دەستپێکێکی پڕ کێشە و کۆتاییەکی بە مەهزەلە

دەستپێکێکی پڕ کێشە و کۆتاییەکی بە مەهزەلە
عادل عەبدولمەهدی دەستی لە کار کێشایەوە و محەمەد تۆفیق عەلاوی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت راسپێردرا، لەگەڵ راسپاردنی خۆپیشاندەران رەتیان کردەوە و دەڵێن: ئەویش لە کابینەکانی پێشوو پۆستی هەبووە و قبوڵمان نییە، سوننەکانیش بە بازرگانی ناو دەبەن، ناوماڵی شیعەش لەسەری کۆک نین و سەدر و فەتح وەک دوو فراکسیۆنی گەورەی ناو پەرلەمان پشتیوانی دەکەن، عەبادی و مالیکی و حەکیمیش وەک سێ فراکسیۆنی شیعە رەتی دەکەنەوە، ئەمەریکا پشتیوانی خۆی بۆ دەربڕی و بە هۆی پشتیوانی سەدر و فەتح ئێرانیش بە کاندیدی خۆی دەزانێ، کوردیش سووکە مەرجێکی هەیە و مەرجەکەشی ئەوەیە محەمەد تۆفیق عەلاوی رێککەوتنی هەولێر و بەغدای قبوڵ بێ، مەرجەع تا ئێستا بێدەنگە و پێدەچێ زیاتر چاوەڕوانی هەڵوێستی خۆپیشاندەران بێ.
محەمەد عەلاوی بەر لە دەست بەکار بوون و وەرگرتنی متمانەی پەرلەمان رووبەڕووی ئەو کێشانە و زۆر کێشەی تریش بۆتەوە، بەڵام ئەوەی لە ئێستادا کێشەی گەورە و بەرچاوە هەڵوێستی خۆ پیشاندەرانە، سەدر بۆ لابردنی ئەو کۆسپە (کڵاو شینەکان)ی خۆی ناردوونە ناو خۆپیشاندەران، محەمەد عەلاویش کەوتۆتە مەرایی کردن و بەڵێندان بە خۆپیشاندەران.
کورد دەڵێ: مانگە شەو سەر لە ئێوارە دیارە، یان دەڵێ: منداڵ ئەگەر نەژی بە... دیارە، جا کابینەیەک بە ژانی ئەو هەموو کێشە و ناکۆکیانە لە دایک ببێ، لەگەڵ دەست بەکار بوونیشی رازی کردن و پاراستنی بەرژەوەندی ئەو هەموو حزب و کوتلە و میلیشیا و ئێران و ئەمەریکاش دەبنە سەربار، بۆیە چۆن دەستپێکەکەی پڕ کێشەیە، زۆر ناژی و تەمەنی کورت دەبێ و کۆتاییەکەی دەبێتە مەهزەلە.
Top