دوێنێ کۆنگرەی داڤۆس و ئەمڕۆ کۆبوونەوەی میونشن و دەور و پێگەی کورد
February 16, 2020
وتار و بیروڕا
لە کۆنگرەی داڤۆس کە کۆنگرەیەکی تایبەت بە دارایی بوو، ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێم و دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرۆک و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتان و بە تایبەتیش لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا، دەکرێ کورد نەک هەر لە باشوور، بەڵکو لە بەشەکانی تری کوردستانیش بە ئومێدەوە لێی بڕوانن.
لە کۆبوونەوەی میونشنیش کە تایبەتە بە ئاسایشی جیهانی و ئامادەبوونی وەفدی کوردی و، دیدار و کۆبوونەوەکانی سەرۆکی حکومەت لەگەڵ وەزیرانی دەرەوە و بەرگری و وزەی ئەمەریکا و وەزیری بەرگری ئەڵمانیا و روسیا و تەنانەت لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێرانیش، جیگای هەڵوەستە لەسەر کردنن و پێویستە کورد بە گرنگی و بایەخەوە لێی بڕوانێ و بە ئاگاییەوە هەنگاوەکانی داهاتووی خۆی لەسەر بنیات بنێ.
خاڵکی تر کە زۆر گرنگە و دەمەوێ لە پەراوێزی ئەم بابەتە ئاماژەی بۆ بکەم، کورد لە ئێستادا لە قۆناغێکدایە کە نەک هەر دۆستەکانی، بەڵکو دوژمن و نەیارەکانیشی ناچار بوون حیساب لەسەر پێگەی ئەمڕۆی کورد بکەن، کۆنگرەی داڤۆس و کۆبوونەوەی میونشن هیچ گومانێک لەسەر ئەو راستییەی سەرەوە ناهێڵن ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ دوو خاڵ، یەکەمیان ئەو سیاسەتە ئابووریە بوو کە توانرا وەڵامی قوت و مووچە و بودجەی حکومەتی هەرێمی پێ بدرێتەوە و کوردستانیش بەرێتە ناو سیاسەتی وزەی جیهانی، دوووەمیشین ئەو ئاسایشە تۆکمەیە بوو کە حکومەتی هەرێم توانی لە ناوچەیەکی پڕ فەوزا و نائارام و بێ ئاسایشدا دابینی بکات.
کورد لەو دوو بنەما گرنگ و سەرەکیەی کە لە سەرەوە باس کران توانیویەتی هەنگاوی زۆر باش و دڵ خۆشکەر ببڕێ، بەڵام لە بنمایەکی زۆر گرنگ و بەهادار بێبەشە و ئەویش کۆدەنگی و یەکهەڵوێستی نەتەوەییە و بە داخەوە تا ئێستا نەیتوانراوە ئەو کۆدەنگی و یەکهەڵوێستییە درووست بکرێت کە بتوانێ وەڵامی پیلانە یەک لە دوای یەکەکانی دوژمنان و داگیرکارانی کوردستانی پێبداتەوە، ئەگەر هاتبا و خاوەنی ئەو بنمایەش بووایە، بە دڵنیاییەوە ئێستا کورد لە قۆناغێکی تردا دەبوو و دەیتوانی لە دوا ئامانجیش نزیک ببێتەوە کە سەربەخۆیی کوردستانە، بۆیە پێویستە بەرژەوەندی حزبی و رق و کینەی سیاسی بەلاوە بنێ و کوردانە لە داهاتوو بڕوانێ، چونکە تەنها بە کوردبوون و کوردایەتی دەتوانین خۆمان لە دووبارە بوونەوەی کارەسات و نەهامەتیەکانی رابردوو بپارێزین و ئەو داهاتووەش بنیات بنێین، کە دەیان ساڵە و بگرەى زیاتریشە لە پێناو بەدیهێنانی خوێن دەبەخشین و قوربانی بۆ دەدەین