کورد و پرسی چوار

کورد و پرسی چوار

دەڵێن: کابرایەک زگی دێشا دەستیان بە پشتیدا دێنا، کوردیش بەدەست کیشەی (چوار)ەوە دەناڵێنی، بەڵام کێشەی چوار دوژمنی، نەک کێشەی چوار ژنی، دەبێ مەلا مەزهەری سکاڵا لەسەر تۆمار کراو و ژنانی سکاڵا کار ئەو راستییە بزانن کە کیشەی کورد لەوەدا نییە پیاو یەک ژنی هەیە یان دووان و سێ و چوار، کێشەکەی لەوەدایە وڵاتەکەی کراوەتە چوار بەش، ئەوەش وایکردووە چوار داگیرکاری هەبێ و هەر چواریان لەسەر کوشتن و کاولکاری وڵاتەکەی دەبنەوە یەک و وەک یەکیش بیر دەکەنەوە، کەچی هیچ لایان باس لە دۆزینەوەی دەرمانی ئەو چوار ڤایرۆسە داگیرکارە ناکەن و بوون و نەبوونی چوار ژنی دەکەن بە کێشەی نێوان خۆیان و خەریکە ورگی یەکتری لەسەر دەدڕن.
ئای کورد چەند سەیرە! کورد چوار داگیرکار و چوار دوژمنی هەیە، کەچی خۆی بە بوون و نەبوونی چوار ژنیەوە خەریک کردووە و خەریکە ورگی یەکتری لەسەر دەدڕن، خۆزگە مەلا مەزهەری سکاڵا لەسەر تۆمار کراو و ژنانی سکاڵاکار خۆیان بە کێشەی بە چوار دوژمنەکەی کوردەوە خەریک دەکرد، نەک وەک ئەوەی بینیمان کە ژنان شانازیان بە سکاڵاکەیانەوە دەکرد و مەلا مەزهریش خۆی بە کۆنگرە رۆژنامەنووسیەکەیەوە رادەنا.
Top