کورد و هەڕەشەکانی ئەمەریکا و ئێران لە یەکتری

کورد و هەڕەشەکانی ئەمەریکا و ئێران لە یەکتری

کورد زۆر قۆناخی لە ئێستا دژوارتر و مەترسیدارتری تێپەڕاندوون، ئەوە پیلانە شووم و فرە جەمسەرەکەی ساڵی ١٩٧٥ی جەزائیر، ئەوە ئەنفال و کیمیارانکردنی کوردستان و راگواستن، ئەوە پیلانەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەر و پەلامارە سیاسی و سەربازی و دیبلۆماسیەکەی سەر دەستکەوتەکانی کورد و حکومەتی هەرێم کوردستان و زۆر قۆناخی سەخت و دژوار و مەترسیداری تر.
لە بەرامبەر تێپەراندنی ئەو قۆناخە سەخت و دژوارانەش زۆر سەرکەوت و دەستکەوتی گەورەی بەدەست هێناون، ئەوە زیندوو کردنەوەی هزر و بیری نەتەوەیی و گۆڕینی رێڕەوەی شۆڕش و راپەڕینەکانی کورد لە عەشیرەتبەندی و ناوچەگەراییەوە بۆ شۆڕشی راستەقینەی سەرتاسەری و گۆڕینی ئامانجەکانی بە ئامانجی نەتەوەیی و نیشتیمانی، ئەوە رێککەوتنی ١١ی ئازاری ساڵی ١٩٧٠، ئەوە راپەڕین و دامەزراندنی حکوموتی هەرێم و زۆری تریش، هەموو ئەو سەرکەوتن و دەستکەوتانەش بەری رەنجی خوێنی شەهیدان و یەکڕیزی و یەکدەنگی خەڵکی کوردستان بوون، بەڵام هیچ دەرفەتێکی وەک ئێستای بۆ نەڕەخساوە، ئەوە کێشە و فەوزا سیاسیەکانی عێراق و گیرۆدە بوونی بەدەست چەندین میلیشیای مەزهەبی و وابەستە بوونی ئەو میلیشیایانە بۆ ئێرانەوە، ئەوە کێشەی نێوان ئەمەریکا و ئێران کە چاوەڕوانی زۆر پێشهات و گۆڕانکاری گەورەی لێ دەکرێ، دەپرسین: لە بەرامبەر ئەو دەرفت و بارودۆخەدا سەرکردایەتی سیاسی کورد چی بکات باشە؟
مێژوو ئەو راستییەی سەلماندووە کە هەر کاتێک کورد یەکڕیز و یەکدەنگ بووبێ سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە، هەر کاتێکیش پەراگەندە و پەرتەوازە بووبێ باجی نەتەوەیی و نیشتیمانی داوە، ئێستا سەرکردایەتی سیاسی کورد بۆ هەر گۆڕانکاییەک ریفراندۆم و دەنگی %٩٣ی خەڵکی کوردستانی بەدەستە، ئەوەش کارتێکە لە هەر گۆڕانکارییەکدا نەتەوەیەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لەبەرچاوی دەگرن، یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی فرۆاکسیۆنە کوردستانیەکانی پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەی ٥ــ١ــ٢٠٢٠ی پەرلەمانی عێراق، هەنگاوێکی کوردانە و جێگای ئومێد و دڵخۆشی خەڵکی کوردستان بوو، لێرەوە دەڵێین: سەرکردایەتی سیاسی کورد تەنها بە یەکڕیزی یەکدەنگی دەتوانێ وەڵامی ئەو پێشهات و گۆڕانکاریانە و خوێنی شەهیدان بداتەوە، هەر حزب و لایەنێکیش بە هەر پاساو و بیانوویەک درز بخاتە ناو یەکڕیزی و یەکدەنگی خەڵکی کوردستان، خیانەتی نەتەوەیی و نیشتیمانییە، جگە لەوەش هەر بە یەکڕیزی و یەکدەنگی دەتوانن کورد لەو بەڵایە بە دوور بگرن کە لە رابردوودا هەموو بەڵاکانی سەر کورد لە نەبوونی یەکڕیزی و یەکدەنگی نێوان لایەنە سیاسیەکان سەرچاوەی گرتووە.
Top