سەرۆكی كوردستان و داڤۆس، بەكورتی.
January 25, 2020
وتار و بیروڕا
ساڵانە سەرۆكی چەندین وڵاتی گەورەی جیهان و پێگە گرنگ بەشداری تێدا دەكەن، بەمەبەستی بەرەو پێشبردنی ئابوری وڵاتەكەیان. لە نێو ئەم وڵاتانەدا هەرێمی كوردستان ساڵانە بەشداری لەم كۆربەندە ئابوریە دەكات. ئەمەش گرنگی خۆی هەیە لەرووی ئابوری و پێگەی هەرێمی كوردستان بەگشتی و كرانەوەی دەروازەیكی نوێ بەڕوی جیهان.
لەم كۆربەندە سەرۆكی ولاتان دانیشتن و گفتوگۆی جیاوازیان دەبێت لەسەر بابەتی جیا، بۆ ئەمساڵیش هەرێمی كوردستان بەشداری كرد لەم كۆڕبەندە، تێیدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشداری كرد و دانیشتنی تایبەتی ئەنجامدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی زلهێزترین وڵاتی جیهان.
ئەم چاوپێكەوتنە گرنگی خۆی هەیە لەرووی ئابوری، سیاسی و سەربازی بۆ هەرێمی كوردستان، لەم بینینەدا دۆناڵد ترەمپ لەبڕی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەستەواژەی سەرۆكی كوردستانی بۆ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بەكار هێنا، ئەمەش لێكدانەوەی جیاوازی بۆ كراوە لەلایەن شرۆڤەكارانی سیاسی.
چونكە ئەم دەربِرینە بۆ سەرۆكی وڵات بەكاردێت، هەرچەند كوردستان هێشتا هەرێمێكە لە چوارچێوەی عێڕاق، بەڵام دەربِڕینەكەلەم كاتەدا بایەخی خۆی هەیە،بەشێك لە شرۆڤەكاران باس لەوە دەكەن ئەم دەربِڕینەی ترەمپ كارتێكە دژی عێراق ئاماژەیەكی فشارە بۆ ئێران! یاخود دەربڕینەكە هەروا سادەو ساكاربووە؟
هەرچۆنێك بێت ئەم چاو پێكەوتنە سوقل و گرنگی خۆی هەیە بۆ پێگەی هەرێمی كوردستان، ئەمە وادەكات ئەمریكا زیاتر چاو بخاتە سەر كوردستان، بایەخی زیاتری پێبدات لەروی ئابوری، سیاسی و سەربازی، وای دەبینم لەمەو دوا زیاتر شاندی ئەمریكی هەنگاو بهاوێژن بەرەو هەرێمی كوردستان بەمەبەستی جیا.
ئەوەی شایەنی باسە كورد بەگشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست قازانجی زۆری بە ئەمریكا گەیاندووە، بەتایبەت لەروی ئابوری، چونكە هەمیشە كورد لەبەرژەوەندی ئەمریكا جوڵەی كردوە لەو شوێنانەی بەشێكن لەسەرچاوەی ئابوری ئەم وڵاتە، ئەمەش خاڵێكی گرنگ بوە بۆ ئەمریكا زیاتر بایەخ بە كورد بدات، چونكە چەندە كورد بەهێز بێت هێندەش پێگەی ئابوری ئەمریكا بەهێز دەبێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بە پێچەوانە لاوازی كورد دەبێتە مەترسی بۆسەر بەرژەوەندیەكان ئەمریكا، لەلایەكی تر كوردستان بۆتە ماڵێكی ئارام بۆ پێگەو بنكە سەربازیەكان ئەمریكا. ئەمەش نیشانەی ئەوەیەی كورد دۆستی ئەمركایە دەبێت ئەمریكاش ئەمەی لەبەرچاوبێت، لە عێڕاق بڕیاری یاسایی دەرچووە بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لەم وڵاتە، كەچی هەرێمی كوردستان وەك بەشێك لە عێڕاق ئامادەیە ئامێز بكاتەوە بۆ هێزەكانی ئەمریكا.
بەڵام دەبێت لەمەودوا كوردیش داواكاری ومەرجی خۆی هەبێت لەبەرامبەر ئەو هەموو گرنگیەی كوردستان هەیبووە بۆ ئەمركیەكان، پێویستە سەركردایەتی كورد بەشێوەیەكی بابەتیانە گشت گرنگیەكانی هەرێمی كوردستا بۆ ئەمریكا رونبكاتەوە، هەوڵبدرێت لەمەودوا كورد لۆبی گەورەتربكات لە ئەمریكا تەنها لە چوارچێوی سیناتۆرەكان نەمێنیتەوە. بەڵكو لەمەودوا سنوری لۆبی كردن بۆ كوردستان لە ئەمریكا سەرۆكی وڵات بگرێتەوە، باوەڕی پێبهێندرێت بونی كوردستان وەك كیانی سەربەخۆ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەندین قازانجی راستەخۆی بۆ ئەمریكا دەبێت.