پەندی پێشینان ئەگێڕێتەوە . . گیا لەسەر پنجی خۆی دەڕوێتەوە
January 26, 2020
وتار و بیروڕا
مامۆستا هەژار موکوریانی دەڵێ: جارێکیان بە بارزانی نەمرم گوت: ئەگەر ببینە دەوڵەتیش لەبەر ئەوەی لە هیچ لایەکەوە ناچینەوە سەر دەریا کێشەی زۆرمان بۆ درووست دەبێ، لە وەڵامدا بارزانی نەمر فەرمووی: هەژار تۆ بەلای خۆیەوە شەرەفنامەت وەرگێڕاوە، ئەی نابینی لە ئەسکەندەروونەوە دەچینەوە سەر دەریا، هەژار دەڵێ: ئەوجار تێگەیشتم ئامانجی بارزانی نەمر رزگار کردنی هەر چوار پارچەی کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردییە.
سەرۆک بارزانیش لە ژێر کاریگەری ئەو هزر و بیرە نەتەوەیی و نیشتیمانیە بوو کە هێزی پێشمەرگەی نارد بۆ کۆبانێ، جگە لەوەش ئەنجامدانی ریفراندۆم وەک هۆکاری گەیشتن بە ئامانجی سەربەخۆیی کوردستان و رزگاری کورد، بەدیهێنانی ئەو خەونەی بارزانی نەمر بوو کە لە پێناویدا خەباتی کرد و رەنج و قوربانی زۆری دا.
لەگەڵ رەخسانی دەرفەت بۆ کوردانی رۆژهەڵات، بارزانی نەمر بە هێزێکی کارامەی بارزانیەکانەوە خۆی گەیاندە ئەو بەشەی کوردستان و بووە گەورەترین پشت و پەنای کۆمار، دوای پیلانە نەگریسەکەی سەر کۆمار و وەرگرتنی ئاڵای کوردستان لە پێشەوا قازی، بارزانی نەمر ئەو ئاڵایەی وەک شکۆی نەتەوە پاراست و نەیهێشت دوژمنان بیخەنە ژێرپێ، لە کۆنگرەی داڤۆس نێچێرڤان بارزانی هەمان ئەو ئاڵایەی هەڵکرد و بە جیهانی گوت: ئێمەی کوردیش خاوەنی ئەو ئاڵایەن کە پێشەوا قازی لەسەر کۆماری کوردستان هەڵیکرد و دوای کەوتنی کۆماریش بارزانی نەمر پاراستی، ئەو دوو بەڵگە و دەیان و سەدان بەڵگەی تریش پێماندەڵێن: بەڕاستی لەسەر پنج ڕوانەوە وەک بنەماڵەی بارزانی نەمر دەبێ.