ناوچەکە دەکوڵێ

ناوچەکە دەکوڵێ

دووکەڵێکی رەش و چڕ ئاسمانی ناوچەکەی داپۆشیووە، گومان بەوەدا نییە کە ئەو دووکەڵە رەش و چڕەش ئاگرێکی دۆزەخی بە دواوەیە، ئەوە گێژاوەکانی ناو عێراق و دەمەقاڵێی نێوان هێزەکانی ئەمەریکا و میلیشا شیعە عێراقیەکانی سەر بە سوپای قودسی ئێران، ئەوە دەستوەردانە مەبەستدارەکانی ئێران لە سوریا و لوبنان و یەمەن و بەشێک لە وڵاتانی تری عەرەبی، ئەوە پەلامارە دڕندانەکەی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و بڵاو بوونەوەی دەنگۆی ناردنی هێز بۆ لیبیا لە لایەن وڵاتی تورکیاوە، ئەو رووداوانە و زۆر رووداوی تریش ئەو دووکەڵە رەش و چڕەن کە ناکرێ ئاگرە دۆزەخیەکە بە دوای خۆیدا نەهێنێ.
ئێران و تورکیا وەک دوو وڵاتی چەوسێنەری کورد و داگیرکاری کوردستان، خەون بە زیندوو کردنەوەی ئیمپراتۆری سەفەوی و خەلافەتی عوسمانییەوە دەبینن و هەوڵەکانیشیان لەسەر بەدیهێنانی ئەو خەونە چڕ کردوونەوە، ئەوە ئێران بە جۆرێک لە جۆرەکان عێراق و سوریای داگیرکاری دوو بەشی کوردستانی خستوونە ژێر هەژموون و رکێفی سیاسی و سەربازی خۆی، ئەوە تورکیاش لە هەوڵی ئەوە دایە بەشێک لە خاکی سوریای داگیرکاری بەشێکی کوردستان داگیر بکات، ئەو سەرەڕۆیی و خەون بینینەی ئێران و تورکیا بە رابردووە،وە بەڵگەی ئەو راستییەن کە هەر چوار داگیرکارەکەی کوردستان چەقی دووکەڵە رەش و چڕەکە دایپۆشیون و کەوتوونە ناو ئاگرە دۆزەخیەکەش، کوردستانیش بە هۆی لکاندنی بەو چوار وڵاتە داگیرکارەوە لەو دووکەڵە رەش و چڕ و ئاگرە دۆزەخیە بێبەش نابێ، ئەوەش ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی دەخاتە سەر شانی هەموو حزب و لایەنە سیاسیەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان، کە هەوڵبدەن کورد لە هەناسە سواری دووکەڵە رەش و چڕەکە و سووتاندنی ئاگرە دۆزەخیەکە بپارێزن و بایی ئەو هەناسە سواری و سووتانەش دەستکەوت وەربگرێ کە بەهۆی سیاسەتی سەرەڕۆیی داگیرکارەکانی بەریدەکەوێ، بۆ ئەو مەبەستەش دەپرسین: چی بکرێ باشە؟
لە قۆناغی یەکەمدا باشترین رێگای خۆپارستن لە هەناسە سواری دووکەڵە رەش و چڕەکە و سووتانی ناو ئاگرە دۆزەخیەکەی ناوچەکە، ئەوەیە هەموو حزب و لایەنە سیاسیەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان لە حزبحزبێنە دوور بکەونەوە و لە کوردبوون و کوردایەتی کردندا یەکهەوێست و یەکگوتار و یەکبڕیار بن، چونکە بەوە نەبێ ناتوانن خۆیان لە هەناسە سواری ناو دووکەڵە رەش و چڕەکە و ئاگرە دۆزەخیەکە بپارێزن و لە نیشتنەوەی دووکەڵەکە و دامرکانەوەی ئاگرە دۆزخەیەکەش هیچ دەستکەوتێکیان بۆ کورد پێ دابین ناکرێ.
دەبێ حزب و لایەنە سیاسیەکانی کورد لەو راستییە بگەن کە ئەو دووکەڵە رەش و چڕە و ئاگرە دۆزەخیە وڵاتانی داگیرکاری کوردستان تووشی دابەشکاری دەکەن و ناهێڵن بە ئامانجی گێڕانەوەی ئیمپراتۆری سەفەوی و خەلافەتی عوسمانی بگەنەوە، بە تایبەیش دوو وڵاتی ئێران و تورکیا بەو گەورەییەی ئێستا ناهێڵن کە لەسەر بەرژەوەندی وڵاتانی زلهێز ببنە مەترسی، ئەو دابەشکاریەش کورد بە ئامانجی سەربەخۆیی دەگەیەنێ بە مەرجێک حزب و لایەنە سیاسیەکانی کورد بە هێزی کوردبوون و کوردایەتی کردن بچێتە ناو رووداوەکان.
Top