حامید گەوهەری ئەو پیاوەی زۆرێک لە وێستکە گرنگەکانی مێژووی راستکردنەوە
January 5, 2020
وتار و بیروڕا
یەکێک لە گرفتە گەورەکانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد چەواشە کردن و بەلارێدا بردنی راستییە مێژووییەکانە وەک ئەوەی روویان داوە، ئەو چەواشە کردنەش بە دوو ئاراستە و دوو ئامانجدا کراوە.
ئاراستەی یەکەم:ــ ئەو کەس و دەستە و گرووپانە بوون کە خزابوونە زەلکاوی خیانەت و هاوشانی دوژمنان بەگژ شۆڕش و شۆڕشگێڕان و ئیرادەی نەتەوەییدا دەچوونەوە، لەو چەواشەکاریەدا مەبەستیان بوو هەم رەوایی بە خیانەت بدەن و هەمیش خۆیان بە شۆڕشگێڕ و کوردپەروەر بە خەڵک بناسێنن.
ئاراستەی دووەم:ــ دەزگا هەواڵگریەکانی داگیرکارانی کوردستان لە پشت ئەو چەواشەکارییە بوون و ئەو کارەیان بە قەڵەمفرۆشەکانی کورد دەکرد، ئەو دەزگا هەوڵگریانەش لەو چەواشەکاریەدا مەبەستیان بوو تەمومژی ئایدۆلۆژی بەخەنە سەر کێشەی کورد و کێشەکە لە کێشەیەکی نەتەوەییەوە بگۆڕن و بەرگی جیاوازی بیڕوڕا و برایەتی ئایدۆلۆژی بە بەردا بکەن، بەوەش بەناوی برایەتی خۆیان لە دوژمنەوە دەکرد بە دۆست و رابەر و شەڕی کوردپەروەر و سەبەخۆخوازانی کوردیان بە کورد دەکرد.
حامید گەوهەری وەک شۆڕشگێڕ و کوردپەروەرێکی رۆژهەڵاتی کوردستان یەکێک لەو کەسانەیە کە هەستی بە مەترسی ئەو چەواشەکاریەی ناو مێژوو کرد و هەموو هەوڵەکانی لەسەر راستکردنەوەی ئەو چەواشەکارییە چڕ کردوونەوە، تا ئێستا جیا لە وتارەکانی چەندین کتێبی بە نرخی لەو بارەوە بە چاپ گەیاندوون و بۆ گەیشتن بە راستییەکان پێویستە خوێنەری کورد گرنگی بە خوێندنەوەیان بدات، ئەوەی زۆر گرنگە حامید گەوهەری وەک کوردێکی رۆژهەڵات تەنها خەمی راستکردنەوەی چەواشەکاریەکانی مێژووی رۆژهەڵاتی نەخواردووە، بەڵکو گرنگی زۆری بە راستکردنەوەی چەواشەکاریەکانی مێژووی شۆڕشەکانی باشوور و باکوور و رۆژئاواش داوە.
گرنگییەکی تری ئەو هەوڵەی حامید گەوهەری بۆ راستکردنەوەی چەواشەکاریەکانی مێژوو، ئەوەیە کە خیانەتکاران ناتوانن چیتر لە ژێر بەرگی شۆڕشگێڕیدا خۆیان حەشار بدەن و خیانەت بکەن و موزایەدەی کوردپەروەری و شۆڕشگێڕیش بەسەر کوردپەروەر و شۆڕشگێڕاندا بکەن، لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە دەزگا هەواڵگریەکانی داگیرکارانی کوردستانیش بەناوی جیاوازی بیروبۆچوونی سیاسی و برایەتی ئایدۆلۆژیاوە ناتوانن خۆیان بکەنەوە بە رابەر و خەمخۆری کورد.