بارزانی و کوردایەتی
January 25, 2020
وتار و بیروڕا
بارزانی لە کوێ بێ کوردبوون و کوردایەتی لەو شوێنەیە، بە پێچەوانەشەوە بارزانی لە هەر شوێنێک دوور بێ کوردبوون و کوردایەتی لەو شوێنە زەلیل و داماوە، بە گەڕانەوەش بۆ مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد ئەو راستییە حاشا هەڵنەگرە بەدی دەکرێ، کە بارزانی و کوردبوون و کوردایەتی دوو چەمکی لێکئاڵاون و هێچ هێزێک نەیوانیوە لە یەکتریان جیا بکاتەوە و لەمەولاش لە یەکتری جیا ناکرێنەوە, ئەوە بارزانی نەمر و کۆماری کوردستان لە رۆژهەڵات و شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە باکوور و (کوردستان یان نەمان) لە باشوور, ئەوە سەرۆک بارزانی و ریفراندۆم و گەڕانەوە بۆ دەنگ و ئیرادەی خەڵکی کوردستان و، پێداگری لەسەر بەدەسهێنانی مافی سەربەخۆیی و پاراستنی دەستکەوتەکان و، بەرز راگرتنی ئاڵا و برەودان بە کوردبوون و کوردایەتی و کۆی رەمز و بەها نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان، ئەوە نێچیرڤان بارزانی و کۆڕبەندی داڤۆس و شەکانەوەی ئاڵای کورستان لە پشت سەرۆک کۆماری بەهێزترین وڵاتی جیهان.
کاتێکیش دەڵێم: بارزانی لە هەر شوێنێک دوور بێ کوردبوون و کوردایەتی لەو شوێنە زەلیل و داماوە، ئەوە کەرکوک و زەلیلی و داماوی کوردبوون و کوردایەتی لەو شارە کوردستانییە، تا بارزانی لە کەرکوک بوو ئاڵای کوردستان لەو شارە دەشەکایەوە، دوای ئەوەی لە ١٦ی ئۆکتۆبەر بە پیلانێک و بە شێوەیەکی کاتی توانرا بارزانی لەو شارە دوور بخرێنەوە، بینیمان چۆن ئاڵای کوردستان خرایە ژێرپێ، ئەوەش ئەو راستییەمان پێدەڵێ: بە گەڕانەوەی بارزانی بۆ کەرکوک شکۆ و بەها بۆ کوردبوون و کوردایەتی دەگەڕێتەوە و ئاڵای کوردستان لە ژێرپێ دەردەهێنرێتەوە و وەک جاران لە بەرزی دەشەکێتەوە.