خوێندنەوەیەکی کوردانە بۆ رێبازی بارزانی نەمر
February 9, 2020
وتار و بیروڕا
چۆن مەرج نییە هەموو پارتییەک شوێنکەوتەی رێبازی بارزانی نەمر بێ، ئەوهاش مەرج نییە کەسانی دەرەوەی پارتی شوێنکەوتەی رێبازی بارزانی نەمر نەبن، چونکە بارزانی نەمر کوردبوون و کوردایەتی و بەرگری کردن لە کوردستانی بە ئامانج زانیون و لەو روانگەیەشەوە نەخشەی بۆ دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان کێشاوە، ئەوەش ئەو راستییە دەسەلمێنێ کە بارزانی نەمر پارتیبوون و پارتایەتی بە وەسیلەی گەیشتن بەو ئامانجە زانیوە، بۆیە هەر کەسێک ئامانجی کوردبوون بێ و بڕاوای بە کوردایەتی بەرگری کردن لە کوردستان هەبێ، لەناو هەر حزب و رێکخراوێکی سیاسیدا کار بکات لە ئامانجەکەدا دێتەوە ناو رێبازی بارزانی نەمر.
کاتێک دەڵێم: بارزانی نەمر کوردبوون و کوردایەتی و بەرگری کردن لە کوردستانی بە ئامانج زانیون و پارتیبوون و پارتایەتیشی بە وەسیلەی گەیشتن بەو ئامانجە زانیوە، بێ بەڵگەی سەلمێنەر ئەو قسەیە ناکەم، بۆ خستنەڕووی بەڵگەش دەڵێم: کاتێک بارزانی نەمر بە هێزی بارزانیەکان دەچووە هاوکاری شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە باکوور و کۆماری کوردستان لە رۆژهەڵات، سەرۆک و رابەری هیچ حزب و رێکخراوێکی سیاسی نەبوو، ئەوەش ئەو راستییەمان پێدەڵێ کە بارزانی نەمر بەو هێزەی لە گەنج و لاوەکانی بارزانی کە لەبەر دەستیدا بوون، ئەو ئامانجەی پێ بە ئامانج دەگرتن کە کوردبوون و کوردایەتی و بەرگری کردن لە کوردستان بوو.
خاڵێکی تر کە دەمەوێ بیخەمەڕوو.. بە درێژایی مێژووی شۆڕشی ئەیلول زۆر کەس لەناو شۆڕشدا پلە و پۆستیان هەبووە و پارتیش نەبوون، بەڵام ئەو کەسانە ئامانجیان کوردبوون و کوردایەتی و بەرگری کردن لە کوردستان بووە و بارزانی نەمریشیان بە رابەری گەیشتن بەو ئامانجە زانیوە، بۆیە ئەوانە رۆژێک لە رۆژان هەستیان بەوە نەکردووە کە پارتی نەبوون ئاستەىنگی بۆ درووست کردوون، زۆر کەسیش لەناو پارتی و شۆڕشدا پلە و پۆستی زۆر باڵایان هەبووە، بەڵام ئامانجیان کوردبوون و کوردایەتی و بەرگری کردن نەبووە لە کوردستان، وەک بینیمان ئەوانە هیچ کاتێک لەلای بارزانی نەمر و لەناو پارتیدا جیگای متمانە نەبوون و جێگایان نەبۆتەوە و پارتیبوون نەبۆتە ئەو هۆکارەی بتوانن پلە و پۆستەکانی خۆیانی پێ بپارێزن.