یەکێتی هەوڵەکانی پارتی بۆ یەکخستنەوەی ناوماڵی کورد بە خاڵی لاواز دەبینێ

یەکێتی هەوڵەکانی پارتی بۆ یەکخستنەوەی ناوماڵی کورد بە خاڵی لاواز دەبینێ

سەرۆک بارزانی هێزی کورد لە رێکخستنەوەی ناوماڵی کورد و یەکهەڵوێستی و یەکبڕیاری و تەبایی ناو حزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستاندا دەبێنێ، بۆ هێنانەدی ئەو هێزەش زۆرترین باجی بە حزبەکەی داوە، بەڵام بەداخەوە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئەو گەورەیی و بەدەنگەوە چوونەی سەرۆک بازانی بۆ رێکخستنەوەی ناوماڵی کورد وەک خاڵی لاواز سەیر دەکات.
یەکێتی لەوە گەیشتووە کە سەرۆک بارزانی لە پێناو یەکخستنی ناوماڵی کورد زۆرجار باجی گەورەی بە حزبەکەی داوە، ئەو باجدانەی پارتی بە خاڵی لاواز دەبنێ و وەک کارتی گوشار بۆ مەرامی حزبی بەکاری دێنێ، ئەوەش وایکرد لە پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ حیساب بۆ دەنگ و سندووقەکانی هەڵبژاردن نەکات و بە هێز و ناوچەی جوگرافی ژێر دەسەڵاتی بخوڕی و بەردەوام هەڕەشەی دوو ئیدارەیی بکات، ئەوەش پێچەوانەی هەموو بنەماکانی دیموکراتی و ئیرادەی خەڵکی کوردستانە، لە کالتێکدا سەری زمان و بنی زمانی ئەو حزبە باسی دیموکراتی و موزایەدە کردنە بە گوێ گرتن لە ئیرادەی خەڵک.
تا ئێستاش یەکێتێ ئەو خووە خراپەی بەرنەداوە و پێیوایە ئەو هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتیمانیەی سەرۆک بارزانی خاڵی لاوازە، بۆیە دەبێ بە گەڕانەوە بۆ مێژوو خاڵی لاواز و خاڵی بەهێز لە یەکتری جیا بکرێنەوە، خاڵی بەهێز گەورەیی و لێبووردەیی و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی گشتی و هەونگاونانە بەرەو یەکخستنەوەی ناوماڵی کورد و، کوردبوون و کوردایەتی کردن و خەبات و تیکۆشانە لە پێناو رزگاری گەل و وڵات، کە تەنها لەو رێگەیەشەوە دەتوانرێ داهاتوویەکی دوور لە دڵەڕاوکێ و ئارام بۆ کورد دابین بکرێ ، مێژووی سەرۆک بارزانیش لێوانلێوە لە هەموو ئەو خەسڵەت و تایبەتمەندیانەی کە لە پیاوە گەورە و شۆڕشگێڕەکانی دنیادا بوونیان هەیە، بە پێچەوانەشەوە خاڵی لاواز خیانەت و وڵاتفرۆشییە و دژ بە خەباتی رزگاریخوازی گەلەکەت چوونە ناو سەنگەری دوژمنانە.
Top