عێراق بەرمیلێک بارووتە و لە لێواری تەقینەوە دایە

عێراق بەرمیلێک بارووتە و لە لێواری تەقینەوە دایە

لە درووست بوونی دەوڵەتی عێراقەوە ئەو وڵاتە هیچ کاتێک وەک ئێستا پەرپووت و لاواز و لەرزۆک نەبووە، بە درێژایی میژووش لاوازی عێراق لە بەرژەوەندی کورد بووە و هەر کاتێک بەغدا بەهێز بووبێ کورد قڕان و کاول کردنی کوردستان لە پێشینەی کارەکانی بووە، دەبێ کورد کەڵک لەو پەرپووتی و لەرزۆکی و لاوازیەی حکومەتی عێراق وەربگرێ، کاتێکیش کورد دەتوانێ ئەو هەنگاوە بنێ و کەڵک لە پەرپووتی و لاوازی عێراق وەربگرێ ، کە کۆدەنگی و یەکهەڵوسێتی و تەبایی ناو حزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بکاتە ئەو چەکەی کە وەڵامی ئەو پەرپووتی و لاوازیەی بەغدا و ئەو قۆناغە هەستیارەی پێ بداتەوە.
بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێ هەندێ کەس و دەستە و گرووپ پەند لە مێژوو وەرناگرن و نایانەوێ کەڵک لەو پەرپووتی حکومەتی بەغدا و پەرتەوازەیی ناوماڵی شیعە و سوننە لە لایەک و ناوماڵی شیعە لە لایەکی تر وەربگرن، وەک ئەوەی رێکخستنەوەی ناوماڵی کورد و تەبایی و کۆدەنگی ناو حزب و لایەنەکانی کوردستان تاوان بێ، هەر کەسێک باسی گرنگی تەبایی و کۆدەنگی بکات ئەو کەس و دەستە و گرووپانە پێی دەڵێن: تۆ پارتی، وەک ئەوەی کوردبوون و کوردایەتی کردن خەتا و خیانەت بێ، هەر کەسێک باسی کوردبوون و کوردایەتی بکات، دەڵێن: تۆش بوویتە پارتی، هەر کەسێک لە بۆنەیەکیشدا ئاڵای کوردستان بەرز بکاتەوە، دەڵێن: فڵانە کەسیش بۆتە پارتی، واتا ئەو کەس و دەستە و گرووپانە بەها و رەمزە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان بە مڵکی پارتی دەزانن، ئەوەش جیا لەوەی پارتی پێ دەکەنە خاوەنی پرسی کورد کە بەڕاستیش خاوەنیەتی، خۆیانی پێ لە هەموو پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان بە دوور دەگرن، بۆیە ئەو کەس و دەستە و گرووپانە تا بەرژەوەندی گشتی و بەها و رەمزە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان نەخەنە پێش بەرژەوەندی کەسی و سەرووی بەها و رەمزە حزبییەکان، نابینە خاوەنی ئەو دەنگ و رەنگە کوردایەتییەی بتوانین وڵامی ئەو قۆناغە هەستیارەی پێ بدەینەوە و ناشبینە خاوەنی ئەو هێزەی لە رووی حکومەتە پەرپووت و لەرزۆکەکەی بەغدا بەهێز دەربکەوین.
Top