پارتی و یەکێتی لە نێوان دوێنێ و ئەمڕۆدا

پارتی و یەکێتی لە نێوان دوێنێ و ئەمڕۆدا

دوێنێ یەکێتی چی دەگوت و ئەمڕۆ چی دەکات! ئەوەی دوێنێ شانازی پێوە دەکرد ئەمرۆ لێی هەڵگەڕاوەتەوە و وەک خیانەت پارتی پێ تاوانبار دەکات، ئەگەر بانگەشەی پارتی و یەکێتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ساڵی ١٩٩٢ لەگەڵ ئێستا بەراورد بکەین هیچ گومانێک لەسەر ئەو راستییەی سەرەوە نامێنێ.
لە ساڵی ١٩٩٢ دنیا بە رووی پرسی کورددا وەک پرسێکی سیاسی داخرابوو، رژێمی بەعس زۆر لە رژێمە لەرزۆک و بێ سەروبەرەکەی ئێستای شیعە بەهێزتر بوو، کورد لەژێر چەتری ئارامی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەپارێزرا، حکومەتی هەرێم لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هیچ حیسابێکی سیاسی بۆ نەدەکرا، لەو کاتەدا لە قۆناغە نابەرامبەردا یەکێتی لە سەربەخۆیی کەمتر رازی نەدەبوو، بە موزایەدەی سەربەخۆیی توانجی لە ئۆتۆنۆمی پارتی دەگرت و پارتی بە دواکەوتوو دەزانی و واشی پیشان دەدا کە خۆی پێشکەوتووە.
ئێستا دنیا وەک پرسێکی سیاسی مامەڵە لەگەڵ پرسی کورد دەکات، عێراق بۆتە وڵاتی قەیران و میلیشیا بەڕێوەی دەبات، هەر میلیشیایە و بە حەز و ویستی میلیشیایی خۆی بڕیار دەدات، لە چەندین لاوە دەست لە کاروباری ناوخۆی عێراق وەردەرێ و هیچ سیمایەکی وڵاتبوونی پێوە نەماوە، لە بەرامبەردا کورد لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی حیسابی وڵاتی سەربەخۆی بۆ دەکرێ، سەرۆکی هەرێم وەک سەرۆکی وڵاتێکی سەربەخۆ لە کۆنگرە و کۆنفرانسە نێودەوڵەتیەکان پێشوازی لێدەکرێ و گوێ لە راو سەنجەکانی دەگیرێ، لەگەڵ بوونی هەموو ئەو راستییانە و زۆر راستی تریش یەکێتی بەرەو دواوە گەڕاوەتەوە و بێ لەبەرچاو گرتنی گۆڕانکاریەکان و ئەو هەلومەرجە لەبارەی بۆ کورد رەخساوە، بێ ئاوڕ دانەوە لە هاتووهاواری سەربەخۆیی دوێنێی لە عەرەب عەرەبتر بەرگری لە یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکا و هەر هەنگاوێکیش بەرەو سەربەخۆیی بە خیانەت و هەوڵدان بۆ دابەش کردنی خاکی عێراق ناو دەبات.
پارتیش لەگەڵ هەر گۆڕانکارییەک بە بەرز کردنەوەی کێرڤی داواکاریەکانی خۆی لە دوا ئامانج کە سەربەخۆیی کوردستانە نزیک دەکاتەوە، لە ئۆتۆنۆمییەوە بۆ فیدراڵی و فێدراڵێشی چەسپاند، ئێستا کێرڤی فێدراڵیشی بۆ سەربەخۆیی بەرز کردۆتەوە و بە دڵنیاییشەوە سەربەخۆییش دەچەسپێنێ.
Top