بە دەستوریکردنی مەرجەعیەت یان بە مەرجەعیکردنی دەستور.
December 29, 2019
وتار و بیروڕا
لە عێراقی دوای سالی ٢٠٠٥ کاتێک دەستور نوسرایەوە سیستەمی سیاسی ولات لەسەر بنەمای فیدرالی و دیموکراتی و پەرلەمانی چەسپێندرا دەستور وەک گرێبەستێکی کۆمەلایەتی بۆ یەکخستنی شەقامی عێراقی بە سەرجەم پێکھاتەکانیەوە ناسێنرا بەلام ئەم دەستورە تەنھا چەند سالێکی کەم بە شێوەیەکی رێژەیەکی کاری خۆی کرد, مەرجەعیەتیش بێلایەنی خۆی لە پرسە سیاسیەکان تا رادەیەک پاراست بەلام دواتر ململانێیە سیاسیەکان بەو ئاراستەیە ھەنگاویان نا کە پشت لە دەستور کرا لەلایەن سەرانی شیعەوە لە پروسەی حوکمرانی دا و ولات دەرفەتی بە رووی کۆمەلێک قەیرانی سیاسی و ئەمنی و دا کردەوە تا گەیشتە ئەو ئاستەی دەرفەتی بەرووی مەرجەعیەتیش دا کردەوە کە بە مەبەستی رۆل بینین لە ھاوسەنگی نێو پرۆسەی سیاسی دا بێتە نێو ململانێکانێە سیاسیەکاندا.
لە ئێستای پروسەی سیاسی عێراق دا خەریکە بە ھەمان سیستەمی ویلایەتی فەقیھی ئێران بەلام بە شێوازێکی نەرمتر وتارەکانی رۆژی ھەینی مەرجەعیەت دەبنە بەشێک لە سیاسەتی بەرێوەبردنی ولات تەنانەت لە وتاری ھەفتەی رابردووی مەرجەعیەت نوێنەری عەلی عەلی سیستانی شێخ مەھدی کەربەلائی بە تەواوی ئەوەی سەلماند کە مەرجەعیەت بەتەواوی ھاتوتە نێو پروسەی سیاسی دا و خەریکە بووچونەکانی لە داواکارییەوە دەبن بە فەرمان و ناچاری بەسەر حکومەتی عێراق, لە وتارەکەیدا کەربەلایی بە ناوی عەلی سیستانی داوای پەلەکردن لە دەرکردنی یاسایەکی نوێ سەبارەت بە ھەلبژاردنەکان کرد بە شێوەیەک کە لەگەل داواکاری خوپیشاندەران بگونجێت ھەر لە دوای ئەم گوتارە ھەفتەی رابردوو پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی بۆ یاسای تازەی ھەلبژاردن کرد, ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە پەرلەمانیش وەک دامەزراوەیەکی یاسایی کە نوێنەرایەتی تەواوی گەلانی عێراق دەکات کەم تا زور لە ژێر کاریگەری ئەو بانگەوازە دایە کە ھەفتانە لە نەجەفەوە رادەگەیەنرێت, بە مانایەکی تر مەرجەعیەت رۆلی دامەزراوەکانی تر وەک رۆلێکی تەشریفاتی لە قەلەم دەدات و دەبێت تەنھا جێبەجێکاری فەرمانەکانی بن, لەم چوارچێوەیەدا ئەگەر ئاوردانەوەیەک لە چەند سالی رابردووی پروسەی سیاسیش بدەین دەبینین کە حکومەتی عێراقیش بە تایبەتی لە کابینەی حەیدەر عەبادیەوە تا ئێستا چاوەروانی وتارەکانی رۆژی ھەینی مەرجەعیەت دەکەن بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای فەرمانەکانی مەرجەعیەت کار بکەن, ئەم ھەنگاوەش مەترسیە لەسەر ئایندەی پرۆسەی سیاسی لە عێراق دا. ئەم رۆل بینیەی مەرجەعیەت لە پروسەی ئێستای سیاسی لە عێراق دا لەلایەن زۆربەی بەرپرسانی بالای ولاتیش شەرعیەتی پێدراوە و پیرۆزکراوە, بە نمونە کاتێک حەیدەر عەبادی وتاری راگەیاندنی ئازادکردنی موسلی پێشکەش کرد لە سالی ٢٠١٧ سلاو و سوپاس و ستایشی مەرجەعی بالا عەلی سیستانی کرد بۆ ئەو رۆلەی کە لە سالی ٢٠١٤ فەتوای دەرکرد بۆ بەشداری شیعەکان لە شەری دژی داعش, ھەروەھا عادل عبدالمھدیش لە سەروبەندی خوپیشاندانەکانی ئەم دوایەی عێراق زۆر کاریگەر بوو بە ھەلوێستەکانی مەرجەعیەت لە ھەموو وتارەکانی دا عادل عبدالمھدی پابەندبوونی بە فەرمان و وتارەکانی مەرجەعیەتی تێدا بەدیدەکرا, تا دواجار ھەر بە فەرمانی مەرجەعیەت دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە.
