بارزانی سەرۆکە، یان رابەر؟

بارزانی سەرۆکە، یان رابەر؟

دوور لە سۆز و خۆشەویستی هەوڵدەدەم وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە کە بارزانی سەرۆکە یان رابەر؟ ئەوەش وا پێویست دەکات ئەو روانینە جیاوازانەی خوارەوەی لەسەر وەربگرم.
١ــ روانینی پارتییەکان.
٢ــ روانینی رکابەرەکان.
٣ــ روانینی داگیرکارانی کوردستان.
٤ــ روانینی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
پارتییەکان هەڵەیەکی گەورە دەکەن ئەگەر پێیان وابێ بارزانی سەرۆکی حزبێکە و بەس، چونکە هەلوێستەکانی لە مەداری حزبی دەرچوون و پانتایی نەتەوەیی و نیشتیمانیان وەرگرتووە، جگە لەوەش زۆرترین جار لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و ئامانجە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان باجی بە حزبەکەی داوە، ئەوەش لە خەسڵەت و تایبەتمەندیەکانی هەر رابەرێکە.
رکابەرەکانیش لە ململانێ سیاسیەکاندا کەوتوونە هەڵەیەکی گەورەوە، ئێستاش بەو ئەقڵە لە بارزانی دەڕوانن کە دەیانگوت: ئەوە کورسییە بارزانی گەورە کردووە، بەڵام رووداوەکان دەریانخست کە بارزانی بێ کورسی و بە کورسی هەر گەورەیە و پێچەوانەی هەرا و بارنگەشەی نەیارەکان ئەوە بارزانییە کورسی گەورە دەکات، نەک کورسی گەورەی کردبێ.
روانینی داگیرکارانی کوردستان بۆ رابەربوونی بارزانی لە روانینی پارتیەکان و نەیارەکایشی ئاقڵانە ترە، ئەوان لە هەڵوێستەکانیەوە تێدەگەن کە ئەوەی بارزانی خەباتی بۆ دەکات گەیشتنە بە مافی سەربەخۆیی و ئەو مافەش لە هەر بەشێکی کوردستان بهێنرێتەدی دەبێتە دەروازەیەک بە رووی بەشەکانی تری کوردستانیش، بۆیە هەر چوار داگیرکارەکەی کوردستان وەک رابەری کورد و بە دوژمنی خۆیان سەریری بارزانی دەکەن.
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بارزانی وەک رابەری کورد دەبینێ، ئەوکاتەی سەرۆکی هەرێم بوو نەیار و ئەوانەی پێیان وابوو دەتوانن رکابەری بارزانی بکەن دەیانگوت: ئەو پەیوەندی و هەڵسوکەوتەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ بارزانی دەیکات بە هۆی کورسی سەرۆکایەتی هەرێمەوەیە، بەڵام خۆ ئێستا لە رووی سیاسی و یاسایی سەرۆکی هەرێم نەماوە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و تەنانەت دوژمنانیش لە چارەسەری پرسە گرنگ و چارەنووسسازەکاندا بۆی دەگەڕێنەوە.
Top