پرۆژەی چاکسازی و جووت حزبەکەی ئیسلامی
January 17, 2020
وتار و بیروڕا
جووت حزبەکەی ئیسلام سەری زمان و بنی زمانیان بوونی گەندەڵی و نەبوونی چاکسازی بوو، کەچی لە کاتی دەنگدان بە پرۆژە یاسای چاکسازی لە هۆڵی پەرلەمان دەرپەڕین و دەنگیان بە پرۆژەکە نەدا، ئەوە پرسیارە و پێویستی بە وەڵامە.
ئەو جووت حزبە جیاواز لە پارتی و یەکێتی کە خاوەنی مێژووی بەرگری و چەندین دەستکەوتی نەتەوەیی و نیشتیمانین و زۆر قۆناخی مەترسیداریان تێپەڕاندوون، ئەوان لەسەر موزایەدەی بوونی گەندەڵی و نەبوونی چاکسازی ژیاون، بەو پرۆژەیە ئەو بەڕەیان لە ژێرپێ دەرهێنرا، ئێ لەمەولا چی بکەن و باسی کوێی خۆیان بکەن؟!
بەر لە راپەڕین خاوەنی مێژووی بەرەنگاری نین تا شانازی پێوە بکەن، دوای راپەڕین و نەمانی ترس و زوڵم و ستەمی بەعس لەناو بەهاری خوێنی شەهیدان و رەنج و ماندووبوونی شۆڕشگێران وەک قارچک هەڵتۆقین.
لە گەرمەی شەڕی داعش و خەریک بوونی پێشمەرگە بە بەرگری کردن لە کوردستان و پاراستنی کورد لە هاوبیچم و هاوبیرەکانیان، ئەوان بۆ (محەمەد مورسی) میسری گردبوونەوەیان ئەنجام دەدا و بەدەم نزا و پاڕانەوە بۆ ئازاد بوونی، بە راژاندن و لاواندنەوەی وێنەکەی هاوخەمیان بۆ ئیخوانەکانی میسر دەردەبڕی، بەڵام ئامادە نەبوون سەردانی پێشمەرگەیەکی بریندار یان بەشداری پرسەی شەهێدێکی شەڕی داعشی هاوبیریان بکەن، جا ئەگەر ئەوە مێژووی ئەو جووت حزبە ئیسلامییە بێ! چۆن دەنگ بە پرۆژەیەک دەدەن کە زوڕنای خۆ نمایش کردنیان لەدەم دەردێنێ و بەڕەی موزایەدەیان لە ژێرپێ دەردەکێشێ.