مەترسییەکی پشتگوێ خراو

مەترسییەکی پشتگوێ خراو

دەیان ساڵە بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد بەسەر دوو بەرەدا دابەش بووە، بەرەیەکیان هەڵگری خواست و ئامانجە نەتەوەییەکان بووە و رزگاری کورد و سەربەخۆیی کوردستانی بە ئەرکی لە پێشینەی خۆی زانیوە، لەو پێناوەشدا ئەو بەرەیە زۆرترین قوربانی داوە، بەرەکەی تریش هەڵگری خواست و ئامانجی تاکە کەسی و گرووپگەرایی بووە، ئەوەش وای کردووە ئەو بەرەیە سڵ لە هیچ هەڵە و خراپەکارییەک نەکاتەوە بە خیانەتی نەتەوەیی و نیشتیمانیشەوە، ئەو دابەش بوونەی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد نووسینەوەی مێژووی بزووتنەوەکەشی بەسەر دوو ئاراستەی جیاواز و پێچەوانەی یەکتری دابەش کردووە.
ئاراستەی یەکەم:ــ کوردپەروەر و شۆڕشگێڕان خاوەنی راستەقینەی ئەو ئاراستەی مێژوون و رووداوەکان وەک خۆی دەگێڕنەوە، ئەو ئاراستەیە ئەگەرچی لە قوربانیدان و گیان بەخشین سڵی نەکردۆتەوە، بەڵام پێویستە بە راستکردنەوەی مێژووە چەواشکراوەکە رێگای گەیشتن بە سەربەخۆیی گوردستان بۆ نەوەکانی داهاتوو رۆشن بکاتەوە.
ئاراستەی دووەم:ــ ئاراستەیەکی چەواشەکارانەیە و هەوڵدەدات مێژووە درووستەکە بشێوێنێ و هەموو جوانیەکانی شۆڕش و شۆڕشگێڕی و بەرگری کردن لە کوردستان بە باڵای خۆی ببڕێ، ئەوە لە کاتێکدایە ئەو ئاراستەیە بە ویستی بەرژەوەندیەکانی خۆیدا رۆیشتووە و ئەو ویستەش وایکردووە زۆرترین جار بکەوێتە سەنگەری داگیرکارانی کوردستان و هاوشانی دوژمنان شەڕی شۆڕشگێڕە راستەقینەکانی بزووتنەوەکەی کردووە، بۆ مانەوە و گەیشتنیان بە ئامانجە کەسی و تایبەتیەکانیشیان بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدا بوون خواستی سەربەخۆیی و ئامانجە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان بەلاڕێدا بەرن.
بەهۆی چەواشەکاری بەردەوامی ئاراستەی دووەم و پشتگوێ خستنی راست کردنەوەی ئەو چەواشەکاریە لە لایەن ئاراستەی یەکەمەوە، ئاراستەی دووەم توانیەیەتی لەناو بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد وەک کوردپەروەر و شۆڕشگێڕ خۆی بناسێنێ و لەگەڵ قۆناغە جیاجیاکانیش خۆی بگونجێنێ، هەرکاتێکیش بەرژەوەندیە کەسی و حزبییەکانیان کەوتبنە ژێر هەڕشەی کوردپەروەر و شۆڕشگێڕان، بە بیانووی جۆراوجۆر لەگەڵ دوژمنان رێککەوتوون و هەموو بەها و دەستکەوتە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانیان هەرزانفرۆش کردوون.
هەموو گەلانی دنیا لە ئاوێنەی مێژووەوە بۆ داهاتوو دەڕوانن، ئەوەش وادەکات ئەو هەڵانە راست بکرێنەوە کە زۆر جار رەوتی سەرکەوتنی ئەو گەلانەی تووشی وەستان کردووە، بەڵام بە هۆی ئەو چەواشەکاریەی لە مێژوودا کراوە کورد نەبووەتە خاوەنی ئەو ئاوێنەیە کە داهاتووی خۆی تێدا ببینێ، ئەوەش وایکردووە ئەو بەرەیە زۆر جاران دوژمن و داگیرکاری وڵاتەکەی وەک فریادڕەس و رزگارکەر بە کورد بناسێنێ و بەشێک لە خەڵکی کوردستان تووشی کێشەی دوژمنناسی بکات، بەو هۆیەشەوە بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد دووچاری دابەشکاری کراوە و بەشێکی لە بێئاگاییەوە خراوەتە خزمەتی دوژمنان و شەڕی خوست و ئامانجە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانیان پێکراوە.
کورد بۆ ناسینی دۆست و دوژمن و جیا کردنەوەی بەرەی کوردبوون و کوردایەتی و بەرەی گرووپگەرایی و بەرژەوەندخوازی لە یەکتری، پێویستی بەو ئاوێنە پاکەی مێژووە کە گرووپە راڕاو بەرژەوەندخوازەکان چەند پەڵەیەکی ساختەی شۆڕشگێڕی خۆیان خستۆتە سەری، لێرەوە ئەرکی مێژوونووس و رۆشنبیران و کەسانی بەئاگای ناو رووداوەکان و بەشداربووانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد، ناساندنی ئەو کەس و دەستە و گرووپانەیە کە مکیاجی کوردپەروەری و شۆڕشگێڕییان کوردووە و جیا کردنەوەیانە لە کوردپەروەر و شۆڕشگێڕە راستەقینەکان، هەر کاتێک ئەوە کرا مێژووە ساختەکەش لە مێژووە چەواشەکراوەکە جیا دەکرێتەوە، ئەوکات بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد دەبێتە خاوەنی یەکگوتاری و یەکهەڵوێستی نەتەوەیی و لە ئاوێنەی مێژووەوە بۆ داهاتوو دەڕوانێ, خۆ ئەگەر ئەوە نەکرێ و کورد وەکو هەموو گەلانی دنیا نەبێتەوە خاوەنی یەک ئاوێنەی مێژوو و لەو ئاوێنەوە بۆ بنیادنانی داهاتوو نەڕوانێ وەک ئێستا دۆست و دوژمن، کوردپەروەر و شۆڕشگێڕ و هەلپەست و راڕاکانی لێ تێکەڵاو دەبن، ئەوەش دەرگای بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد بە رووی گەمە موخابەراتیەکانی دوژمنان و داگیرکارانی کوردستاندا دەکاتەوە و وەک رابردوو بزووتنەوەکە تووشی دابەشکاری دەکات.
Top