ئەو کاتەی لە بەرگی کوردبوون و کوردایەتیدا، کوردبوون و کوردایەتی بە تاوان دەزانرێ

ئەو کاتەی لە بەرگی کوردبوون و کوردایەتیدا، کوردبوون و کوردایەتی بە تاوان دەزانرێ

لە سەردەمی رژێمی بەعس کوردبوون و کوردایەتی تاوان بوون، بەو تاوانەش زیندانەکان لە کەسانی خۆ بە کوردزان و هەڵگرانی ئاڵای کوردایەتی جمەیان دەهاتوو هەزاران کەسیش بە هۆی بوونی ئەو تاوانەوە چوونە ژێر پەتی سێدارە و گیانیان بە کوردبوون و کوردایەتی بەخشی، ئێستاش لە تورکیا و ئێران کار بەو یاسایە دەکرێ و عێراق و سوریاش هەر کاتێک دەستیان بڕوا ئەو یاسایە بەرکارە و کاری پێدەکرێ.
لە سەردەمی رژێمی بەعس و لە تورکیا و ئێرانی ئێستاش هەر کوردێک ئاڵای کوردستانی پێ ببینرێ، یان لەبەر خۆیەوە (ئەی رەقیب) بچڕێ، یان باسی سەربەخۆیی و بە ئازادی ژیان بکات و پێشمەرگە بە هێزی شۆڕشگێڕی کورد بزانێ، تاوانی کردووە و دەبێ سزای ئەو تاوانەش وەربگرێ.
بەر لە راپەڕین و لە سەردەمی خەباتی شاخ رژێمی بەعس پارتی و یەکێتی و سۆشیالیست و هەموو لایەنە کوردستانیەکانی بە کوردبوون و کوردایەتی تاوانبار دەکردن، ئێستا هەندێ حزب و لایەنی کوردی لە بەرگی کوردبوون و کوردایەتیدا ئەو رۆڵەی بەعس و تورکیا و ئێران دەگێڕن و لایەنگرانی خۆیان لەسەر ئەو کلتوورە دژە کوردانەی داگیرکارانی کوردستان پەروەردە دەکەن، ئەو حزب و لایەنانە هەموو کوردبوون و کوردایەتییەک بە پارتی بوون تاوانبار دەکەن، ئاڵای کوردستان بووەتە ناسنامەی پارتی و ئەو حزب و لایەنانە ئەگەر دەستیان بڕوا، وەک بەعس سزای هەڵواسین و لە سێدارە دان بەسەر هەڵگرانیدا دەسەپێنن، چڕینی (ئەی رەقیب) کە سەردەمانێک وزەی کوردبوون و کوردایەتی بە پێشمەرگە و شۆڕشگێڕان دەبەخشی، ئێستا تۆمەتی کافربوونی پێ دەدرێتە پاڵ (رۆڵەکانی رەنگی سوور و شۆڕش)، خۆ هەر کەسێک باسی سەربەخۆیی کوردستان و ئازدی کورد بکات، ئەوان بە پیلانگێڕان دژ بە یەکپارچەیی خاکی عێراق تاوانباری دەکەن.
مەترسی بە تاوان کردنی کوردبوون و کوردایەتی لەلایەن ئەو دەستە و گرووپانەی لە بەرگی کوردبوون و کوردایەتی دان، زۆر لە مەترسی بەعس و تورکیا و ئێران بۆ سەر کوردبوون و کوردایەتی زیارترە، چونکە بەعس و تورکیا و ئێران چەندی سزای کوردبوون و کوردایەتی گەورە کردبا، کوردپەروەر و شۆڕگێڕان لەسەر کوردبوون و کوردایەتی سوورتر دەبوون، بەڵام بە تاوان کردنی کوردبوون و کوردایەتی لە بەرگی کوردبوون و کوردایەتیدا، ئیرادەی کوردبوون و کوردایەتی لای بەشێک لە خەڵکی کوردستان دەکوژێ، هەر وەک ئەوەی ئێستا بەو هۆیەوە خەڵکێک شەڕ بە کوردبوونی خۆی دەفرۆشێ و کوردایەتیش بە تاوان دەزانێ.
Top