کۆبانێی بارزانی و غەززەی عەرەب و موسڵمانان
January 15, 2020
وتار و بیروڕا
ئەو گوتن و بەراوردەی حوسێن عوبەیدی ئیمام و وتارخوێن لە نێوان سەرۆک بارزانی و (٢٤) وڵاتی عەرەبی و (٥٠) وڵاتی ئیسلامی زۆر هەڵدەگرێ و جێگای هەڵوەستە لەسەر کردنە، هەر ئەوەش نا.. لە کاتی هێرش و پەلامارەکەی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دەزگای خێرخوازی بارزانی لەناو هەموو وڵاتان و دەزگاکانی خێرخوازیدا یەکەم دەزگای خێرخوازی بوو خواردەمەنی و پێداویستی پزیشکی گەیاندە کوردانی ئاوارەبووی رۆژئاوا، جگە لەوەش هەر بە فەرمانی سەرۆک بارزانی محەمەدی جەستە هەڵقرچاو بە چەکی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی دەرباز کرا و بە فرۆکەی تایبەتی گەیەنرایە وڵاتی فەرەنسا.
خاڵێکی تر کە پێویستە ئاماژەی بۆ بکرێ حوسێن عوبەیدی ئیمام و وتارخوێنی تونسی لەو بەراوردەیدا راستەوخۆ بە سەرۆک و بڕیار بەدەستانی ئەو (٢٤) وڵاتە عەرەبی و (٥٠) وڵاتەی ئیسلامییە دەڵێ: ئێوە خاوەنی وڵاتی سەربەخۆ و هێز و سوپا و جبەخانەی جەنگین، کەچی بە هەمووتان مەسعود بارزانییەکتان لێ درووست نابێ و ناتوانن خواردەمەنی بگەیەننە غەززەی عەرەبی و موسڵمان نشین.
مەسعود بارزانیش خاوەنی وڵاتێکی داگیرکراو و بەش بەش کراوە و چوار داگیرکاری وڵاتەکەشی بە هێز و سوپا بەردەوام بۆی لە بۆسەدان و پیلان لە دوای پیلانی لە دژ دەگێڕن، کەچی لە هەر شوێنێک کورد لێی بقەومێ سنوورە دەستکردەکانی وڵاتەکەی دەبڕێ و بە هانایانەوە دەچێ، بە واتایەکی تر پێیان دەڵێ: غەززە بێکەسە و ئەگەر خاوەنی مەسعود بارزانییەک بووایە، ئاوا بێ پشت و پەنا نەدەکەوت و لانی کەم خواردەمەنی دەگەیەندە منداڵە برسییەکانی.