چەند جیاوازییەک لە نێوان پارتی و ئەوانی تردا
December 31, 2019
وتار و بیروڕا
١ــ ئێستا هەموو ئەو فراکسیۆنە پەرلەمانیانەی کە دەنگیان بە دکتۆر بەهەم داو بردیانە کۆشکی سەلام لێی کەوتوونە تەقە و دەیانەوێ کە چۆن بردیانە کۆشکی سەلام، ئەوهاش وەدرێی بنێن، بەرهەم ساڵح لە پێناو گەیشتن بە کۆشکی سەلام و بۆ مسۆگەر کردنی دەنگی عەرەبەکان پارتی وەلانا، بەوەش پشتی لە کوردبوون و کوردایەتی کرد، هەر ئەوەنا! لەکاتی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و دەرچوونی بەرهەم ساڵح، لایەنەکان ئەو دەرچوونەیان وەک ئیهانە کردنی پارتی کردە مەزەی سەرکەتن و هەر ئێستا و بە پەلەی ژێرنووسی کەناڵەکانی راگەیاندن، ئێستا کە بەرهەم ساڵح کەوتۆتە بەر تەوژمی پشتیوانە کۆنەکانی، بە تەنها پارتی بۆتە پشتیوانی و ئەو پشتیوانیەش لە هەڵوێستی سەرۆکی هەرێم و فراکسیۆنی پارتیدا رەنگی داوەتەوە.
٢ــ دوای ئەوەی نوری مالیکی وەک سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتە مەزهەبییەکەی بەغدا کەوتە هەڕەشەی هاتنەوە هەولێر و سلێمانی و دهۆک و گێرانەوەی کورد بۆ خاڵی دەستێک و قوت و مووچەی خەڵکی کوردستانی بڕی، لە بەرامبەر ئەوەدا سەرۆک بارزانی هەڵوێستی وەرگرت، لە بەرامبەر ئەو هەڵوێست وەرگرتنەی سەرۆک بارزانی هەموو لایەنە کوردیەکان لە پەرلەمانی بەغدا بۆ پاکتاوکردنی پارتی دەنگی خۆیان خستە پاڵ دەنگی شۆڤێنیەتی عەرەبی و نوری مالیکی، تۆمەت هەڵبەستن بۆ وشیار زێباری و لادانی لە وەزیری دارایی باشترین بەڵگەی ئەو راستییەی سەرەوەیە.
٣ــ لە گەرمەی شەڕی داعش و ئەوکاتەی پارتی هەموو هێزە سیاسی و دیبلۆماسی و سەربازیەکانی خۆی بۆ پاراستنی کورد و بەرگری کردن لە کوردستان تەرخان کردبوو، لایەنەکان ئەو خەریک بوونەی پارتییان وەک کارتی بەهێزی خۆیان قۆستەوە و لە شەقام کەوتنە ئاژاوە نانەوە و بیاکۆت و بایکۆتکاری، ئەو ئاژاوەنانەوە و بایکۆت و بایکۆتکارییە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە بەرژەوەندی داعش و هەموو دوژمنان و داگیرکارانی کوردستان بوو، لە رووی سیاسی و دیبلۆماسیشەوە کەوتنە دژایەتی پارتی و هێزی پێشمەرگەیان بە میلیشیا و ئەنفالچی ناودەبرد، کە بەغدا ئەو هەنگاوە و بە میلیشیا ناساندنی هێزی پێشمەرگەیان زۆر لەلا مەبەست بوو، لە بەرامبەریشد میلیشیاکانی حەشدی شەعبییان لە پەرلەمانی عێراق بە یاسایی دەکرد، لەسەر ئاستی دەرەوەش قۆڵ قۆڵ بە وڵاتاندا دەگەڕان و لەم پەرلەمان و ئەو پەرلەمان سیمیناریان دەبەستن و باسیان لە دیکتاتۆری حکومەتی هەرێم و میلیشیابوونی هێزی پێشمەرگە دەکرد.
