غەریبی ئەحمەد مریەم بۆچی گریا؟

غەریبی ئەحمەد مریەم بۆچی گریا؟
زستانی ساڵی ١٩٨٩ بۆ ئەنجامدانی کارێکی حزبی هاتمە ناو شاری قەڵادزێ و چەند رۆژێک مامەوە، یەکێک لەو ماڵانەی کە بۆ ئێمەی پێشمەرگە وەک بارەگایەکی نێهێنی وابوو ماڵی شەهید ئەحمەد مریەم بوو، دوای ئەنجامدانی کارەکە بەرنامەی گەڕانەوە دانا، ئەو شەوە شەوێکی تۆف و باراناوی بوو، وەک دەڵێن شەوی پێشمەرگە بوو، رێگاکەش بە خڕی (دوبێ)و دۆلێ (زەندان)دا بوو، جاشەکان لەو رێگایە بەردەوام بۆسەیان دادەنا، ئەگەر پێشمەرگایەتی و باوەڕی تەواو بە پرسی کورد نەبووایە، ئەو رێگایە رێگای هاتووچۆ نەبوو.
دوای ئەوەی دنیا تاریک بوو هاتمە حەوشە و خەریکی ماڵئاوایی بووم، غەریب کوڕە بچووکی شەهید ئەحمەد مریەم و دایکی و براکانی تری بە ناوەکانی ئازاد و خالید لەگەڵم وەستا بوون، وەک پێشمەرگەیەک ئیرەییم بە ئازایەتی ئەوان دەبرد و بە خۆمم دەگوت: بەڕاستی ئەوانە پێشمەرگەن، غەریب کە ئەوکات تەمەنی پانزە ساڵان بوو سەیرم کرد زۆر بە کوڵ دەگریا، منیش گوتم کاکە غەریب بۆچی دەگری: دایکی گوتی: بۆ تۆ دەگری، منیش دەستیم گرت و گوتم: کاکە غەریب بۆچی بۆ من دەگری؟ ئەویش گوتی: بەو شەوە باران و تاریکە دەڕۆی و سەرمات دەبێ و دەترسم بەسەر بۆسەی جاشاندا بکەوی، منیش گوتم: نا کاکە غەریب.. ئێمەی پێشمەرگە سەرمامان نابێ و لە بۆسەی جاشەکانیش ناترسین، ئەو جار ژیر بووەوە و منیش ماچم کرد و ماڵئاواییم کرد، ئێستاش زۆر جاران وەک بیرەوەرییەک ئەو رووداوە دەگێڕینەوە و کاکە غەریب لە باتی گریان پێدەکەنێ و هیوای تەمەن درێژی بۆ دەخوزم.
Top