ئابوری سەربەخۆ و تەنگاو بوونی داگیرکاران و عێراقچییەکان
January 16, 2020
وتار و بیروڕا
دوژمنان و داگیرکارانی کوردستان بۆ بێدەنگ کردن و رازی بوونی کورد بە ژێردەستەیی هەموو رێگاکانیان تاقی کردنەوە، هەر لە بەکارهێنانی هێز و کۆمەڵکوژی و عەرەباندن و راگواستن و کاولکردنی کوردستان، تا دەگاتە ئەنفال و کیمیاباران و برسی کردن، حکومەتی هەرێم بە کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونی دوژمنناسی و رێگری کردن لە دووبارە بوونەوەی ئەو مێژووە تاڵەی کە زۆرترین جار لەسەر کورد تاقی کراوەتەوە بڕیاری ئابوری سەربەخۆی دا.
رژێمە شیعەگەریەکەی بەغدا دەیزانی کە حکەمەتی هەرێم بەو بڕیارە و بە بوونی ئابوری سەربەخۆ گەورەترین کارتی دوژمنکاریان لە دەست دەردێنێ، بۆ شکست پێهێنانی ئەو بڕیارە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە هەموو هەوڵە دوژمنکاریەکانیان چڕ کردنەوە، ئەوە شتێکی ئاسایی بوو، چونکە داگیرکارە و بە درێژایی مێژووش نەبینراوە و نەبیستراوە داگیرکار لە ناچاریدا نەبێ ئازادی و ئاسوودەیی و خۆشگوزەرانی بۆ ژێردەستەکان قبوڵ بکات، بەڵام ئەوەی جێگای پرسیار و مایەی سەرنج بوو، هەندێ کەس و دەستە و گرووپی کوردی کە زۆرترین جار موزایەدەی ئازادی و ئاسوودەیی خۆشگوزەرانیان بۆ خەڵکی ژێردەستە و چەوساوەی کورد دەکرد، کورد گوتەنی کوچک لە ئاگر گەرمتر و لە رژێمە شیعەگەریەکەی بەغدا توندتر بەگژ بڕیاری ئابوری سەربەخۆدا چوونەوە، بەوەشەوە نەدەوەستان و بوونی ئابوری سەربەخۆیان بۆ کورد بە کارەسات و نەهامەتی ناودەبرد.
دوای ئەوەی بە داڕشتنی پیلانێکی پێشوەختە و بە پێشنیاری بەرپرسێکی باڵای ناو لایەنێکی کوردی مووچەی فەرمانبەران و بودجەی حکومەتی هەرێم لەلایەن رژێمی بەغداوە بڕدرا، هاوکات حزب و لایەنە عێراقچیەکانی کوردستانیش قۆناخی دووەمی پیلانەکەیان دەست پێکرد و کەوتنە تێکشکاندنی ئیرادەی شۆڕشگێڕی و بڕوا بەخۆ بوونی خەڵکی کوردستان و، بانگەشەی هەموو شتێک لە پێناو مووچە بە خواستی سەربەخۆیی و لەناوچوونی دەستکەوتەکانیشەوە، لەو قۆناخە هەستیارەدا کاریگەری بڕیاری ئابوری سەربەخۆ دەرکەوت، ئەگەر کورد لەو قۆناخە هەستیارەدا و کاتی بڕینی مووچەی فەرمانبەران و بودجەی حکومەتی هەرێم خاوەنی داهاتی ئابوری سەربەخۆی نەبا، دەبووایە وەک ئەوەی ئەو کەس و دەستە و گرووپانە دەیانویست ئاڵای سپی هەڵکەین و فەرمووی رژێمە شیعەگەریەکەی بەغدا بکەین و، کۆی دەستکەوتەکان و بەها و رەمزە پیرۆزەکانیش بە مووچە بگۆڕینەوە، بەڵام ئەگەر بە نیوە مووچەش بێ توانرا ئەو پیلانگێڕیە پووچەڵ بکرێتەوە و ئەو قۆناخە هەستیار و پڕ مەترسییەش تێپەڕێندرێ و خەونی رژێمە شیعەگەریەکە و دەستە و گرووپە عێراقچییەکانیش لە گۆڕ بنرێ.