٤ــ لەگەڵ مووچە و قوت بڕینی خەڵکی کوردستان فراکسیۆنەکانی ئەو لایەنانە کەتنە پشتیوانی حکومەتەکانی نوری مالیکی و حەیدەر عەبادی و حکومەتی هەرێمی کوردستانیان بە رادەست نەکردنی نەوتی بە کۆمپانیای سۆمۆ تاوانبار دەکرد لە رێگای لێدوانی میدیایی و بەناوی شرۆڤەی رووداوەکان وەرد و درشتی زانیاری هەواڵگرییان لەسەر حکومەتی هەرێم بە دوو دوژمنە سەرسەختەکەی کور مالیکی و عەبادی دەدا.
٥ــ دوای ئەوەی حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی رێککەوت کە بۆ ماوەی ساڵێک بەغدا بڕێک پارە بۆ مووچی فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێم بنێرێ و حکومەتی هەرێمیش تا ساڵی ٢٠٢٠ نەوت رادەست نەکات، ئەو لایەنانە چێچ کەوتە کەوڵیان و بە مەبەستی هاندانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و فراکیسۆنە عەرەبییەکان لە راگەیاندنەکان و ناو پەرلەمانی بەغداش دەیانگوت: حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی پارە بۆ حکومەتی هەرێم دەنێرێ و هەولێریش تەنەکەیک نەوتی رادەستی بەغدا نەکردووە.
٦ــ لە سەرەتای بڕیادان لە ریفراندۆم و گەڕانەوە بۆ ەنگ و ئیرادەی خەڵکی کوردستان، ئەو لایەنانە هەڵوێست و سیاسیەتێکی دووفاقەیان گرتەبەر، لە راگەیاندنەکان بە شەرمەوە پشتیوانیان لە ریفراندۆم دەکرد و لە ژێریشەوە دەستیان لەگەڵ دوژمنان و داگیرکارانی کوردستان تێکەڵ دەکرد و دژی ریفراندۆم دەوەستانەوە، دوای ریفراندۆم ئەو دەنگەی زووڵاڵەی بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان هەراسانی کردن و بۆ تۆڵە کردنەوە لە ئیرادەی سەربەخۆیی کوردستان خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەریان ئەنجام دا، بۆ حەڵاڵ کردن و رەوایی دان بەو خیانەتە نەتەوەیی و نیشتیمانیەش لە چەندین کەناڵەوە کەوتنە بانگەشە کردن، جارێک دەیانگوت کەرکوک شارێکی عێراقییە و گەڕاوەتەوە باوەشی نیشتیمان، جارێک دەیانگوت کەرکوک ئارامە و کورد بێ کێشەیە لە شارەکە، جارێکیش دەیانگوت هیچ رێککەوتنێکمان لەگەڵ حەشدی شەعبی و سوپای عێراق نەبووە و تەنها چەکەکانیان سووتێنەر بوون، دواییش دەیانگوت: رێککەوتووین و ئەوەتا لە کۆی پەنجا ئەندامی سەرکردایەتی واژۆی سی و هەشت ئەندامم لایە، ئیتر هەزار و یەک پاساو و بیانووی تاریان بۆ ئەو خیانەتە نەتەوەیی و نیشتیمانیە دێنایەوە، بەوەشەوە نەوەستان و لە حکومەتی هەرێم کشانەوە و بە مەبەستی کۆتایی هێنان بە حکومەتی هەرێم و دەستەکەوتەکانی کورد، بەرە و بەغدا کەوتنە راکەڕاک و داوای حکومەتی (ئینقاز)یان دەکرد.
ئەو چەند جیاوازیەی خرانەڕوو مێشتێکن لە خەرواری جیاوازییەکانی نێوان پارتی و لایەنەکانی تر، بۆیە دەبێ هەموو لایەکمان ئەو چەند جیاوازییانە بە هەند وەربگرین و چیتر بڕوا بەو چەواشەکاری و ئیرهابە فکریە نەکەین کە ئەو لایەنانە هەوڵدەدەن پێگەی سیاسی خۆیانی لەسەر بەهێز بکەن، چونکە ئەوەی بۆ کورد دەمێنێتەوە و کورد لە رووی دوژمنان و داگیرکارانی کوردستان بەهێز دەکات تەنها و تەنها کوردبوون و کوردایەتی کردنە و بەس.