محەمەد حەلبوسیش بوو بە مەرجەعی سیاسی سوننە

محەمەد حەلبوسیش بوو بە مەرجەعی سیاسی سوننە

دوای کوشتنی قاسم سولەیمانی و بڕیاری پەرلەمانی عێراق بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، کورد و سوننە بەشداریان لەو بڕیارە نەکرد و عێراقی بەرەو ئەو دابەشبوونە برد کە تەنها لەو رێگەیەوە دەتوانرێ ئارامی و ئاسوودەیی بۆ هەرسێک پێکهاتەکەی عێراق بگەڕێتەوە، محەمەد حەلبوسی لەو دانیشتنەی پەرلەماندا بە هەموو جیهانی گوت: ئەو بڕیارە بڕیاری شیعەکانی عێراقە و چۆن کورد لەو بڕیارە شیعەییە بێبەرییە، سوننەش لێی بێبەرییە.
دوای هێرشە موشەکیەکەی ئێرانیش بۆ سەر بنکە سەربازیەکانی ئەمەریکا لە عێراق، محەمەد حەلبوسی وەک سەرۆکی پەرلەمان و سیاسییەکی دیاری سوننە پێش هەردوو شەرۆکایەتیەکەی عێراق ئەو کارەی ئێرانی ئیدانە کرد، بەوەش کۆتایی بەو پەرش و بڵاویەی ناو سوننە هێنا و ئێستا وەک مەرجەعی سیاسی بۆ سوننە دەرکەوتووە.
ئەو کۆدەنگی و یەکهەڵوێستییەی ئێستای کورد لە پەرلەمانی عێراق و لە هەرێمی کوردستانیش جێگای خۆشحاڵی هەموو کوردێکە و نیشانەی بوونی مەرجەعی خۆیەتی، لە دوای رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ هێچ کاتێک سوننەش وەک ئێستا یەکدەنگی و یەکهەڵوێست نەبووە، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کە سوننەش بە هەڵەکانی خۆیدا چۆتەوە و بیری لە درووست کردنی مەرجەعی خۆی کردۆتەوە.
لە ئێستادا شیعە وەک پێکهاتەیەکی عێراق فرە مەرجەعە، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی ئێران بە مەرجەعی خۆیان دەزانن، شەقامی شیعە و لایەنە سیاسییەکانی دابەش بوون و بە دوو ئاراستەی جیاوازردا دەڕۆن، هەرچی میلیشیکانی حەشدی شەعبین هێز و مانەوەی خۆیان لە رۆیشتن بەلای ئێراندا دەبینن، هەرچی شەقامیشە نەهامەتیەکانی بەو وابەستە بوونەی ئێران دەزانێ، بەوەش عەلی سیستانی وەک مەرجەعی شیعەی عێراق جەڵەوی مەرجەعبوونی لەدەست دەرهێنراوە، بۆیە لەمەولا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لەو دابەشبوونەوە عێراق دەبێنێ و بە گەڕانەوەش بۆ مێژوو تێدەگات، کە ئەو سێ پێکهاتەیە ناتوانن لەگەڵ یەکتری هەڵبکەن و دەبێ عێراق بگەڕێتەوە بۆ سرووشتی خۆی کە دەبەشبوونە بۆ سێ بەشی کورد و سوننە و شیعە.
Top