کوشتن هەر کوشتنە

کوشتن هەر کوشتنە

کوشتن لە هەر شوێنێک بێ هەر کوشتنە و بە هەر هۆکارێک بێ کارێکی خراپ و قێزەونە، لەوەش خراپتر و قێزەونتر بەکارهێنانی مەرگی کەسەکەیە بۆ مەرامی سیاسی.
لە هەولێر هەرکەسێک بە هەر هۆکارێک بمرێ هەندێ پەرلەمانتار و بەناو رۆشنبیری سەربەخۆ یان خۆیانی لێ دەکەن بە کەڕەی شەربەتفرۆش، یانیش پێش دەزگا پەیوەندارەکان دەکەونە بڕیاردان و بە سیاسی دەکەن و بۆ مەرامی تایبەتی لایەنێکی دیاریکراوی پێ تاوابار دەکەن، بە پێچەوانەشەوە ئەگەر لە سلێمانی مردنێکی گوماناوی رووبدات، هەر ئەو پەرلەمانتار و رۆشنبیرە بەناو بێلایەن و سەربەخۆیانە پێش دەزگا پەوەندارەکان دەکەون و دەبنە وتەبێژ و لە بەرژەوەندی لایەنی تۆمەت لەسەر دەکەونە بڕیاردان.
لە ئاسایشی گشتی لە هەولێر پێشمەرگەیەکی یەکێتی گیانی لە دەست داوە، پزیشکی داد دەڵێ: خۆی خنکاندووە، باسەکەی من لەوە نییە خۆی خنکاندووە یان خنکێندراوە، باسەکەی من لەو پەرلەماتار و بەناو رۆشنبیرە بێلایەن و سەربەخۆیانەیە کە بە سیاسی دەکەن و بۆ مەرمی تایبەتی مەرگی خەڵک دەکەنە کەرەستە و دەیانەوێ ئاژاوەی پێ بنێنەوە، ئەوەتا سۆران عومەر و ئەبوبەکر هەڵەدنی و رۆشنبیرە بێلایەن و سەربەخۆکان دەڵێن: خنکێندراوە، بەڵام لە کوشتنی ئامانج بابان، سۆران عومەر و رۆشنبیرە بەناو بێلایەن و سەربەخۆکانن پێش پزیشکی داد دەکەوتن و دەیانگوت: خۆی کوشتووە.
با کەمێک بگەڕێینەوە دواوە و دوو نموونەی نزیک بخەینە پێش چاوی ئەو پەرلەمانتار و رۆشنبیرە بێلایەن و سەربەخۆیانە، ئەرێ بەڕاست لە خنکاندنی (زانا)ی قایمقایمی سلێمانی و کوشتنی بەرپرسی پاسەوانەکانی مام جەلالی رەحمەتی ئەو پەرلەماتار و رۆشنبیرە بێلایەن و سەربەخۆیانە لە کوێ بوون؟ بۆ دەنگیان نەبوو، بۆ ئەوان مرۆڤ نەبوون؟ بۆ ئەوان نەخنکێدرابوون و نەکوژرابوون؟!
لە کۆیاییدا دەڵێم: نەفرەت لە بکوژان، جا هەرکەس و لایەنێک بن، سەد جار نەفرەتیش لەو پەرلەمانتار و رۆشنبیرانەی مەرگی خەڵک بە سیاسی دەکەن و بۆ مەرامی حزبی دەیانەوێ مەرگی خەڵک بە ئاراستەی مەبەستدار بگۆڕن.
Top