نەیارانی پارتی و هەوڵدان بۆ جێگرتنەوەی و مایەپووچ بوونیان

نەیارانی پارتی و هەوڵدان بۆ جێگرتنەوەی و مایەپووچ بوونیان

نەیارانی پارتی بە چەندین درووشمی بریقەدار و موزایەدەی سیاسی هەوڵەکانیان لەسەر جێگرتنەوەی پارتی چڕ کردنەوە و بۆ ئەو مەبەستەش هەموو رێگاکانیان تاقی کردنەوە بە رێگا ناشەرعیەکانیشەوە، لە دوای پیلانە شووم و فرە جەمسەرەکەی سەر شۆڕشی ئەیلول لە ساڵی ١٩٧٥ نەیارانی پارتی ئەوەیان وەک دەرفەتێک بۆ بەهێز کردنی پێگەی خۆیان قۆستەوە و لەباتی ئەوەی هەوڵەکانیان لەسەر وەڵامدانەوەی ئەو پیلانە چڕ بکەنەوە، دەیان تۆمەتی ناڕەوا و هەڵبەستراویان دایە پاڵ پارتی و خودی رابەر و پێشەوای کاریزمی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد، لە دامەزراندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا ئەو راستییەی سەرەوە بە بەرنامە کاری لەسەر دەکرا و تا ئەم ساتەوەختەش ئەو سیاسەتە بەردەوامە و درێژەی هەیە.
یەکێتی لە دامەزراندنیدا بۆ ئەوەی وەک حزبێکی مۆدێرن و جیاواز لە پارتی خۆی نمایش بکات، مافی چارەنووسی کردە درووشم و بەوەش خۆی لە پارتی جیا دەکردەوە کە حزبی بنەماڵە نییە, بەڵام لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ نەک هەر مافی چارەنووسی لەبیر کرد، بەڵکو هاوکات لەگەڵ دوژمنان و داگیرکارانی کوردستان بەگژ مافی چارەنووسی خەڵکی کوردستاندا چووەوە، ئەوەش بەڵگەی ئەوەیە کە هەر لە سەرەتاوە بڕوای مافی چارەنووس نەبووە و تەنها بۆ خۆڵ کردنە چاوی خەڵکی کوردستان ئەو درووشمەی بەرز کردۆتەوە.
ئەگەر بنەماکانی حزبی بنەماڵە و سیاسەتی ئێستای پاوانخوازی و رێکارەکانی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی چوارەمی ئەو حزبە لەبەر یەک رانێین، تێدەگەین کە یەکێتی بۆ بنەماڵەییش یەکەمی بێ رکابەرە و هیچ حزبێک شانی لە شانی نادات.
لە هەموو ئەو رێکارانەی بۆ لاوازکردنی پارتی گرتیانەبەر سەرکەوتوو نەبوون و نەیانتوانی ئامانجەکەیان بەدی بێنن، لە گەرمەی رێککەوتنی ستراتیجی نێوان پارتی و یەکێتی کە خزمەتێکی زۆری بە پرسی کورد کرد، رۆڵی وەلانانی پارتییان لەبیر نەکرد و ئەمجارە جێگرتنەوەیان بە نەوشیروان مستەفا سپارد، ئەویش بە موزایەدەی گەندەڵی و سیاسەتی (ارحل) بەختی خۆی تاقی کردەوە، دوای ئەو هەموو فرمێسک رشتنە بۆ بە فیڕۆدانی سامانی گشتی و قووت و گوزەرانی خەڵک، چۆن لە مافی چارەنووس پەشیمان بوونەوە و لە حزبی بنەماڵەشدا گرەیان بردەوە، ئەویش گردێکی ١٢٢ دۆنمی لە ناوجەرگەی شاری سلێمانی لەسەر دوو کوڕەکەی تاپۆ کرد، ئەوە جگە لە کارگەی چیمەنتۆی بازیان و چەندان بینا و مۆڵ لە ناوە و ڤێلا لە دەرەوەی وڵات، بۆیە پێویستە ئەوانە و هەموو ئەوانەش کە لە داهاتوودا رێچکەی وەلانانی پارتی دەگرنە بەر و بە خەیاڵی جێگرتنەوەی پارتی دەژین، دەبێ ئەو راستییە بزانن کە تا پارتی خاوەنی بنەماڵەی بارزانی بێ، چۆن لە رابردوودا مایەپووچ بوون، لە داهاتووشدا هەر مایەپووچ دەبن.
Top