٢ لە دیدارێکی کەناڵیBBC فارسی پێیگوتن: (ئێمە وەکو کورد لە حکومەتێکی کوردی شیعی بێ سوننە بەشدار نابین، هەروەها لە حکومەتێکی کوردی سوننی بێ شیعەیشدا نابینە هاوبەش) بەڵام ئەوان نەیانبیست و بڕیاریاندا بە حکومەتێکی شیعی بێ کورد و سوننە حوکمی عێراق بکەن.
سەرۆک بارزانی لە رۆژی ٧ــ١ــ٢٠١٢ لە دیدارێکی لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز پێیگوتن: (ئێمە پشتگیری لە سیتەمێکی فیدراڵی دەکەین لەم وڵاتەدا، رێگرتن لە جێبەجێ کردنی ماددەکانی دەستوور دەبێتە هۆی ئەوەی وڵات رووبەڕووی کێشەی گەورە ببێتەوە و کارەسات دەخوڵقێنێت) ئەوان نەیانبیست و سیستەمی فیدراڵیان بەلاوەنا و عێرافیان تووشی دەیان چەندین کارەسات کرد.
لە رۆژی ٢٢ــ١ـ٢٠١٢ سەرۆک بارزانی لە دیدارێکی لەگەڵ کەناڵی ئەلعەرەبییە پێیگوتن: (تاکڕەوی لە بڕیاردان هەیە، بە تایبەتی لە بواری بونیاتنانەوەی سوپا، لەوێدا تاکڕەوییەکی دیار هەیە و ئەوانی دیکەش پشتگوێ دەخرێن، لە کاتێکدا سوپا موڵکی هەموو گەلی ئێراقە و وەکو لە دەستووردا هاتووە، قبوڵیش ناکرێت کەسێک یان بەرپرسێک لە هەر پۆست و پێگەیەکدا بێت بە تاکڕەوی سوپا رێکبخاتەوە) ئەوان نەیانبیست و عێراقیان بەسەر میلیشیای حەشدی شەعبی گێڕا و هەر میلیشیایەش فەرمان لە کەسێک و لایەنێکی دەرەوەی عێراق وەردەگرێ.
سەرۆک بارزانی لە رۆژی ٢٨ــ٣ــ٢٠١٢ لە دیمانەیەکی لەگەڵ کەناڵی ئەلشەرقییە پێیگوتن: (بارودۆخ گەیشتۆتە ئاقارێکی ترسناک و من داوام لە سەرکردە سیاسییەکانی عێراق کرد بە پەلە کۆببنەوە و بارودۆخەکە چارەسەر بکەن، چونکە هیچ کەسێک تەحەممولی ئەو بارودۆخە ناکات) ئەوان نەیانبیست و لەسەر ملهوڕی خۆیان بەردەوام بوون و کۆ نەبوونەوە.
لە رۆژی ٣ــ١٢ــ٢٠١٢ سەرۆک بارزانی لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ رۆژنامەی ئەلزەمان پێیگوتن: (لە ساڵی (٢٠٠٨)وە تێبینی گۆڕانکاری نەوعیم لە هەڵوێستەکانی نوری مالیکی کرد، کاتێک ویستی سوپا لە خانەقین بەکاربهێنێت، لەو کاتەوە هەستم بەوە کرد عەقڵیەتێکی زۆر ترسناک خەریکە بەسەر ئەم وڵاتەدا زاڵ دەبێت) ئەوان نەیابیست و بەو عەقڵە ترسناکە کاریان کرد و عێراقیان خستە ناو گەورەترین گێژاو و مەترسی.
سەرۆک بارزانی لە رۆژی ١٨ــ٦ــ٢٠١٤ لە پەیامێکدا لەسەر بارودۆخی سیاسی عێراق پێیگوتن: (لەم ماوەیەدا لە پەیوەندییەکی بەردەوامدا بووین لەگەڵ زۆربەی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بارەی ئەم رووداوانەی لەم دواییەدا بەسەر عێراقدا هاتن، زۆر کەس و لایەن شاهیدن کە لە مێژە هۆشداریم دەدا کە بارودۆخی عێراق بەرەو هەڵدێر دەچێت بەهۆی سیاسەتی چەوت و تاکڕەوی ئەوانەی دەسەڵاتیان لە بەغدا قۆرخ کردووە) ئەوان نەیانبیست و بەردەوام بوون لەسەر سیاسەتی چەوتی قۆرخکاری و عێرقیان هەڵداشت.
ئەوانەی باس کران لوێچێک لە دەریایەکی ئەو ئامۆژگاری و هۆشداریانە بوون کە سەرۆک بارزانی لە ساڵی (٢٠١٠)و ساڵانی دواتریش بە دەسەڵاتدارانی بەغدای داون و ئەوان نەیانبیستووە و کەڵکیان لێوەرنەگرتوون، ئێستاش ئەگەر پەند وەرنەگرن و نەگەڕێنەوە بۆ هۆشداری و ئامۆژگاریەکانی سەرۆک بارزانی، ئەوەی لەم چەند ساڵەی رابردوودا بەسەریان هاتووە، شایی و لۆغان دەبێ لەچاو ئەوەی لە داهاتوودا بەسەریان دێت.
ئەو گوتنانەی سەرۆک بارزانی و نەبیستنی دەسەڵاتدارانی بەغدا بۆ هەندێ کەس و دەستە و گرووپی کوردیش راستە، سەرۆک بارزانی زۆر جار بەوانیشی گوتووە: عێراق دابەش دەبێ و عێراقیبوون خواستەکانی کورد ناهێنێتەدی، ئەوانیش نایبیستن و بەرژەوەندی کەسی و حزبی لە عێراقیبووندا دەبینن و سوورن لەسەر عێراقیبوون، بۆیە پێویستە ئەو کەس و دەستە و گرووپانەش دەستبەرداری نەبیستی سیاسی ببن و کەڵک لە گوتن و هۆشداریەکانی سەرۆک بارزانی وەربگرن، کوردبوون و کوردایەتی پێش عێراقیبوون و عێرقچێتی بخەن و بگەڕێنەوە و خۆیان لەو خۆیان لەو نەفرەتبارانەی مێژوو بە دوور بگرن کە عیراقیبوون بەسەریان دێنێ.
Top