لەم بارودۆخەدا ئەو پرسیارە دێتە پێش ئایا رۆلی دەستور لە کوێی پرۆسەی سیاسی دایە؟ لە وەلامی ئەم پرسیارەدا دەتوانین بلێین فەرمانی مەرجەعیەت بۆ دەست لە کارکێشانەوەی عادل عبدالمھدی جارێکی تر ئەو دلنیاییەی دا کە عێراق بەرەو دەولەتێکی ئایدولوجی مەزھەبی ھەنگاو دەنێت بەشێوەیەک مامەلە دەکات کە دەستور جەخت لەسەر لەسەر دەولەتێکی فیدرالی دیموکراتی پەرلەمانی دەکات و ئەو دامەزراوانەی کە لە نێو دەستور دا ئاماژەیان پێکراوە دەبێت کاروباری ولات بەرێوە ببەن و لەسەر ئەو بنەمایە مامەلە بکرێت, بەلام لە واقیعدا دامەزراوەیەکی نافەرمی وەک مەرجەعیەت کە لە ھیچ ماددەیەکی دەستوری دا ئاماژە بەم دامەزراوەیە نەکراوە رۆل دەبینێت لە ھەلسوراندنی کاروباری عێراق بەم جۆرە سیاسەتەش دەوترێت دەولەتی قوول کە لە سەرەتای دامەزراندنی دەولەتی تورکیا لە سالی ١٩٢٣ ئەم چەمکە ھاتە ناو سیاسەتەوە و لە تورکیا پەیرەو دەکرا و کاریگەرییەکی خرابی لەسەر ولات جێھێشت بە ھەمان شێوە کاریگەری خرابی لەسەر ئایندەی پروسەی سیاسی عێراقیش دەبێت, کەواتە دەستور تەنھا لەوکاتەدا وەک مەرجەعیەتی چارەسەرکردنی کێشەکان لەبەر چاو دەگیرێت کە لە بەرژەوەندی ئەو دەستەبژێرە سیاسیە و مەزھەبیە دابێت کە ئێستا ئێستا بە شێوەیەکی رەھا کاروباری ولات بەرێوەدەبەن.
لە دەرئەنجامی ئەم سیستەمەی کە ئێستا لە لە ناو واقیعی پروسەی سیاسی عێراق دا پەیرەو دەکرێت ھیچ ئۆمێدێک بە ئایندەی ولات بە ئاراستەی گەشبینی نابینرێت, بە تایبەت ئەو پیاوە ئاینیانەی کە ئێستا لە نەجەف لە جیاتی سیستانی پەیامەکان دەگەیەنن لەوانەیە لە داھاتووی دوای سیستانی عێراق زیاتر پەلکێشی نێو ئایدولوجیایە مەزھەبیە سیاسیە بکەن, چونکە لە سەردەمی پاشایی و کوماری و بەعسیەکان ھەموو ھەولەکان بە ئاراستەی دروست کردنی شوناسێک بوو لەسەر بنەمای عێراقیبوون و لە ژێر پەردەی سەپاندنی ئایدولوجیای سوونە مەزھەب, بەلام لە عێراقی دوای سالی ٢٠٠٣ پیاوانی ئاینی لە نەجەف و دەسەلادارانی شیعە لە حکومەت دا لە ھەولی دروست کردنی دەولەتێکن لەسەر بنەمای ئایدولوجیای شیعی, ئەم ھەنگاوەش ئەگەر چی وەک پروسە ماوەیەکە لە سەر بنەمای ھێزی نەرم کاری لەسەر دەکرێت بەلام ئەم گوتارە نەرمەی مەرجەعیەت و دەسەلاتی سیاسی شیعە لە لایەن شەقامی عێراقیش بە تایبەت خوپیشاندانەکانی ئێستای عێراق زۆر جێگای رەزامەندی نیە و بووچونێکی زال لە نێو خوپیشاندەرانی شیعەش ھەیە کە ھەول بو دروست کردنی دەولەتێک بدرێت لەسەر بنەمای شوناسێکی یەکگرتوو نەک دەولەتیک لەسەر بنەمای مەزھەبی و تاییفی, ھیچ کام لەم دوو پرۆژانە لە بەرژەوەندی پێکھاتەکانی تر دا نیە بەتایبەت کورد, ئەگەر ئەم دوو پرۆژانەی شەقام یاخود دەسەلاتی سیاسی و ئاینی سەرکەوتنی بەدەست ھێنا ئەوا ئەگەرێکی زۆرە لە داھاتوودا کاردانەوەی توندی پێکھاتەکانی تری عێراقی بەدوای خۆیدا بھێنێت عێراق زیاتر پەلکێشی نێو ئایندەیەکی نادیار بکات.