سیاسەتی کەری دێزە
January 20, 2020
وتار و بیروڕا
پێشبڕکێ و رکابەری سیاسی لەنێوان ئەم حزب و ئەو حزب شتێکی ئاسایی و نۆرماڵە، بەڵام بە مەرجێک لەو پێشبڕکێ و رکابەریەدا وەک کورد دەڵێ: نەڵێی (ماستێک خۆم نەیخۆم خۆڵی تێدەکەم)، پێشبڕکێ و رکابەری سیاسیش تا ئەو ئەو شوێنە جوان و بەجێیە کە لەسەر بنامای زیارتر خزمەت کردن بێ، نەک وەک ئەوەی لە کوردستان بۆتە دیاردە و شکست پێهێنانی بەرامبەر بکەیتە ئامانج و بۆ گەیشتن بەو ئامانجەش خیانەت و پەنا بردن بۆ دوژمنانیش حەڵال بکەی.
دەبێ هەموو ئەو کەس و لایەن و دەستە و گرووپانەی کە بە مەبەستی بەزاندن و سەرکەوتن بەسەر رکابەرەکانیادا، یان بە مەبەستی بەدەستهێنانی دەستکەوت و ئیمتیازی تایبەتی سیاسەتی کەری دێزە دەگرنە بەر و بڕیاریان داوە ماستێک خۆییا نەیخۆن خۆڵی تێبکەن، ئەو راستییە بزانن کە ئەوان بەکارهێنراون و دوژمن بە ئامانجی گۆڕینی هاوسەنگی هێز بەلای خۆیدا بەکاریان دێنێ و هەر کاتێک هاوسەنگی هێزی پێ گۆڕین، نەک هەر بەرەڵایان دەکات، بەڵکو ئەوانیش دەکەونە بەر رق و تووڕەیی دوژمنکارانەی دوژمن و وەک دوژمنی دووەمی خۆی مامەڵەیان لەگەڵ دەکات، لەو بارەشەوە مامۆستا هەژار موکوریانی جوانی فەرمووە کە گوتوویەتی:ــ
جەحشی وەحشی بووی لە تاوی پارە بیر ناکەیتەوە
جەنگی کوردستان نەمێنێ جاش بەلاش دەخولێتەوە