پێویستە پارتی بدرێتە دادگا

پێویستە پارتی بدرێتە دادگا
دەسەڵاتدارانی سلێمانی و کادیرە شاراوەکانیان لەناو حزبەکانی تر و بەناو رۆشنبیرانی ئەو شارە پێویستە پارتی بدەنە دادگا، ئەگەر پارتی شەقامەکانی ١٠٠ مەتری و ١٢٠ مەتری و ١٥٠ مەتری لە هەولێر درووست نەکردبان و ئەو شارەش وەک سلێمانی بێناز کرابا، نە پارەی دزراوی پرۆژەکانی سلێمانی ئاشکرا دەبوون، نە بەناو رۆشنبیرانی سەربەخۆ و کادیرە شاراوەکانی یەکێتی ناو حزبەکانی تر وەک ئێستا تووشی خەجاڵەتی و شەرمەزاری دەبوون.
زۆر جار لە دادگای فیدراڵی سکاڵا لەسەر پارتی تۆمار کراوە و هەوڵدراوە بدرێتە دادگا و سەرکەوتوو نەبوون، لە دوای بڕینی مووچە و قوتی خەڵکی کوردستان بە پێشنیاری ئەوان پەرلەمانتارە دەمامکدارەکانی یەکێتی لەناو فراکسیۆنی حزبەکانی تر، بەناوی دواکەوتنی مووچە و دەست بردنی پارتی بۆ ئابووری سەربەخۆ لە دادگای فیدراڵی سکاڵایان لەسەر تۆمار کرد و نەیانتوانی پارتی بەرنە ناو قەفەسی دادگای فیدراڵی.
لە دوای ریفراندۆمیش عێراقچی و دژبەرانی سەربەخۆیی دەستە دەستە بەرەو بەغدا دەڕۆیشتن و داوای پێهێنانی حکومەتی (ئینقاز)یان دەکرد و کاریان لەسەر ئەوەش دەکرد بە تاوانی سەربەخۆخوازی ریفراندۆمچییەکان بدەنە دادگا، لەوەش بەختیان نەیهێنا و نە حکومەتی (ئینقاز)یان پێکهێنا و نە ریفراندۆمچییەکانیشیان پێ درانە دادگا، ئێستا کاتیەتی جارێکی تریش بەختی خۆیان تاقی بکەنەوە و بە هۆی خزمەتگوزاری و نەبوونی شەقامەکانی ١٠٠ مەتری و ١٢٠ مەتری و ١٥٠ مەتری لە سلێمانی شارەکانی تری عێراق پارتی بدنە دادگا.
Top